سەر سورمان لە سەرسوڕمانەكەی عەبادی!

‌شوان داودی

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق كۆمەڵێ پرسی گەورموگوڕی بەخۆوە بینی، لەوانە ئەنجومەن بەدەنگی زۆرینەی رەها دەنگی لەسەر بڕوانەبوون بە وەڵامەكانی وەزیری بەرگری دا كە دواتر (63) پەرلەمانتار لە یاداشتێكدا داوای وەرگرتنەوەی متمانەیان لە وەزیری ناوبراو كردو بڕیار وایە رۆژانی داهاتوو وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری بەرگری بخرێتە دەنگدانەوە، دواتر سەرۆك وەزیران بۆ پڕ كردنەوەی كابینەكەی (6) ناوی هێنایە پەرلەمان بۆ پڕكردنەوەی شەش(6) وەزارەت لە كۆی (8) وەزارەتی بێ وەزیر كە (5) وەزیریان متمانەیان پێدراو یەكێكیان رەتكرایەوە.

پرسێكی تری گرنگ یاسای لێبوردنی گشتییە كە گەیشتۆتە ئاستی دەنگ لەسەردان و هەندێ بیرورای جیاواز لەسەری بوو بە هۆكاری دواخستنی بۆ هەفتەی ئاییندە، چەندین جاریش پرۆژەیاسای لێپرسینەوەو دادوەری خرایە خشتەی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن، بەڵام لەبەر چڕوپڕی بڕگەكانی خشتەكان دواخرا، پرسی رووداوەكەی نەخۆشخانەی یەرمووكیش پرسێكی گەرمبوو كە لایەنە بەرپرسەكان هێنرانە پەرلەمان و لە نێوان وەزارەتی تەندروسیتی و پارێزگای بەغدادا مشتومڕی زۆری لێكەوتەوە.

ئەگەر بەخێرایی بەسەر ئەم پرسە گەرموگوڕانەدا گوزەرێك بكەین بۆ بەرچاوروونی زیاتری خوێنەرو دواتر گرێدانەوەیان بە رووداوەكان و سەرسوڕمانەكەی عەبادی لە خێرا كۆتایی هاتنی دۆسییەكەی جبووری لە دادگا،

یەكەم: دەنگدان بە بڕوانەبوونی پەرلەمان بە وەڵامەكانی عوبێدی، گورزێكی پەرلەمان بوو بەر هەناوی عەبادی كەوت، چونكە بە وەرگرتنەوەی متمانە لێی كارتێكی بەهێزی سەرۆك وەزیران لە یارییەكە دەسوتێ.

دووەم: رەتكردنەوەی وەزیری بازرگانی لە لایەن پەرلەمانەوە كورتەنامەیەكی پەرلەمان بوو بۆ عەبادی كە رێگەی پێ نادرێت بە خواستی خۆی هەرچی بوێت بۆی بڕواتە سەر، چیتر پەرلەمان جێگەی پڕكردنەوەی خواستەكانی ئەو نییە.

سەبارەت بە یاساكەی لێبوردنی گشتی كە جیاوازییەكان زیاتر لە نێوان دەوڵەتی یاساو رەوتی سەدردایە، لەسەرهەندێبڕگە كە سەدرییەكان لێی سوودمەند دەبن، چونكە لەسەردەمی ئەمریكیەكاندا زۆرێك لە لایەنگران و دۆستانی ئەوان حوكمدراون.

سەبارەت بەو یاسایە جیاوازی لە نێوان سوننەو شیعەدا نەماوەو گەیشتوونەتە رێككەوتن، رێككەوتنێك هەردوولا قازانجی لێ دەكەن، لای سوننەكان خەڵكانێكی زۆر بەتیرۆر تۆمەتبارن یان یان تێوەگلاون بە پەیوەندی بە تیرۆرستانەوە سوودمەند دەبن، لای شیعەكانیش گەندەڵكاران.. ئەوانەی بە تۆمەتی گەندەڵی و دەستدرێژیكردنە سەر ماڵوموڵكی گشتی زیندانی و حوكمدراون سوودمەند دەبن.

شكاندنی رێژەی یاسایی بۆ پەكخستنی تێپەڕاندنی یاساكە لەلایەن دەوڵەتی قانوونەوە ئیحراجییەكی تری بۆ عەبادی لای سەدرییەكان دروستكرد.

بۆیە عەبادی لە پڕێكدا دەردەكەوێ و سەرسوڕمانی خۆی لە خێرا كۆتایی هاتنی دۆسییەكەی جبووری لەلایەن دادگاوە دەردەبڕێ، بەمەش سەرۆك وەزیران پێشێلی دەستوور دەكات و دەست لە بڕیاری دادگا وەردەدات و گومان دەخاتە سەربڕیارەكانی دادگا كە پێموایە چۆن سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان زیرەكانەو بە خێرایی چووە بەردەم دادگا، دادگاش زۆر زیرەكانە مامەڵەی كردو بڕیاری خۆیدا و دەرفەتی بۆ دەستێوەردانی سیاسی لەو دۆسێیە نەهێشتەوە بۆیە عەبادی و هاوئامانجەكانی بەوبڕیارە تووشی هیستیریا بوون.

لە وتاری هەفتەی رابردوومدا كە لەژێر ناوی (ساتێك وەستان بەبێدەنگی بۆ گیانی نیشتمان) لەسەر ئەو مەترسیانەم نووسی كە گومان دەخرێتە سەر دەزگای دادوەری عێراقی و بڕیارەكانی دادگا كە لەلایەن چەند دامودەزگایەكی راگەیاندن و لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە دنە دەدرێت، بۆ رێگەگرتن لەو پرسەش داوام لە لایەنە بەرپرسەكان كردبوو كە ئەو بێحورمەتی كردنەو گومان خستنە سەر دەزگای دادوەری وبڕیارەكانی دادگا قبووڵنەكەن.

ئەو داوایەشم بۆ بەپیرۆزكردنی ئەو دەزگایە نەبوو، هێندەی خەمخۆریم بۆ دۆخی شڵەژاوی ئەم وڵاتە، چونكە وەك لە وتاری رابردووشمدا ئاماژەم پێداوە.. پێموایە بێحورمەتی كردن و گومان خستنە سەر دادگا وڵات بەرەو پشێوی و داڕووخان دەبات.

من خۆم چاوەڕێی ئەوەبووم كە دەزگای دادوەری مەردانە بێتە سەرخەت و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و نەكەوێتە ژێركاریگەری وڕێنەكانی عەبادی كە لە كاردانەوەی هەڵوێستەكانی هەفتەی رابردووی پەرلەمان خودی خۆی دەبێتە بەشێك لەو هەڵمەتەی دژی دەزگای دادوەری بەرپاكراوە، بە پێچەوانەشەوە پێموایە عەبادی كۆتایی بە سەربەخۆیی دەزگای دادوەری دەهێنێت، هەر لەو روانگەیەوە منیش سەرم سوڕماوە لە وەڵامنەدانەوەكەی دادگا بۆ سەرسورمانەكەی عەبادی.


AM:09:27:20/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 3286 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی