(پۆستی سەرۆک کۆمار)
عهبدولرهزاق شهریف
تارادەیەک ، مەسەلەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد بوە بە عورفێکی سیاسی و ئەو پرەنسیپی تەوافوقەی لە دەستوری عێراقیدا، نوسراوە .
لە رێکەوتنەکانی پێشوی نێوان ( پ د ک و ینک) یشدا ، بەرامبەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و، تەسلیمکردنی حوکمدارێتی بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ، تاڵەبانی باوک ئەو پۆستەی بۆ یەکێتیەکەی بچڕی و لەناوخۆی کوردستاندا، باجێکی قورس و گرانیشیان خستە سەر خۆیان، تا ئێستاش ئەو بڵانسی پەیوەندیە سیاسیانە لە دەرەوەی یەکێتی و ناوخۆشیاندا، راستنەبۆتەوە .
ئەگەر پارتی لەم دەورەیەدا بیەوێ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار وەربگرێت، ئەبێت ئامادە بێت پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بدات بە ماڵباتی تاڵەبانی ( حەتمەن بە تەشریفاتی وەک سەرۆکایەتیەکەی عێراق، کە بەم هەنگاوە گۆڕانی شەریکە حوکمدارێتیشی رازی ئەکات )، خۆ ئەگەر ئەمە رونەدات پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار ئەچێتە ناو کێشە و بێنەوبەردەی ئاژاوەکانی ناوخۆی یەکێتی لەلایەک و ململانێ و تۆڵەسەندنەوەی ناوخۆی پارتی و یەکێتی لە لایەکیترەوە، بەرەچاوکردنی پێگەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کاندیدە رکابەرەکان .
بەرهەم ساڵح ، لەتیف رەشید و مەلابەختیار ناویان لە سەرەوەی لیستەکەدایە، بە ئاماژەکانی سێ ساڵی رابروی پەیوەندیەکانی بەرهەم و بارزانی چانسی دوبارەبونەوەی زۆر ئەستەمە، ئەگەر بارزانی تەکلیفی ئێرانیەکان و هێزەکانی شیعەی عێراق نەشکێنێ ! لەتیف رەشید لەو نێوەندەیا پێگەی لە مەلا بەختیار بەهێز ترە ، خۆ ئەگەر ەبارزانی نەچێتە ژێر باری تەکلیف و سەودا و مامەڵەوە بە دڵنیایی دڵخوازی خۆی مەلا بەختیار ئەبێت .
بەشبەحاڵی خۆم باوەڕم وایە کورد جگە لە ئیحراجی و هەندێ دەستکەوتی شەخسی و حیزبی هیچی لە پۆستەکانی بەغدا نەچنیوەتەوە ، بەشداریشی لە حوکمڕانی عێراقدا، جگە لە مایکاب و رتوشکردنی ناشرینیەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق و شەرعیەتدان بە وەهم و درۆی دیموکراسی وڵات هیچیتر نیە ..! باشترین بژاردەش بۆ کورد، بەشداریکردنێتی بە تەنیا نوێنەرێک لە حوکمەتەکانی ئایندەی عێراقدا، ئەوەش تەنیا بۆ پەیوەندیەکان و بۆ ئەوەی داوای مافە دەستورییەکان و ڕای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ناوەندی دەسەڵات بگەیەنێت .
PM:09:40:03/12/2021
ئهم بابهته 3764
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی