وەرزی کتێب باران

‌هاوكار حسێن


رۆژ نیە هەر لەم فەیسبوکەوە چەندین ریکلام نەبینم لەبارەی چاپکردنی دواین "کتێبم". 

جا لەهەر شوێنێک کتێب بەو چەشنە و بەو کواڵێتیە نزمە پەڵەیدا، لەوێ وشکەساڵی مەعریفەیە. لەهەر شوێنێک زۆرینە دەستی دایە شیعر نوسین و کتێب نوسین، لەوێ زۆرترین بەتاڵە هەیە. بۆخۆم هەبونی کتێبم لە نان پێ گرنگترە، بەڵام کتێب نوسین ئیشی کێیە؟ ئاخر خەڵک دەزانم، خۆڵڕێژێک قسەی بازاڕی لەناو چەند لاپەڕەیەکدا هەڕشتوە و ناوی لێناوە کتێب. خاوەنی کتێب پێدەزانم، پێی بڵێن: تەبەقێک هێلکە بەکاڵی هەڵدەقوڕێنی یان کتێبەکەی خۆت دەخوێنیتەوە؟ دوورنیە بە بژاردەی یەکەم رازیبێت. یان کابرا شەش مانگ بۆ کرێکاری چووە بۆ ئێران، دوای گەڕانەوەی دەستیکردوە بە تەرجەمەکردنی فەلسەفەی هیگڵ و کارڵ مارکس.

دوو هۆکاری سەرەکی شک دەبەم بۆ ئەمە: یەکەم، وەزارەتێک هەیە بەناوی رۆشنبیری، ئەوەی بەئیشی خۆی نازانێت ئەرکە رۆشنبیریەکەیەتی، لەژێر ناوی ئازادی رادەربڕیندا، رێگەیداوە بازاڕ پڕبکرێت لە وڕێنە. ئاخر ئازادی و بێسەروبەری هێڵێکی زۆر کاڵ جیایان دەکاتەوە، ئەگەر دەزگایەک نەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی کواڵێتی، ئەوا بەرۆژی روناک بێسەروبەریی دەتوانێت لاقەی ئازادیەکەت بۆ بکات، وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت. دووەم، جا هەر ئەوەندەی بێسەروبەریی ئیشی خۆیکرد، ئینجا سەرەی کاکی نوسەرە. ئەمیش دەستدەکات بەلاقەکردنی زمان، زانیاری، شعیر، وەرگێڕان، رۆمان، چیرۆک، ئیتیک، بەرپرسیارێتی.....هتد. چونکە لەبنەڕەتدا ئامانجەکەی نوسینی کتێب نیە، بەڵکو هەبونی کتێبە. واتا ئەویش دەیەوێت لەسەر بنەمای "ماڵی زیادە سەر ناشکێنێت"، وەک فڵان کتێبی هەبێت، جا چۆنە و چی تێدایە کێشەی خوێنەرە نەک هی نوسەر. لەکاتێکدا کتێب نوسینیش وەک پیشەی ئەندازیاری، پزیشکی، دارتاشی، وێنەکێشان و میوزیک، رەنجکێشان و خۆتەرخانکردن و بنکۆڵکردنی وردی گەرەکە، وەک چۆن چەند نوسەرێکیشمان هەن کە بەم رۆحیەتەوە خەریکن.


AM:11:31:13/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 3412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی