ژننەفرەتیی و سێکسیزم وەک دوو چەمکی غائیب

‌مەریوان وریا قانیع



لە پەیوەندیدا بە ژنەوە، کۆمەڵێک چەمکی گرنگ ھەن، تا ئەمڕۆ نەبوون بە بەشێکی لە کایەی ڕۆشنبیریی ئێمە کە ڕەنگە بتوانن ھەندێک بینینی جیاواز بخەنە سەر ئەو دۆخەی ژنان ئەمڕۆکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەناویدا دەژین. لەوانەش بۆ نموونە چەمکەکانی misogyny، واتە ”ژننەفرەتیی"، یان ڕقبوونەوە لە ژن و نەفرەتلێکردنی. یاخود چەمکی سێکسیزم، sexism، بە مانای کردەی دروستکردنی فەرق و جیاوازیی لەسەر بنەمای ڕەگەز و لەوێشەوە ھەڵاوێردەکردن بەرامبەر بە ئافرەتان لەسەر بنەمای مێ بوونیان. ھەردوو چەمکەکە پێویستیان بە چاندنێکی بەرفراوان لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا و لەناو سیستمی پەروەردە و سیستمی ئەخلاقیی ئێمەدا ھەیە.

”ژننەفرەتیی" دیاردەیەکی دێرینە و لە زۆربەیا کۆمەڵگاکانی جیھاندا بە فۆرم و شێوازی جیاواز ئامادەیە. نەفرەت و ڕق بەرامبەر بە ژن نەفرەت و ڕقێکی قووڵە بەگشتیی و لەو ژنانە بەتایبەتیی کە بوێری ئەوەیان ھەیە، تەحەدای ھەیمەنەی نێرسالاریی و تەحەدای کولتور و پراکتیکی فەحلبوون و تەحەدای فۆرمە جیاوازەکانی پیاوەتیی پەڕگیر بکەن. ئەو ژنانەی لەناو دونیای پیاواندا توانای بەرزکردنەوەی نیشانەی پرسیاریان ھەیە بەرامبەر ئەو بەھا و نرخ و ھێز و پەیوەندییانەی کە وەک بەڵگەنەویست وەرگیراون و بەشێکن لەو ژینگەیەی تیایدا ژننەفرەتیی دروستکراوە، زیاتر لە ھەمووان دەکەونە بەر ڕق و نەفرەتی پیاوان. ژننەفرەتی لە زۆر شوێنی کۆمەڵگادا ئامادایە، لە پێش ھەمووانیشەوە لەناو ئەو ژمارە زۆرە لە پێشداوەریی و نوکتە و وێنە و زاراوەی ژیانی ڕۆژانەدا کە تێکەڵێکی گەورە و ئاڵۆز لە ڕق و بەسوک تەماشاکردنی ژن دروستدەکەن.

چەمکی سێکسیزم، sexism، ھێما بۆ ھەڵاوێردن و فەرق و جیاوازیی دروستکردن لەنێوان ژن و پیاوا دروستدەکات لەسەر بنەمای ڕەگەز، واتە لەسەر بنەمای مێبوون و نێربوون. سێسکیزم کردەیە، پراکتیکە، کردەی دروستکردنی جیاوازیی و نایەکسانییە لە نێوان ژن و پیاودا، لەسەر بنەمای ژنبوونی ژن و پیاوبوونی پیاو. لەپشتی کردەی جیاوازیکردن و ھەڵاوێردنەوە ئەو بیرۆکەیە ھەیە کە پیاو لە ژن باڵاترە و توخی پیاو توخمێکی باشتر و چاکتر و پاکترە.. سێکسیزم کردەی جیاکردنەوەی ژن و پیاوە لەیەکتری بە ئامانجی دانەوەی فەزلی ئەمیان بەسەر ئەوی تریاندا، ئەمیان وەک بوونەوەرێکی باڵا و ئەویتریان وەک بوونەوەرێکی نزم دەربکەوێت، بەم مانایە سێکسیزم جۆرێکە لە ڕاسیزم، جۆرێکی تایبەتە لە ڕاسیزم کە تیایدا مێبوون و نێربوون بنەمای جیاکاریی کەسەکانن لەگەڵ یەکتردا و نێربوون لە مێبوون باڵاتر و مانادارتر و باشتر نمایشدەکرێت.

چەمکەکانی تری وەک ”نێرسالاریی"، ”فحولەت"، ”پیاوەتیی"، ”باوکسالاریی" و ھتد.. پێویستیان بەوەیە بکرێن بە بەشێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو ڕۆشنبیریی ئێمە، تا ئاستی ئەوەی ببن بە بەشێک لە زمانی ژیانی ڕۆژانەی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایە.

ژننەفرەتیی و سێکسیزم بەشێکی سەرەکین لە سیستمی کۆمەڵایەتیی، لە ژینگەی ئەخلاقیی و لە فەزای سایکۆلۆژیی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی، بەشێکن لە تۆڕێک لە بەھای کولتوریی و ئە وسیستە ڕەمزییەی لە دونیای ئێمەدا سەروەرە. لە ڕاستیدا ژننەفرەتیی و سێکسیزم لە دونیای ئێمەدا بوون بە ئایدیۆلۆژیا، بوون بە تۆڕێک بیرۆکە و وێنە و گریمانە سەبارەت بەوەی ئافرەت چییە و کێیە، دەبێت چۆن و بە چ شێوەیەک بێت، چ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵدا دروستبکرێت و بە چ شێوەیەک مامەڵە بکرێت. ژننەفرەتی لە ئاستە ڕۆژانەییەکەیدا مانای ئەوەیە پیاو لەڕووی ئینسانیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییەوە لە ئافرەت بەرزتر و گرنگترە. ئەم دیدە نارسیستییە ھیرارکییە خۆ بە گەورە و بەرززانینە، وادەکات زۆر پیاو پێیان وابێت، ژنان ھەمیشە دەتوانن شتێکی ھەڵە ئەنجامبدەن، مەیلێکی ناوەکیان ھەیە بۆ خراپەکاریی و بێحەیایی و بێشەرمیی ھەیە، ھەڵەکردنی عەقڵیی و ئەخلاقیی و دینیی بەشێکە لە بوونی ژنانەی ئەوان، بۆیە پێویستە بەردەوام لەژێر چاودێریی و ڕکێفی پیاودا بن. ئەم دۆخە وادەکات ژننەفرەتیی و سیکسیزم وەک ئایدیۆلۆژیا و وەک ڕەگەزی سەرەکیی ناو ئەو ژینگە ئەخلاقییە کاربکەن کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستبووە، ژینگەیەک تیایدا ژن وەک بوونەوەرێکی کەمنرخ و تاوانبار و حەیابەر مامەلەدەکرێت و چونکە ھەڵەکەنای ھەمەلایەن و ھەمەئاراستەن، بۆیە پێویستە لەھەموو مەودا و ئاراستەیەکەوە کۆنترۆڵ و دیسپلین بکرێن.

ئەم بە ئایدیۆلۆژیابوونەی ژننەفرەتیی و سێکسیزم بەڕادەیەک ژیانی ڕۆژانەی تەنیوەتەوە زۆرانێک ھەست بە بوونە بەئایدیۆلۆژییەکەی ناکەن، بەشێوەیەکی نائاگاییانە، ھەم وەک بە بەشێک لە ئەخلاقیی تاکەکەسیی و ھەم وەک بەشێک لە ئەخلاقیی دەستەجەمعیی، کاردەکات. ئەمەش مانای ئەوەی ژننەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا بەشێوەیەک بەناوەکیی کراوە، نائاگاھانە بووە بە بەشێک لە زمان و وێنە و پێناسە باڵادەستەکان، بووە بە بەشێک لە چاوەڕوانیەکانی نێرینە لەو وڵاتەدا، ھێندە بەناوەکیی کراوە مرۆڤ زۆرجار ھۆشیارانە ھەست بە ئامادەبوونی ناکات، وا ئاسایی و نۆرماڵ بۆتەوە ھیچ جۆرە گومان و پرسیارکردنێکی ڕاستەقینەی ڕووبەڕوو نااکرێتەوە. سێکسیزم و ژننەفرەتی وەک ئایدیۆلۆژیا دۆخێکی عەقڵی و سایکۆلۆژیی و نەستیی وایان دروستکردوە، بەبێ ئەوەی پێیبزانین ھەموومان بە پلە و ڕادەی جیاواز کەوتوینەتە ناوییەوە.

بەبێ دەسکاریکردنی ئەم ژینگە ئەخلاقییە، لەشکرێک ژنکوژ بەڕێوەن کە ھێشتا لەدایک نەبوون.


AM:09:11:05/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی