چی ڕوودەدات؟

‌مەریوان وریا قانیع


”ئەوەی ئەمڕۆ لەدونیای ئێمەدا ئامادەیە بریتییە لەھێزگەلێکی گەورە کە تەواو بەو دۆخەی دروستکراوە ناڕازییە. ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک کە ھەستدەکەن دزیی گەورەیان لێکراوەو دونیاکەیان وێرانکراوە. ئەم ناڕازییبونە لەجەوھەردا ھەمان ئەو روحییەتە ناڕازییەیە کە پێش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەبو، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە، کە ئەزمونی گۆڕان ناڕازاییبونەکانی ئەمڕۆکەی بارگاویکردوە بەبڕێکی بەرچاو لەنائومێدیی سیاسیی."

”تاکە چارەسەری حوکمڕانان (بۆ ئەم دۆخەی ئەمڕۆ) بریتییە لەدرێژەدان بەمەیل‌و واقیعی دەسەڵاتی خێزانیی، پەنابردنی بەردەوام، یان ھەڕەشەی بەردەوام بەپەنابردن بۆ توندوتیژیی، چەسپاندنی زیاتری پایەکانی سوڵتانیزمی سیاسیی، پەراوێزخستنی تەواوەتی فۆرمە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی‌و ناسیاسیی، قوڵکردنەوەی زیاترو بەردەوامی پارچەپارچەبونە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەکان، درێژەدانێکی ترسناک بەپێشێلخستنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ‌و سوکایەتیکردنێکی سیستماتیکی بەکەرامەتی مرۆڤەکان."

”لەھەرێمی کوردستاندا نەک تەنھا پرۆسەی”گواستنەوە بۆ دیموکراسییەت” تەواو وردوخاش کراوە، سوڵتانیزم لەزۆر بواردا چەسپاوە، سیستەمی پەرلەمانتاریزم کراوە بەگاڵتەجاڕیی‌و ھەمو ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی وەکو سەگوەڕییەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵکو ھاوکات شتێک لەعەقڵانیەتی سیاسیی‌و خەمی نیشتیمانیی‌و پاراستنی ژیانی گشتیی، لەسیاسەتی کوردیدا نەماوە."

”وەکچۆن لەڕۆژانی خۆپیشاندانەکانی هەڤدەی شوباتدا ئەو ئۆرگانە رەسمیی‌و حکومییانەی کە هەبون هیچ دەسەڵاتێکیان نەما و هەمو دەسەڵاتەکان کەوتنە دەستی ئۆرگانە حزبییە ئاشکراو نهێنییە ئاراستەکراوەکان‌و هیچ کاربەدەستێکی ناو حکومەت نەیدەتوانی بڕیاری تەنانەت ئۆرگانێکی حزبیی بوەستێنێت، ئاوهاش لەدۆخی دوبارەبونەوەی ناڕەزایی دەربڕینی توندوتیژانەدا کوردستان بەکردەوە دەکەوێتە بەر رەحمەتی هەمو ئەو هێزو میلیشیاو رێکخراوە ئاشکراو نهێنییانەی کە حزب بۆ گیانی خەڵک‌و کۆمەڵگا قەڵەوی کردون. ئەزمونی ئەسەدو یەمەن‌و لیبیاو تورکیای ئەمڕۆکەی ئەردۆگانیش، نمونەیەکی باشن بۆ لاسییکردنەوەیان لەکوردستاندا."

”کۆمەڵگای ئێمە ھاوکات پڕبوە لەچەکی تۆقێنەرو ھێزگەلێکیش ئەو چەکانەی لەدەستدایە ھیچ یاسایەک‌و ھیچ بەھایەکی ئەخلاقیی جڵەویان ناکات‌و بەچەشنێکی ترسناک سەربەخۆیی خۆیان وەرگرتوە، سەنتەرێکی دەسەڵات نەماوە کە ھیچ یەکێک لەلۆردە سیاسیی‌و سەربازییەکان ملکەچی ئەمرو نەھییەکانی بێت‌و رێز لەبڕیارەکانی بگرێت، چەندین سەنتەری جیاوازی دەسەڵات لەوڵاتدا دروستبوە کە ھەریەکەیان بوە بەئەمیرێک لەئەمیرە زۆرەکانی جەنگ لەناوچەکەی خۆیدا."

”گرفتی کوردستان ئەوەیە حوکمڕانییەکەی بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە حوکمڕانێتییەکی سوڵتانیی دیکتاتۆریی عەیار ٢٤و ھێزە سیاسییە ریفۆرمخوازەکانی رۆڵێکی ئەوتۆیان نەمێنێت لەناو نەخشەدانانی سیاسی لەکوردستاندا."

کۆمەڵێک پەرەگرافی کەم لە دواھەمین نووسینی کاک ئاراس فەتاح و من لە ڕۆژنامەی ئاوێنەدا کە لەچەند ھەفتەی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە.


PM:03:11:01/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 6016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی