بۆچی د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر دەکرێتە ئامانج؟!

‌مەریوان نەقشبەندی

تەنھا لەبەر ئەوەی داوای لەخەڵکی خێرخواز و دەوڵەمەند دەکات لەم بارودۆخەدا ھاوکاری حکومەت بن، چەند ڕۆژێکە ھێرشێکی ناڕەوا و شاڵاوێکی ڕەخنەی پۆپۆلیستیانە ڕووی لە د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر کردوە.

تەبعەن زۆربەی ئەو کەسانەی رەخنەی لێدەگرن ھاوڕێکانی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی خۆین، لەوەش سەیرتر بەشێک لەپەرلەمانتار و بەرپرس و لایەنگری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندام و لایەنگری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی لێدەگرن و پاساوی ئەوە دێننەوە و ئەوەی وەبیردێننەوە کە د. ھەڤاڵ لەکاتی ئۆپۆزسیۆنبونی حزبەکەیدا دژی حکومەت بوە.

بەڵام لەراستیدا ئەم رەخنانە لەم بارودۆخەدا لەجێی خۆیدا نیە و ئەو سەردەمانەمان وەبیردێنێتەوە کە ھەندێ بەرپرس و حزب دەستێکی لەناو حکومەت و دەسەڵات و بازرگانی نەوتی قاچاخ بوو دەستێکیشی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بوو، ئێستا پارتی و یەکێتی و گۆڕان سێ پایە سەرەکیەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانن و بەو مەرجەش بەشداریان لە حکومەت کردوە کەپێکەوە بەرپرسیاریەتی ئیدارەدانی حکومەت و رووبەرووی بەربەستەکان ببنەوە و چاکسازی بکەن.  

پێموایە تا ئێستا باشیان ھێناوە، ئەگەرچی لەھەندێ بواردا ھێشتا لەئاست چاوەڕوانی و تموحی ھەمواندا نەبێت، بەڵام پێدەچێ ئەو ڕەخنەگرانە و نەیارە حزبی و ئایدیۆلۆژیەکانی د. ھەڤاڵ ئەوەیان لەبیرچوبێت کەئێستا ئەم پیاوە پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگاکە و ئەندامی ئەو لیژنە حکومیە باڵایەی ھەرێمە کەبەسەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت بۆ خۆپارێزی و روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێکھاتوە.

دەبێ ھەموان بزانن کەلە ھەموو دنیا سیاسەت وەھایە کاتێک ئۆپۆزسیۆنی دەبێ ڕەخنە لە حکومەت بگریت و کاتێکیش چویتە دەسەڵات دەبێ کاربۆ سەرخستنی بکەیت و بەرنامە و سیاسەتی حکومەت بکەیت، رەنگە من لەزۆر بابەتی ئایدیۆلۆژی و ئیداری لەگەڵ د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر ناکۆک بم بەڵام لەوە دڵنیام کە د. ھەڤاڵ بازرگان نیە و نەوت بەقاچاخ ئاودیو ناکات و چەکدار و میلیشیای لەیاسا دەرچوی نیە رێگری لەکۆمپانیا و تەنکەرەکانی گواستنەوەی غاز بکات و سەرانە لەخەڵک بسەنن و خەڵکیش بۆ دوو ئیدارەیی و ناوچەگەرێتی ھان نادا.

کۆمپانیاشی نیە قەرزی لەخەڵک و حکومەت وەرگرتبێت و نەیەوێ بیداتەوە،کاتێک ئۆپۆزسیۆن بوە رەخنەگر و ئێستاش لەحکومەتە بەرگری لەکارنامە و سیاسەتی حکومەت دەکات، ھیوادارم لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی جیھان کەڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی زەوی لەماڵەکانیان بەند کردوە و ئابوری جیھانی بەیەکجاری شپرزە کردوە و ھەرێمی کوردستانیش لەزۆربەی ناوچەکانی جیھان لەم وەبایە باشتر و پارێزراوترە، ھەموان پێکەوە لەئیدارەدانی ئەم بارودۆخە و دەربازکردنی خەڵکی کوردستان بەکەمترین زیان بەشداربین و ململانێی حزبی و پێشبڕکێ بۆ بەدەستھێنانی دەنگی ھاوڵاتیان بخەینە کاتی نزیکبونەوەی ھەڵبژاردنەکان.



AM:09:42:20/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی