قۆڕەی برسێتی یان جوجەکەباب

‌هاوكار حسێن


ناوەڕاستی نەوەدەکان بوو، منداڵ بووم، نیوەڕۆیەک بەبرسێتیەکی زۆرەوە لەقوتابخانە گەڕامەوە. دایکم (رۆحی شادبێت)، چاوەڕێی منی دەکرد لەسەر سفرەکە. پەتاتەی کوڵاوم بینی، بەدەست خۆم نیە حەزم لێی نیە. ئەگەر دوو سەلکم بۆ بکەنە قەبرەکەمەوە، لەتاوا دێمە دەرەوە. وتم وەڵا ناخۆم. دایکم دوو سێ جار، ئاگاداری کردم کە لاملی نەکەم، من زیاتر پاشەکشەم کرد. نەیکردە نامەردی، بەشەکەی منی خستە بەردەم خۆی. وامزانی ئەمترسێنێت، کەچی بەراستی دانەیەکی خوارد. تۆزێک ترسم لێنیشت، چوم سەلاجەکەم پشکنی، شتێکی وام نەدۆزیەوە لە پەتاتەکە خۆشتربێت، ناچار ملم لەخواردنی پەتاتە نا، بەڵام لەو رۆژەوە بەدوا جارێکی تر لەسەر سفرە خواردنم رەتنەکردەوە. 

 جا ئێستا وای دانێ ئێمەی ناڕازی لەگەڵ لایەنی دەسەڵاتدار، لەسەر سفرەی خوانێک کۆبوینەتەوە. هەر لایەک بەشەخواردنی خۆی بۆ دانراوە، بەڵام بەهۆی چاوچنۆکی و فرتوفێڵی دەسەڵاتەوە، ئێمە لەبەشەکەی خۆمان رازی نین. ئێ دەسەڵات لەخوای دەوێت تۆ قولانجێک بچیتە دواوەو ئەویش فرسەت بێنێت پارو لەسەر بەشەکەی تۆ دایسبکات. جا کە تۆ بەشەکەی خۆت لەسەر سفرەکە جێدەهێڵیت، دوو رێگات لەبەردەمە، یان شتێکی باشتری وەک جوجەکەباب لەسەلاجەکەدا شک دەبەیت، یان لەسوچێکدا هەر دەبێت قۆڕەی سکت بێت لەبرسان. جا ئەو دڵسۆزانەی ئێستا داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، جگە لە قۆڕەکە هیچی تر شک نابەن. 

بۆیە مێژوش سەلماندویەتی، بایکۆت هەڵگرتنی بەردێکی گەورە بووە، لەکاتی هاویشتنیدا هەمیشە پێیەک یان لانیکەم پەنجە گەورەی پێی لایەنی ناڕازی پلیشاندوە، دەسەڵاتیش گڕگڕ خەنی بووە. 

 لەکۆی 171 کەیسی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەدنیادا، تەنها چواریان ئامانجی خۆی پێکاوە، باقیەکەی بە شکست و پەشیمانی گەورە بۆ خاوەن بایکۆت شکاوەتەوە.  

نزیکترین نمونە لەئێمەوە، بایکۆتی سوننەکانی عێراق بوو لەساڵی 2005، کە لەکۆی 275 کورسی تەنها 5 وەرگرت و ئەمەش رێگەی ب کورد و شیعە خۆشکرد بەکامی دڵ دەستور لەقازانجی خۆیان داڕێژن، ئەوانیش هەر قۆڕەی سکیان بێت. ساڵی 1992ش مەسیحیە مارۆنەکانی لوبنان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، ئەمە وایکرد حزبێکی نوێ بەناوی حزوڵاوە بەبێ رێگری سەرهەڵبدات و لەسەدا 87ی کاندیدەکانی سەرکەون، لەو رۆژەوە حزبوڵا قرقێنە بە بەشە خوراوەکەی مەسیحیەکانەوە لێدەدات. بۆیە تا ئەوکاتەی شتێکی باشتر لەدەرەوە یان لەناو سەلاجەکەدا شک نەبەین، بیرۆکەیەکی عاقڵانە نیە، بایکۆتی سفرەی هەڵبژاردن بکەین.


PM:10:01:27/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 3674 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی