شەڕەکە مسۆگەرە

‌ ئاسۆ حاجی


ئێران وڵاتێکی ئایدۆلۆژیە و خاوەنی شەڕعیەتی شۆڕشە لە ناوخۆی ئێران و خاوەنی مافی رابەرایەتیە لە ناو جیهانی شیعە باوەڕدا،یەکێک لە ستونەکانی شۆڕشی ئیسلامی هەناردەکردنی شۆڕشە و بوژاندنەوەی گیانی شیعەگەراییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەیەکەوە گرێدانی ئەو وڵاتانەیە کە شیعەیان تێدا هەنە،وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە یەمەنەوە هەتا لوبنان،ئێران چاوی لە زیاتریشە لەوەی کە کار بۆ درؽژبوونەوەی دەسەڵاتی بۆ سعودیە و رزگارکردنی مەککەی پیرۆز و گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنە شەرعیەکانی خۆی کە نەوەکانی پێغەمبەری ئیسلامن(ال البیت).

ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەیی کە تێیدا براوە بوون،دۆنالد تڕەمپ ئەو بەڵێنەی بە دەنگدەرانی و بە جیهان دا کە کار بۆ بڕینی باڵ و کلکی ئێران دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەراست،هەروەها لە رؽکەوتنی ئەتۆمی دەکشێتەوە و ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی لە پێش هەموو شتێکی دیکەوە دادەنێ.

ئەو دوو بۆچوونە دوای کوشتنی جەنەرال قاسم سلێمانی هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و زیاتر لە پێش ئەو رووداوە هەردوولا کاری بۆ دەکەن،چوونکە ئێران بە دەستبەردار بوونی لەو ستراتیژیەتە و ناوچەیە تەنها لە رووی نفوز پاشەکشێ ناکات بەڵکو لە رووی ئابووری زیانێکی گەورەی وێ دەکەوێ بە تایبەتیش لە عێڕاق کە گەورەترین بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵای ئێرانیە و لە رێگای دەیان گرێبەست دراوە قوڕسەکانی وەک دۆلار و یۆرۆی پێدەگات.

لە بەرامبەردا ئەمەریکا دەیەوێ لە رێگای سزای ئابووری پاشەکشێ بە ئێران بکات تا ئەو رادەیەی بە رازیبوون بە مەرجەکانی ئەمریکا لە وازهێنان لە هەوڵدان بۆ چەکی ئەتۆمی و کشانەوە لەو وڵاتانەی ئێستا ئێران تێیاندا باڵا دەستە بۆ ناو سنوورەکانی خۆی کە ئەوەیان سەرتای کۆتایی هاتنی کۆماری ئیسلامی ئێران و شۆششەکەیەتی و دەرئەنجامیش پوکانەوەیە ستراتیژیەتی رابوونی شیعیە لە ناوچەکەدا .

ئێران کە پازدە ساڵ زیاترە بەردەوام چەند هەنگاوؽک لە پێش ئەمریکایە ئەوە کوشتنی جەنەڕال سولەیمانی ئەگەر هەنگاوەکانیشی سست بکات بەڵام نایوەستێنؽ ئەوەش لە گوتارەکەی حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران بە روونی و بە ئاشکرا باسی لێوە کرا کە ئێران لە جیاتی شەری راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەوە بە جۆرێکی دیکە روبەڕوی دەبێتەوە و هەوڵدەدات لە ناوچەکە وەدەری بنێ.

ئێران زیاتر لە نیو ملیۆن چەکداری لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەیە کە لە رێگای عەقیدەوە پێیەوە گرێدراون و ئامانجێکی باڵا کۆیان دەکاتەوە کە سەرخستنی باوەڕی مەزهەبی شیعە و ئامادەکاریە بۆ گەڕانەوەی ئیمامی مەهدی و سەرکردایەتی کردنی سوپای موسلمانان و دەرباز کردنی مرۆڤایەتی لە مەزلومیەت و کوفر و بەرقەرارکردنی عەدالەتی ئاسمانی.

ئەو هێزانەی سەر بە ئێران و بەشێکن لە سوپای ئیمام(وەلیولفەقیه)لە دەریای سوور و عەرەبەوە درێژ بوونەتەوە تا بە دەریای سپی ناوەڕاست دەگەن،لە یەمەن و بەحرێن و عێڕاق و سوریا و لوبنان،بە ملیۆنان شیعەی دیکەش لە سعودیە و کوەیت و وڵاتانی دیکە چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەکەن کە بگەنەوە ئەو کاروانە و بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی ئیمام حوسەین تێبکۆشن.

ئەمەریکا کە حیزب اللەی لوبنانی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و بە حکومەتی سوریاشەوە تەسلیم ئیسرائیل کردووە و لە رێگای گورزی سەربازی تا رادەیەکی باش پاشەکشەی پێکردوون.لە عێڕاقیش بەخۆی ملی لەبەر ملی حەشدی شەعبی ناوە و دەیەوێ ئەگەر هەڵیشنەوەشێتەوە ئەوە بیکاتە تەیرێکی مەعقول و چیتر هەڕەشە نەبێت لەسەر هەبوون و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و درێژکراوەی، سوپای پاسداران نەبێت.

ئەمەریکا ئەوەی بەرامبەر بە سونەی عێڕاقی بۆی چووە سەرێ لە لێکهەڵوەشاندنەوەیان و رادەست کردنیان بە شیعە تا تۆڵەی خۆیانیان لێ بکەنەوە،لەوە ناچێ لەگەڵ شیعە بۆ بچێتە سەر چونکە شیعە بە نەهێشتنی پڕەنسیپی سازان و بەشداری و هاوبەشی نؽوان سێ پێکهاتە سەرەکیەکە(کورد و شیعە و سونە)چوون بۆ دەسەڵاتی زۆرینەی سیاسی و  بەستنەوەی بڕیاری سیاسی و ستراتیژیەتی دەوڵەت و چارەنووسی وڵات بە ناوەندی بڕیاری پیرۆز کە خۆی لە کەسی(مەرجەعی باڵای شیعە)لەشاری نەجەف دەبینێتەوە کە ئەویش لە رؽگای عەقیدە و پەروەردەی ئاینی بە وەلیولفەقیه گرێدراوە،واتا شیعە دەسەڵات و بڕیاری سیاسی و بڕیاری ئاینی کۆنتڕۆل کردووە و بە گوێرەی خواستی خۆی بەکاریان دەهێنێ.

قۆناغی داهاتوو هێوربوونەوە و کاڵبوونەوەی کؽشەکان نیە لە نؽوان ئەمریکا و ئێران بەڵکو گۆڕانی شێوە و شێوازی روبەڕوبوونەوەیە،ئەمەریکا دەزانێ کە ئەگەر پاشەکشێ بە ئێران نەکات بۆ ناو سنوورەکانی خۆی ئەوە ناتوانێ بەسەریدا زاڵ بێ و بەو ئامانجانە بگات کە قوربانی مادی و مرۆیی زۆری لە پێناو داوە تا بتوانێ جێی پێی لەو ناوچە گرنگ و ستراتیژیە قایمتر بکات،ئێرانیش ناتوانێ دەستبەرداری ستراتیژیەتی خۆی بێت لە رەوانە کردنی بیری و ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامی و گەیشتن و کۆنتڕۆلکردنی ئاوە گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،بۆیە شەڕەکە کە دەمێکە دەستی پێکردووە بەردەوام بوونی مسۆگەرە.


PM:08:25:10/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 4148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی