دیسانەوە مەسەلەی دین و پەروەردەی دینیی

‌مەریوان وریا قانیع

ھەفتەی ڕابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەوە گوایە وەزارەتی پەروەردە بەنیازە وانەی ”پەروەردەی ئیسلامی" لە بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکاندا دەربھێنێت. ئەگەرچی ئەو وەزارەتە دەستبەجێ ھاتەسەرخەت و دەنگۆکەی ڕەتکردەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی دەنگۆکە شەپۆلێک کاردانەوەی توڕە و ھێرشبەرانەی بەرامبەر بە پلانێکی لەوبابەتە ھێنایەکایەوە. لەسەر تۆڕە کۆمەڵایتییەکان کەسانێک نووسیان: ”بە ھەمو نەوعێک دەيانەوێ دينی ئيسلام لهناو ببەن"،  یەکێکیتر نووسیی: ”دەیانەوێت كەنج و لاوەکانمان ئاگایان لە خوا و حلال و حرام و ویژدان نەمێنێت، نە اهلی دونیابن نە اهلی قیامەت بن". کەسێکێکتر لەسەر ھەمان ھێڵ نووسیی: ئەمە ”سوکایەتیە بە ئیسلام و دینی ئەم مییلەتە، ئەمە هەنگاونانە بۆ دابرێنی دینی ئیسلام لەم میللەت و کۆمەڵگایە". یەکێکیش لابردنی ئەو وانەیەی بە بەدئەخلاقییەوە گرێدا و نووسیی: ”نەخير توزێ اخلاق ماوه ئەويش به واسطه ى ئەو كەمه پەروەردەى ئيسلاميەوەيه، ئەم پەروەردەی ئیسلامییە لاببرێت ئیتر ئەخلاق نامێنێت." موسڵمانێکی تر نووسیی: ”ئەم بەچەکە مولحیدانە هەرچی دژی دین و ژینی ئەم گۆمەڵگە بێت دەیھێننە ناو مەنهەجی خوێندنەوە، زۆر بەداخەوە." کەسێکی تر لەپاڵ ئەو لۆژیکە دینییەدا کە باڵادەستە نووسیی: ”ئیسلام ئاینی هەقە و ئاینی لەسەدا ٩٧ ی کوردستانە. چۆن دەبێت لە کتێبێکدا یەکسان بکرێت بە ئاینی درۆینەی لەسەدا سێی خەڵکانی تر".

یەکێکی تر بە توڕەییەکی زیاتر و بەزمانێک نووقم لەناو تاوانباربووندا نووسیی:”ئێمەی موسڵمان لەئایینی پیرۆزی ئیسلام و قورئانی پیرۆز پێناسەی ئایینەكانی ترمان بۆكراوە و هەموویان ئەناسین، بۆیە پێویست ناكات قبوڵمان نیە بەپێشنیاری هەندێك كەسی كافرو مەلعون (...) كتێب بۆ نەوەكانمان بنوسنەوە بەناوی ئایین ناسی، مناڵەكانم ئەو كتێبە بێننەوە ماڵەوە بەدەستی خۆم ئەیسوتێنم." ئینجا سەلاحەدین بەھادینیش، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامیش، ھاتەقسە و لابردنی وانەی پەروەردەی ئیسلامی وەک پیلانێک دژ بە میلەت ناساند و وتی: ”دەستبردن بۆ ئەو بابەتە مەترسیدارە لەسەر شناس و پێناسەی ئاینی گەلەكەمان  قبوڵ نەكراوە"، ھیواداریشە ”دەزگا پەیوەندیدارەكان ڕێگەبگرن لەو جۆرە پیلانە نابەرپرسانە و سەرەئێشەیەكی دیكە بۆ كۆمەڵگەكەمان زیاد نەكەن."

ھەموو ئەم کاردانەوەدا بە یەک زمان قسەدەکەن و خاڵی ھاوبەشیان پێداگرتنە لەسەر پیلانگێڕیی و ھەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئیسلام وەک بنەمای ویژدان و ئەخلاق و شوناس. زمانەکەش زمانی ھەڕەشە و تاوانبارکردن و نزیککەوتنەوەیە لە تەکفیرکردن. ھیچ یەکێکیان، لە خوێنەرێکی ئاساییەوە تا بە سەلاحەدین بەھادین دەگات، بەدوای دۆزینەوەی ئەگەری مەعقولیەتێک، چەندیش بچووکبێت، لە پشتی بڕیارەکەوە ناگەڕێن. ھەموویان کاردانەوەی ڕاستەوخۆی حازربەدەست و زمانێکی کڵێشەیی پڕ تۆمەت و ھەڕەشەیان لەبەردەمدایە، کە بێ لانی ھەرەکەمی بیرکردنەوە و ھەوڵدانی تێگەیشتن، لە ھەموو ئەگەری گۆڕانکارییدا، پەنای بۆدەبەن.

بە بۆچوونی من یەکێک لە گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەبێت ڕووبدات گۆڕانی ڕوانین و تێگەیشتنمانە بۆ دین و ئەرکەکانی. ئەرکی ژمارەیەکی دین، ھەر دینێک، لە دونیای پڕ لە مرۆڤ و پڕ گروپی جیاوزی ئەمڕۆدا ئەوەیە، مرۆڤەکان لەیەکتری نزیکبکاتەوە، وایان لێبکات ھەستبکەن ئەندامی یەک کۆمەڵگا و یەک مرۆڤایەتیی ھاوبەشن. کۆمەڵگا و مرۆڤایەتییەک، کە لە ڕوانینە دینییەکەدا خودا دروستیکردوە و خوداش دەیانپارێزێت. ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش بەوەنابێت بەو زمانەی سەرەوە قسەبکرێت، بەتایبەتی باس لە دین بکرێت، بەڵکو بەوە دەبێت زمانێک دابھێنرێت ھاریکاری مرۆڤ بکات  ھەم حەز بە ژیان بکات، ھەم حەز بەوەش لەگەڵ ئەوانیتردا لە دۆخی ھارمۆنیەت و دۆستایەتیی و ڕێزگرتنێکی ھەمەلایەندا بێت. دین پێویستە مرۆڤەکان لەیەکتری نزیکبکاتەوە نەک دووریان بخاتەوە و لەیەکتریان داببڕێت، مرۆڤەکان بکات بە ھاوسێ، نەک بە دوژمن و ناحەزی یەکتریی. لە ڕاستیدا ئەرکی دین ئەوەیە تۆڕێکی گەورە لە پەیوەندیی ھەمەلایەن لەنێوان مرۆڤەکاندا دروستبکات کە لەسەر بنەمای ماف و بەرپرسیاریەت بەرامبەر بە یەکتری، دروستبووبێت،. وابکات ھەم ئاگایان لەیەکتری بێت و ھەم ھاوخەمی یەکتربن. لەم ڕوانینەدا بۆ دین خودا تەنھا فیکرەیەکی موجەرد نییە، بەڵکو کەسایەتییەکی ھەمە دەسەڵات و فرەقودرەتە کە ئینسانیەتی بە ھەموو جیاوازیی و لەیەکنەچونەکانییەوە دروستکردوە. ئەو تەنھا موسڵمانی دروستنەکردوە، بەڵکو ھەموو دیندار و ھەموو دینەکانی تریشی دروستکردوە، وەکچۆن ھەم بێدین و ھەم نادین و ھەم دژەدینیشی دروستکردوە. وێنەی خودا وەک خودایەک کە ھی ھەمووانە، جیاوازە لەو وێنەیەی بزاوتە سیاسییە دینییەکانی ئەم ساتەوەختە، چ ئیسلامیی و چ غەیرە ئیسلامیی، لە بەشێکی گەورەی جیھان و ناوچەکەدا، دروستیانکردوە.

لەناو ئەم ڕوانینەدا بۆ دین، ئەو کەسەی کە دژی دینە و ھەڵە دەکات، ئەو کەسەی کە دەبێتە گوناھبار، ئەو کەسە نییە کە باوەڕی بە خودا، یان بەم یان بەو دەقیی دینیی نییە، یان لەق دەبێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە خۆی لە مرۆڤایەتی دابڕیوە و نرخی پێویست بۆ مرۆڤایەتیی دانانێت کە خودا بەھەموو جیاوازییەکانیی ناویەوە، دروستیکردوە. وەکچۆن نرخی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ خۆیشی دانانێت کە خودا  لەسەر وێنەی خۆی دروستیکردوە. بە مانایەکی دیکە، لەم دیدەدا بۆ دین، مرۆڤی گوناھبار ئەو کەسەیە کە پەیوەندیی نێوان کەسەکان و گروپەکان و میلەتەکان و کۆمەڵگاکان تێکئەدات، درزی گەورە یان بچووک دەکاتە دیواری مرۆڤایەتییەوە کە چوارچێوەی ژیانی ھەموو مرۆڤەکانە لەسەر زەوی بەیەکەوە. مرۆڤایەتی، لە دیدی ئەم جۆرە ئیماندارە نوێیانەدا، یەکێکە لە داھێنانە ھەرە گەورەکانی خودا، تێکدان و پەلاماردان و بریندارکردنی، گونھاباربوونە بەرامبەر بە خودا. دین لەم ڕوانینەدا ئەو ھێزە تایبەتەیە کە دوورەپەرێزیی  نێوان مرۆڤەکان لەگەڵیەکتریدا دەسڕێتەوە، نەک خۆی وەک دروستکەری درز و بەربەست و شورا و دیوار تر لەنێوان مرۆڤەکاندا، کاربکات.

ھەر لەم ڕوانگەیەوە ئەو دینەی پێویستە فێری منداڵانی وڵاتی ئێمە بکرێت، دینێک نییە خەریکی ترساندنی ئەو منداڵانە بێت بە قیامەت و سزا و ئاگر و جەھەنەم، وێنەی خودایەکیان بۆ دروستبکات لەسەر وێنەی باوک و سوڵتانێکی دڵڕەق. ھەروەھا دینێک نییە خەریکی دروستکردنی بەھەشتێکبێت، ڕووبەرەکانی بە ژن و سێکس و ڕابواردن و چێژی جەستەیی، دروستکرابێت. بەڵکو دینێکە ھاریکاریی منداڵان دەکات و فێریان دەکات، کەسانی ھێمن و عەقڵانی و لێبوردە و ئیشکەر و کراوە بن بەسەر جیھان و جیاوازییەکاندا، باوەڕیان بە ئیرادەی ئینسان و ئازادییەکانی ھەبێت، کەسانی لەخود نەچوو بە کەمتر و نزمتر و ناحەز نەزانێت، ڕۆحی ھاریکاریی و بەدەمەوەچوونی تیادا بەھێز و بەنرخ بێت. وەکچۆن کەسێک دروستبکات باوەڕی بە خۆی و بە تواناکانی خۆی بێت لە باشترکردنی ژیانی خۆی و ژیانی ئەو کۆمەڵگایەی تیایدا دەژیی، باوەڕی بەوەبێت یەکێک لە ئەرکە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ باشترکردن و جوانترکردنی جیھانە.

بەم مانایە دین نەک مەحفوزات و لەبەرکردنی بەزۆری ئەم یان ئەو پەرەگرافی ناو کتێبە دینییەکا نییە، نەک تەنھا گێڕانەوەی بەسەرھات و مێژووی یەک دین لە دینەکان بە تەنھا نییە، نەک بەشەیتانیکردنی ئەم یان ئەو مرۆڤی جیاواز نییە، نەک بێنرخکردنی ئەم یان ئەو دین و دونیایبینی ڕۆحیتر نییە کە خودا لەناویدا، لە ھەر فۆرمێکدا بێت، ئامادەبێت، بەڵکو دینێکە ھەڵگری ڕوانینێک پێچەوانەی ئەم ڕوانینانە. گەر نیازە وانەیەک بۆ منداڵانی ئەم ھەرێمە لەسەر ”پەروەردەی دینیی" ھەبێت، پێویستە لەم دیدگا و گۆشەنیگایەوە بۆ دین بنووسرێت، نەک ئەو ”پەروەردە ئیسلامیی"ەی لە ئێستادا ھەیە، کە دیدێکی ئیخوانیی و سەلەفیی ئاراستەی دەکات.


لە درەو میدیا وەرگیراوە


PM:10:40:02/07/2022

ئه‌م بابه‌ته 728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی