دیسان لەسەر ژمارەی سپاردن!

‌ ئاسۆس هه‌ردی

پاش ئەوەی بڕیاری بە ناوەندیکردنی ژمارەی سپاردن ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، ئەم ئێوارەیە وەزارەتی رۆشنبیری روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە بۆ "دڵنیاکردنەوەی نووسەران" لەوەی "هیچ هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی" لە ئارادا نیە.

پێشەکی دەمەوێ بڵێم من قسە لەسەر نییەت ناکەم، بەڵکو لەسەر لێکەوتە واقیعییەکانی بڕیاردان و رێنمایی دەرکردن قسە دەکەم. گەلێکجار مرۆڤ بە نییەتێکی زۆر باش و ئازادیخوازو چاکەخوازانەوە بڕیار دەدات، بەڵام ئەنجامی واقیعیی بڕیارەکەی کارەساتبار دەبێت.

پێم وایە بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیری هەر نییەتێک لەپشتەوە بێت، دواجار جگە لە دەرفەتدان بە سانسۆر هیچ ئامانجێک ناپێکێت.

ئەوەتا لە بەشێکی بڕیارەکەدا دەڵێت: 
"پێویستە ئەم ئەرکە زۆر بە گرنگی و بایەخ پێدانەوە جێبەجێ بکرێت و تیایدا رەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەها پیرۆزەکان بکرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەهاو هێما پیرۆزەکان تێک نەدات".

هەروەها لە بڕگەی سێهەمی روونکردنەوەکە دەقاودەق ئاوا دەڵێ:
"٣- ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێك رێگە لەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ‌ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، دارشتن‌و رێزمانی كوردی‌و خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن.
هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەن‌و سنورێك بۆ جنێودان‌و ناوزڕاندن دابنرێت."

چەند سەرنجێکی کورت لەسەر ئەم دوو دەقە:
یەکەم، زۆر روون و ئاشکرایە ئەم بڕگانە دەسەڵات دەدەن بە کەسانێک (جا لیژنە یا هەر ناوێکی تریان لێبنرێت)، بە بیانووی "بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و پاراستنی بەها پیرۆزەکان"، یاخود بە پاساوی زمانەوانی(!)و "پێشێلکردنی مافی خەڵکی دیکەو جنێودان و ناوزڕاندن" رێگە لە بڵاوکردنەوەی کتێب بگرن. ئەمەیش بێ هیچ گومانێک و (رەنگە بەپێچەوانەی نییەتی وەزارەتیشەوە، وەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە)، دەرفەتێکە بۆ سانسۆرکردن، چونکە ئەمڕۆیش نەبێ سبەینێ دەشێت ئەو بیانوو و پاساوانە بۆ قەدەغەکردنی کتێب بەکار بهێنرێن.

دووەم، زمانی کوردی بە قەدەغەکردنی کتێب ناپارێزریت. پێویستی بە پلانێکی گشتگیرو هەمە لایەنە کە لە قۆناغە جیاوازەکانی پەروەردەوە دەست پێ بکا تا دەگاتە کۆلیجەکانی زمان، چونکە کێشەکە لەوە گەورەترە بە قەدەغەکردنی کتێب چارەسەر بکرێت. من بەوپێیەی ساڵانێک لە رۆژنامە کارم کردووە، گەلێک نموونەی نووسینی خەڵکێکم هاتۆتە بەردەست کە دەرچووی زانکۆ و بەشی زمانیش بوون، بەڵام نووسینەکانیان پڕ بووە لە هەڵەی رێزمانی، نەک هەر خاڵبەندی. ئەمە نیشانەی ئەو کەلێن و کەموکوڕییانەیە کە لە سیستمی پەروەردەو کۆلیجەکانی زمانی کوردیدا هەیە. جگە لەوەش ئەرکی زمانزانەکانە چاودێریی ئەو جۆرە کتێب و نووسینانە بکەن و بە رەخنەی زانستیانە، نووسەرو خوێنەریش ئاگادار بکەنەوە لە هەڵەو کەموکوڕییەکان. لەم بوارەدا تاکەشتێک کە وەزارەتی رۆشنبیری بتوانێ بیکات ئەوەیە، هاوکاری چاپکردنی ئەو کتێبانە نەکات کە کێشەی زمانەوانییان هەیە، نەک قەدەغەیان بکات. یاخود رەنگە یەکێک لە رێگەکان ئەوەبێت خانەکانی بڵاوکردنەوە پابەند بکرێن بەوەی خەڵکێکی زمانزانیان هەبێت پێشوەخت پێداچوونەوە بەو کتێبانەدا بکەن کە چاپیان دەکەن.

سێیەم، خۆ ئەگەر مەسەلەکەش رێگەگرتنە لە ناوزڕاندن و پێشێلکردنی مافی خەڵکی تر، ئەوا پاش بڵاوبوونەوەی هەر کتێبێک ئەو کەس یان دامودەزگایانەی پێیان وایە مافیان پێشێلکراوە یاخود سووکایەتییان پێکراوە، دەتوانن روو لەدادگاکان بکەن و مافی خۆیان بە یاسا وەربگرنەوە، نەک پێشوەخت بەو بیانووانەوە کتێبەکان قەدەغە بکرێن. دوا بڕیاریش هەر لە دادگا دەبێ. ئەگەر وا نەبێ، کەواتە ئێمە دادگاو دواکاری گشتی و یاسای چاپەمەنی و رێکخستنی رۆژنامەگەریمان بۆ چیە؟ چۆن دەبێ وەزارەتی رۆشنبیری خۆی بکاتە دادوەرو دادگای نووسەران؟ وەزارەتی رۆشنبیری دەبێ شوێنێک بێت بۆ پشتیوانیکردن لە نووسەران، نەک لێپێچینەوەو دادگایی کردنیان.

لە وڵاتێکی رەگەزپەرستی وەکو تورکیادا کە تا دوێنێ (بگرە ئەمڕۆش) تەنانەت وشەی (کورد) قەدەغە بوو، لە لوتکەی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆجیای کەمالیزمدا، کەس نەیدەتوانی رێگە لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکانی ئیسماعیل بێشکچی بگرێت. کتێبەکان بڵاودەبوونەوە، پاشان بە بیانووی جۆراوجۆری رەگەزپەرستانەوە ئیسماعیل بێشکچی دادگایی دەکراو کتێبەکانی قەدەغە دەکران. سەیر نیە لە کوردستانی ئازاددا بە یاساو رێنماییەکان دەرفەتی قەدەغەکردنی پێشوەختی کتێبەکان بڕەخسێنرێت!

لەکۆتاییدا هیوادارم وەزارەتی رۆشنبیری ئەگەرە مەترسیدارەکانی داهاتووی ئەو بڕیارەی لەبەرچاو بێت و ئازایانە بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە، چونکە (١٠) کتێبی خراپ بڵاوبکرێتەوە، باشترە لەوەی کتێبێکی باش قەدەغە بکرێت.


PM:10:52:28/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی