بەشاربوونی نابەرپرسیار و ماتەمینیی

‌مەریوان وریا قانیع


 ڕووخانی سێ خانوی خێزانێک لە سلێمانی بەسەریەکدا و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو خێزانە، بە ھۆی لێچوونی گازی ئێڵ پی جی لە سیستمی شۆڤاژەوە، دەبێت بەرەو ئەو ڕاستییەمان ببات کە ئێمە لەبەردەم دیاردەیەکی تەواو تازەداین و تێگەیشتن لەو دیاردەیەش پێویستی بە ڕوانین و شیکردنەوەی تازە ھەیە. ئەو خاڵەی پێویستە لێیەوە دەستپێبکەین پێداگرتنە لەسەر ئەو ڕاستییە سادەیە کە ئەم تەقینەوەیە و ئەم داڕمانەی باڵەخانەیەک و ئەم مردنە دەستەجەمعییە، ھەموویان دیاردەی شارین و لەناو شاردا ڕووئەدەن. خودی مردنەکەش خۆی، مردنێکی شارییە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو مۆدێلە لە ”بەشاربوون"ەوە ھەیە کە لە دوو دەیەی دواییدا لە کوردستاندا ھاتونەتەکایەوە. پرۆسەی بەشاربوون بەو مانایەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت ”ئوربانیزەیشن". شار وەک شار تەنھا شوێنی پرۆسەی کۆمەڵایەتیی تازە نییە، تەنھا شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکی جیاواز و شێوە ژیانی جیاوازی لەپاڵیەکدا نییە، بەڵکو شوێنی مردنی تازە و کارەساتی تازەشە. لە پەیوەندیدا بە ڕووداوەکەی گەڕەکی کازیوەوە، سلێمانی ڕووبەرێکی تازەیە بۆ شێوازێکی تازە لە مردن. مردنەکە خۆیشی پەیوەندیی بە جۆرێکی تایبەت لە ”پرۆسەی بەشاربوون"ی سلێمانییەوە ھەیە، نەک بە نەخۆشیی و پەتا و کارەساتی سروشتییەوە. ئەم جۆرە تازەیە لە مردن ڕووداوێکی مرۆڤکردە، بەرھەمی شێوازێکی تایبەتی کارکردنی مرۆڤە لەناو ژینگەکەی خۆیدا، پەیوەندیی بە شێوازێکی تازەی ھەندەسەی شارەوە ھەیە. ھەم نەخشەی خانوەکە و ھەم شوێنەکەی و ھەم ئەو کەرەستانەی لە دروستکردنیدا بەکارھێنراون و ھەم ئەو ئامێرانەی لەناویدا دانراون، نەخشە و شوێن و کەرەستە و ئامێری تازەن و بەشێکن لەو پرۆسەی بەشاربوونەی دوو دەیەیە لە ھەرێمدا، بەڕێوەدەچێت. 
ئەم ھەندەسە تازەیەی شار، ھەندەسەی دابڕانی کەسەکان و بەشە جیاوازەکانی شارە لەیەکتری، ھەندەسەی دروستکردنی گیتۆ و ژیانی تەریب و بێپەیوەندییە لەنێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، ھەندەسەی دروستکردنی خانوبەرەیە بەشێوەیەکی خێرا کە بە جۆرێکی تازە لە دەوڵەمەندبوونی خێراوە گرێدراوە، ھەندەسەی مامەڵەکردنی شارە بە لۆژیکی بازاڕ نەک بە لۆژیکی دابینکردنی ژیانێکی گشتیی باش بۆ دانیشتوانەکەی، ھەندەسەی مامەڵکردنی شوێنی ژیانە وەک پرۆژەیەکی ئابوریی قازانج فڕێدەری خێرا، ھەندەسەی بازرگانیکردن بە کەرەستە و ئامێری خراپ و نەشیاوەوە، ھەندەسەی نەبوونی شارەزا و لێزانی پیشەیی لە بوارەکانی دانان و بەگەڕخستن و سیانەی وەرزیانەی ئەو کەرەستانە.  


لە دوو دەیەی ڕابوردودا شار بووە بە یەکەی ھەرەسەرەکیی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و سیاسیی و فەرھەنگیی و دینیی کۆمەڵگای ئێمە. زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم لەناو شارە گەورەکاندا دەژین، ڕووداوە گەورەکانی ناو ژیانی ڕۆژانە و ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و سیاسییش، ھەر لەناو شارەکاندا ڕووئەدەن. جۆرێک لە شڵەژانی گەورە لە شارەکاندا دروستبووە کە لە نووسینێکدا ناوی ”شڵەژانی پێوانەیی"م لێناوە، واتە شڵەژانی ئەو بەھایانەی کە باش لە خراپ ، دەشێت لە ناشێت، جوانیی لە ناشیرنیی. ھتد... لەیەکتری جیادەکەنەوە. بەڵام ئەوەی شوێنی سەرنج و لەسەروەستانە کورتکردنەوەی پرۆسەی بەشاربوونە لای ئەوانەی پرۆسەکانی بەشاربوون لە دونیای ئێمەدا بەڕێوەدەبەن،، لە دروستکردنی خانوبەرە و بازاڕ و مۆڵ و شوێنی گشتیی تازەدا، کەزۆرجار ئابورییەکی پڕ گەندەڵیی ژێرخانەکەیەتی و بەدەستھێنانی قازانجی خێرا و پاراستنی لۆژیکی قۆرخکردن، ئاراستەی دەکات.
 ئەوەی لەم مۆدێلە تایبەتەی بەشاربووندا غائیبە وێناکردنی شارە وەک ماف. شار وەک ڕووبەر و پانتاییەک بۆ ماف، لەوانەش، بۆ نموونە، مافی ھەبوونی کۆمەڵێک مافی سەرەکیی و بنەڕەتیی کە بریتین لە: مافی ھەبوونی ماڵ، ھەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی، ھەبوونی کار، ھەبوونی ئاستێک لە ژیانی گونجاو، ھەبوونی شوێنی یاریی و پشوودان، ھەبوونی توانای دەستگەیشتن بە زانیاریی، ھەبوونی ئازادیی خۆڕێکخستن و کۆبوونەوە، ھەبوونی ئاو و خۆراک، ھەبوونی توانای بەشداربوون و تەعبیرکردن لە خود، ھەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن و پەروەردە و ڕۆشنبیریی، ھەبوونی ژیانی تایبەت و ئاسیش، ھەبوونی ژینگەیەکی پاکژ و تەندروست، ھتد... ئەمە جگە لە مەسەلەی پاراستنی پلورالیزم و فرەڕەنگیی کولتوریی و دینیی و سیاسیی و شێوەژیان لە شاردا، ئینجا پاراستنی مێژو و شوناسی فەرھەنگیی شار و پاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی، لەناویدا. 
ئەوەی لە دونیای ئێمەدا غائیبە بەشی ھەرەزۆری ئەم مافانە و وێنانەکردنی شارە وەک ماف، دابڕانی پرۆسەی بەشاربوونە لە دەستەبەرکردنی ئەم مافانە. لەباتی وێناکردنی شار وەک یەکەیەکی گشتیی و ھاوبەشی خاوەن ماف وێناکردنیەتی وەک کۆمەڵێک گیتۆی کۆمەڵایەتیی لەیەکتری دابڕاو و سەرزەمینێک بۆ کەڵەکەکردنێکی بێچاودێریی سەرمایە. گیتۆی تایبەتی فیرعەونەکان بە دابڕاوی لە ڕووبەرێکی گەورەی کەم تا زۆر فەرامۆشکراو، بۆ ئەوانیتر. کە باس لە مافی ئاسایش لە شاردا دەکرێت، تەنھا باس لە مافی پاراستنی ھاوڵاتیان لە دەستدرێژیی و توندوتیژیی و سوکایەتیپێکردن ناکرێت، بەڵکو مافی پاراستنیشیانە لە ئەگەری ڕوودانی ئەو جۆرە کارەساتەی لە گەڕەکی کازیوە، ڕوویدا. کارەساتێک کە پەیوەندیی بە جۆری غازی بەکارھێنراو و بە شێواز و کەرەستەکانی دروستکردنی خانوەکان و بەنەبوونی سیانە و پشکنینی ڕێکخراوەوە، ھەیە. بە کورتییەکەی، ئەم جۆرە کارەساتە پەیوەندییەکی پتەویان بە غیابی وێناکردنی شارەوە ھەیە وەک ماف، لەناویاندا مافی ھەبوونی ئاسیش. بۆیە ئەوەی پێویستە لە خوێندنەوەماندا بۆ ئەم کارەساتە ئینسانییە ئەنجامیبدەین بەستنەوەی شێوازی تۆقێنەرانەی مردنەکەیە بە دیاردەی بەشاربوونێکی تایبەتەوە، کە دەشێت ناوی ”بەشاربوونی نابەرپرسیارانە"ی لێبنێین. ئەم شێوازە تایبەتەی بەشاربوون لەھەناوی زۆرێک لە پرۆسەکانیدا بێنرخکردنێکی بەردەوام و سیستماتیکی ژیانی ئەو دانیشتوانەی ھەڵگرتوە کە لەناویدا دەژین. ژیان بۆ ئەوەی ببێت بە ژیان پێویستیی بەوەیە خەمی لێبخورێت و مشوری پێداویستییە سەرەکییەکانی بخورێت،.بەڵام ئەم شێوازە لە ”بەشاربوونی نابەرپرسیارانە" باز بەسەر ئەو پرنسیپە سادە و سەرەکییانەدا ئەدات و لۆژیکی قازانجێکی خێرا و چاودێرینەکراو ئاراستەیدەکات.  

مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)


AM:11:38:22/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی