موقتەدای سەدر وەک ڤایرۆس...شوێنکەوتوانی وەک ڤایرۆسپەرست

‌مەریوان وریا قانیع



ئەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە نیشانیدانی دەرکەوتە دینییەکەی ئەو کارەساتە گەورەیەیە کە عێراقی ئەمڕۆی تیادا نووقم بووە. موقتەدای سەدر مناڵێکی نەزان و سەرڕۆی ئایەتوڵایەکی دینییە. لە باوکییەوە سەرمایەیەکی دینیی گەورەی بۆ ماوەتەوە و لە دوای کەوتنی سەدامەوە خاوەنی سوپا و میلیشیای تایبەت بە خۆیەتی کە ھەرجارە و لەژێر ناوێکدا ڕێکیاندەخات و کاریاپێدەکات. سەرێکە لە سەرەکانی ناو ئەو چەند خێزانە دینییە سیاسییە شیعەیە کە ھەریەکێکیان ئەمڕۆکە بەشێک لە دەسەڵات و سامانی عێراقی لەژێر دەستدایە. ئەم میلیشیایەی موقتەدای سەدر خۆی بەسەدان و ھەزارانیان لێکوژراوە و بەسەدا و ھەزارانیشیان کوشتوە.

زۆرینەی شوێنکەوتوەکانی سەدر کەسانی کەم دەرامەت و ھەژار و پەراوێزخراوی ناو کۆمەڵگای عێراقین. ئیتیما بۆ دین و ئینتیما بۆ خێزانێکی دینیی سیاسیی تەواو ئالودەی کردون و ھۆشیارییەکی تەواو شێواو و ناھۆشیاریی بەسەردا سەپاندون. ئەم ھەوادارانە کە لەم ڤیدیۆیەدا و لەم کارەساتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا بچووکیی و ملکەچیی خۆیان بۆ سەدر دووباردەدەکەنەوە، نیشانیئەدەن عێراق لەناو چ کارەساتێکی دینیی و سیاسیی و کولتوریدایە.

ئەم فۆرمەش لە دینداریی کە لەسەر دروستکردنی قەرەباڵغیی و حەشامەت کاردەکات، کە دین لە ھەموو ڕەھەندێکی ڕۆحیی و تاکەکەسیی دادەبڕێت، ھەمان ئەو فۆرمە شانۆیی و نمایشگەرانەی دیندارییە کە لە ئێستادا لە بەشێکی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەیە.

لەم قەرەباڵغیەدا دین لە باتی ئەوەی پەیوەندییەکی ڕۆحیی و ئەخلاقیی بێت لە گەڵ خودای ئیماندارەکاندا، نمایشی تەسلیمبوونە بە سەرۆکێکی دینیی. ”بەشانۆکردنی دینداریی" ئاکاری سەرەکیی دینداریی بەشێکی گەورەی ھێز و تەوژم و فێرگە دینییەکانی ئەمڕۆن. لەمەشدا خۆدەرخستن وەک ئایندارێکی ڕاستەقینە، وەک ھەوادارێکی سەرسەخت، ئاکاری سەرەکییە، نەک ڕاوەستان لەبەردەم خودیەکدا کە لە ئاسمانەوە سەیری ئیماندارەکانی دەکات.


PM:02:00:22/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی