شەپۆلی دووھەمی کۆرۆنا: خورافەتسازیی و بیرکردنەوەی بەرپرسیار

‌مەریوان وریا قانیع

جیھان ئەمڕۆ لەناو شەپۆلی دووھەمی کۆرۆنادا نووقمە، کەم شوێنی سەر ئەم ئەستێرە ھەیە ھەڕەشەی ئەم ڤایرۆسەی لەسەرنەبێت. ھەڕەشەکەش ھەڕەشەیەکی ھێجگار بنەڕەتیی و ترسناکە، ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت زیانی ھێجگار گەورە بە سەرجەمی مرۆڤایەتی بگەیەنێت. 

لای خۆمان، وەک ھەمیشە، ھەڕەشەکە تا ئەم ساتەش بە جدی وەرنەگیراوە، ئەگەرچی ڕۆژانە بەبەرچاوی ھەموانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک  دەمرن و ھەواڵی مردنەکانیشیان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە. ئێستا ئیتر دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوات ھەریەکێکمان کەسێکی نزیک، یان نیمچە نزیک بناسێت کە بەم ڤایرۆسە گیانی لەدەستدابێت. ھاوکات تا ئێستاش کەسانێک ھەن، بە تایبەتی لەناو ھەندێژ لە ھێزە ئیسلامییەکاندا، ڤایرۆسەکە وەک ”سەربازی خودا" وێنادەکەن، کە لە ئاسمانەوە نێردراوە بۆ ئەوەی بێباوەڕان لەسەر زەوی بکوژێت. لە دونیای ئێمەدا ئەم لێکدانەوە خوارفییە بە زمان و داڕشتنی جیاواز تەعبیری لێدەکرێت و بە ھەڕەشە و پەلاماری ڤایرۆسەکە ڕەھەندێکی دینیی دەبەخشرێت.  ئەوانەشی کە شارەزای مەترسییەکانی نەخۆشییەکەن و شارەزای چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەین، گوێیان لێناگیرێت. بەم شێوەیە بڕێکی زۆر لە خورافەت و بێباکی بەیەکتری تێکەڵدەبن. لەسەروی ھەموو ئەمانەوە حوکمڕانیەک لە ئارادایە کە نەک تەنھا باکی بە مردنی ھاوڵاتیان نییە، بەڵکو سەرقاڵی گرتن و ڕاونانی ڕۆژنامەنووسان و دانانی پرۆژەی زیاتر بەرتەسکردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و قسەکردنە. ئەمە جگە لە درێژەدان بە پایەکانی ئەو حوکمڕانییە کە گەندەڵییەکی ھەمەلایەن و بەرفراوان بنەماکەیەتی.  

بەڵام دۆخەکە لە ئەوروپادا تەواو جیاوازە. ھەم ڤایرۆسەکە بە جدی وەرگیراوە و لە ھەر پیلان و حەزێکی خودایی و ئاسمانی دابڕاوە، ھەم دەرەنجامەکانی بڵاوبوونەوە  و کاریگەرییەکانیشی بوەتە شوێنی قسەلەسەرکردن و بیرکردنەوە. ھاوکات بەشێکی زۆری مرۆڤایەتیی چاویان لە کاری زانستییانەی تاقیگاکانی ناو زانکۆ گەورەکانی ئەروپایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم ڤایرۆسە و ڕزگارکردنی مرۆڤەکان لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا، مرۆڤی سەر بە دین و کولتور و شوناسی ئەتنیی و نەتەوەیی جیاواز. 

لە وڵاتێکی وەک ھۆڵەندا کە نزیکەی ٣٠ ساڵێکە من تیایدا دەژیم، لەماوەی پێشودا ١٧٠ زانای ئەکادیمیی لە نامەیەکدا بۆ حکومەتی ھۆڵەندیی، پێ لەسەر ئەوەدادەگرن ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییە زەحمەتەی لە وڵاتەدا بەھۆی کۆرۆناوە دروستبووە دەرنجامی پەیڕەویکردنی کۆمەڵێک سیاسەتی تایبەتە: سیاسەتی نیولیبرالیزم.  نیولیبرالیزم ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی" گۆڕی بە دەوڵەتێکی بێ جل و بەرگ و دایماڵیی لە بەشێکی زۆری ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانەی بە کۆمەڵگای پێشکەشدەکرد. حکومەتی ھۆڵەندی لە شەش مانگی ڕابردوودا چەندان ملیار ئێرۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە خەرجکردوە. لە ئیسپانیا دەوڵەت بڕێک لە نەخۆشخانەکانی لە کەرتی تایبەت سەندەوە و ھەموویانی ھێنایەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. لە بریتانیا ھەندێک لە ھێڵەکانی شەمەندەفەر جارێکی تر تەئمیم کرانەوە و ھێنرانەوە ژێردەستی دەوڵەت چونکە ئەگەری ئەوە ھەبوو ئیشنەکەن. ھەندێک ئابورییناس باس لەوەدەکەن لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، واتە لەوەتەی پەتای کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، حکومەتەکان لە ئەوروپا و یابان و ئەمریکا ٣٧٠٠ ملیار ئێرۆیان چاپکردوە و خستۆتە بازاڕەکانەوە. بڕێکی بەرچاوی ئەم پارەیە دراوە بەوانەی بەھۆی کۆرۆناوە زیان بە کارەکانیان کەوتوە و ڕووبەڕووی کێشەی گەورەبوونەتەوە. 

لە ئێستادا بیرۆکەی تەئمیمکردنی ھێڵە ئاسمانییەکان و ھێڵەکانی شەمەندەفەر لە ئەوروپادا ھێنراوەتە پێشەوە و چەندان نووسەر و شارەزای ئەم بوارانە بەرگریلێدەکەن. بێگومان مەرج نییە ئەم پێشنیارە سەربگرێت، ئەوەی گرنگە وەک فیکرە ھاتۆتەکایە و بووە بە بابەتی گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ.  ھاوکات ھەندێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان خەریکن لەو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییانە دەچنە دەرەوە کە دەستی دەوڵەتە نەتەوەییەکان دەگرن لەوەدا ئابوریی خۆیان سەرلەنوێ و لە قاازانجی ھاوڵاتیانی وڵاتەکەیان دابڕێژنەوە. ئەم دەوڵەتانە دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە ئەو بەشەی ئابوریی وڵاتەکەیان لە دەستی ئەو کۆمپانیا فرەنەتەوەییانە، مەڵتی ناشناڵانە، دەربھێنن کە قازانج و ئیرادەی خۆیان بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا سەپاندوە. 

ھەموو ئەم ھەڵسوکەوت و شێوازی بیرکردنەوانە ھەوڵی ڕاستەقینەن بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخەی کە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لەگەڵخۆیدا ھێناویەتی. ھیچ یەکێک لەم ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوانەش بەر لە ھاتنی ڤایرۆسەکە لە ئارادانەبوون، ھەشبووبن بەشێک نەبوون لە بیرکردنەوەی دەوڵەت خۆی و ھێزە سیاسییە حوکمڕانەکان. 

ئەوەی لەم بەشەی جیھاندا ڕوودەدات ھەم تەفسیرکردنێکی ڕاستەقینەی ڤایرۆسەکە و مەترسییەکانیەتی، ھەم خۆ ئامادەکردن بۆ دروستکردنی دوانیەی دوای ڤایرۆسەکە کە پێدەچێت لە زۆر ڕووەوە دونیایەکبێت لە چەندان بەش و دەرکەوتی گرنگیدا جیاوازبێت لە دونیای ئەمڕۆ. کەس لەم بەشەی دونیادا باس لە تۆڵەی خودا لە مرۆڤ و باس لە ھاتنی سەربازی خودا بۆ گیانی کافر و بێدینەکان ناکات، حکومەتەکانیشیان، بە پێچەوانەی ئەوەی لای خۆمانەوە، توانایەکی گەورەی دەسکاریکردنی خۆیان و سیاسەتەکانیان ھەیە،. 

ئەوەی لە ئەوروپادا ڕووئەدات دەسکاریکردنی پایەکانی ئەو سیستمە نیولیبرالەیە کە لە سەرەتای ھەشتاکانەوە باڵادەستە و لە فیکری ئەوەدان جارێکی تر بەشێکی گرنگیی ژیانی ئابوریی و بڕێکی زۆر لە خزمەتگوزاریی بنەڕەتییەکان، بگەڕێننەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، دەوڵەتی نەتەوە، ئەو فۆرمە لە دەوڵەت کە کەسناێک ھەن لای ئێمە دەڵێن باوی نەماوە و مێژوو ماڵئاوایی لێکردوە. زۆڕانێک لەم بەشەی دونیادا لەو باوەڕەدان قۆناغی دوای کۆرۆنا چیتر قۆناغی نیولیبرالیزم نابێت. بەڵکو سەردەمێک دەبێت دەوڵەت تیایدا چالاکانەتر و ڕاستەوخۆتر دەستدەخاتە ناو زیاد لە ڕەھەندێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئابورییەوە. ھەندێک تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە بڵێن سەدەی بیست و یەکەم سەدەی گەڕاندنەوەی دەوڵەتی نەتەوەییە بەھێزێکی زۆرەوە بۆ ناو ژیانی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی. دەوڵەتێک کە ڕۆڵی ڕێکخەر و ئاراستەکەر ببینێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گەورەی. وەک ئەم قەیرانی کۆرۆنایە ھەبێت.  پێدەچێت بازاڕیی ئازادیی نیولیبرالی بەشێکی گرنگ لە ئازادییەکانی بدۆڕێنێت. 

خاڵێکی تر کە ئەوروپییەکان ئێستا بیریلێدەکەنەوە ئەوەیە جارێکی تر کیشوەرەکەیان سەربەخۆتر بکەنەوە. لە ئێستادا ٤٠% ئەو خۆراکەی لە ئەوروپادا دەخورێت لە دەرەوەی ئەوروپاوە دەھێندرێت. کۆرۆنا و داخستنی سنوورەکان جارێکی تر بابەتی خەمخواردن لە خۆراک و دەستەبەرکردنی ناوەکیی پێداویستییە خۆراکییەکان بونەتەوە بە بابەتی گفتوگۆ و قسەلسەرکردن. 

کۆرۆنا بۆ ھەندێک خورافەتسازیی زیاتر و بۆ ھەندێکی تر بیرکردنەوەی زانستیی و بەرپرسیاریی زیاتری ھێنایەکایە.


PM:08:55:28/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 3284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی