دەربارەی دۆخی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

‌مەریوان وریا قانیع

ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردودا و لەناوی یەکێتی نیشتیمانی کورستان دا ڕوویدا، لە زمانی سیاسیدا، پێیدەگوترێت ”کودەتای ناو کۆشک". کودەتای ناو کۆشک کودەتای کەسانێکی ناو کۆشکی حوکمڕانیین کە خودی حوکمڕانەکە لادەبەن و خۆیان دەچنە شوێنەکەی. لەم جۆرە کودەتایانەدا ئەوەی وەک سەرۆک ئامادەیە و کاردەکات لەلایەن ئەو کەسانەوە کە لەگەڵ ئەو سەرۆکەدا کاریانکردوە، لادەبرێت. زۆرجار ژەنەراڵێک ژەنەڕاڵێکی تر، یان جێگرەوەی سەرۆکێک سەرۆکەکە، یان کوڕێک باوکی، یان ھاوڕێ و ھاوخەباتێک، ھاوڕێ و ھاوخەباتێکی تر لادەبات خۆی دەچێتە شوێنەکەی. ئەم جۆرە کودەتایانە زۆربەی جار کودەتای بێخوێنن، ھەندێک جار سەرۆکە لابراوەکە دکوژرێت، ھەندێکجار شاربەدەر دەکرێت، ھەندێک جاری تر زینداندەکرێت. ھەندێکجاریش تا دەمرێت دەسبەسەر دەبێت.

بە دەگمەن نەبێت ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە ھیچ شتێکی قابیلی باسکردن و لەسەروەستان ناگۆڕن، درێژە بە ھەمان دونیا و بە ھەمان ھێڵی حوکمڕانیی دەدەن کە پێشتر ھەبووە. ھەندێکجاریش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبن و لە پاڵ کێشە کۆنەکاندا کێشەی نوێ دروستدەکەن. ڕوخسارێکی ناسراو دەڕوات و ڕوخسارێکی تر دەچێتە شوێنەکەی. لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا ”کودەتای ناو کۆشک" دەرەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبووە، کە سەدام حوسەین ئەحمەد حەسەن بەکری لەناو حیزب و سیستمی حوکمڕانیادا لابرد، دونیایەکی تەواو تۆقێنەرتر و خوێناویتری دروستکرد. کە بن عەلی لە تونس بۆرقێبەی لابرد، سەردەمێکی گەندەڵتر و نابوتتری دروستکرد کە بەھاری عەرەبی کۆتاییھات، کە بن سەلمان لە سعودیە ئەمیرەکانی تری پاشەکشەپێکرد، دونیایەک کێشەی ناوەکیی و دەرەکیی لە سعودیەدا و بۆ سعودیە دروستکرد، بەرچاوترینیان ئەو جەنگە عەبەسییە خوێناوییە لە یەمەن کە ژیانی ملیۆان مرۆڤی وێرانکردوە.
 ”کودەتای ناو کۆشک" کودەتای ناو ”کۆشک"ە. ”کۆشک" بە کۆشکی و” لۆژیکی کۆشک" وەک ”لۆژیکی کۆشک" دەمێنێتەوە و ئەوەی دەگۆڕێت ڕوخساری شازادە کانە، جێگرتنەوەی ئەم شازادەیە بۆ ئەویتریان..


PM:03:30:17/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 3260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی