مەلا عەلی کەڵەک وەک سامانێکی نیشتمانی!!

‌مەجید ساڵح

ماوەماوە كاتێک کەیسێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی سەرھەڵدەدا و پێویستە خەڵک ئاگایان لێی بێت، ھەندێ کەناڵی دیاریکراو مەھزەلەکانی مەلا مەزھەر و مەلا عەلی کەڵەک قووت دەکەنەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەوێشەوە رای گشتی کۆمەڵگای کوردی پێ سەرقاڵ دەکەن...ئەمە دیدگا سادەکەی ئێمەیە بۆ دەرکەوتنەکانی مەلا عەلییەکان و مەلا مەزھەرەکان .. بەڵام لە حەقیقەتدا ئەسڵی مەسەلەکەمان لە بیر کردوە کە ئاخۆ بۆ رای گشتی و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا زۆر زوو دەکەونە ژێر ھەژموون وکاریگەری ئەم جۆرە  بابەتانەوە؟!؟ئەبێ ھۆکاری ئەو ئینحیتات و کورتبینیە چی بێت وای لە کۆمەڵگایەک کردبێت گوێ بە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتیە زۆرگرنگەکانی خۆی نەداو بە گاڵتەجاڕییەکانی مەلا عەلی و مەلا مەزھەرەوە سەرقاڵی بکات؟!؟

بەدواداچوونە زانستی و رۆژنامەوانیەکان دەریان خستووە ئەو پیاوە ئاینیانەی کە خەریکی دەجەل و مەشغوڵکردنی کۆمەڵگان بە شتی پڕوپوچ بەشی زۆریان لەو کەسانەن کە لە قوتابخانە وخوێندن و پەروەردەی کۆمەڵایەتیاندا فاشیل و ناکارا بوون ولە ژینگەیەکی پۆخڵەوات و دوور لە عیلم و زانستەوە ھاتوون.

زۆربەی ھەرەزۆری نێچیری ئەم جۆرە مەلایانە ئەوکەسانەن کە بەدوای دەردی بێ دەرمانیاندا دەگەڕین، وەک دەزانن زانست ھێشتا پەی نەبردوە بە  دۆزینەوەی  چارەسەر بۆ ھەندێ نەخۆشی ، بۆیە بەزۆری  ئەم جۆرە مەلایانە باسی چارەسەری ئەو کەسانە دەکەن و ڤیدۆیەکیان لێ دروست دەکەن و خەڵیکش بە دژ و بە لە گەڵ پێیوە سەرقاڵ دەبن، یان دین ھەندی  مەسەلەی وەک فرەژنی و بێ دەسەڵاتی  ژن بەرامبەر پیاو کە خەڵکە   سایلکەو خاوەن رۆشنبرە سنوردارەکان باوەڕیان پێیەتی دەوروژێن و بە خوتەبەکانیان وا لە خەڵک دەگەیەنن کە ئیسلام لەمەترسیدایە و فریای بکەون،  نەگبەتیش لەوەدایە کۆمەڵێک کەس لە نەزانینەوە بێت یان بە مەبەست دەکەونە دژایەتی دین و ژینگە لەبارەکەیان بۆ دەخولقێنن.

دەرکەوتنی ئەم جۆرە مەلاو پیاوە ئاینی و دەجالانە ھەر پەیوەست نییە بە کوردەوارییەوە، بەڵکو لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانیشدا ھەیە و بە سەدان کەناڵی میدیایی و  دەزگای تایبەتیان بە خۆیان ھەیە، بەڵام کەناڵە کانی دیکەی راگەیاندن ھیچ کات نابنە مینبەر بۆیان  و نایانکەن بە پاڵەوانی سەر شاشەکانیان و ھەرکاتێکیش بیھانھێنن ریسەکەیان لێ دەکەنەوە بە خوری و حەقیقەتە نازانستیەکەیان دەردەخەن...

ھەندێ کەناڵی راگەیاندن واجبەکەی خۆی جێبەجی دەکات و کۆمەڵگا بە مەلا عەلی و مەلا مەزھەر سەرقاڵ دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا دەبێ کۆمەڵگا  بەم چەواشانە ھەڵنەخەڵەتێت.

حکومەتی ھەرێمیش بە تایبەتی وەزارەتی تەندروستی و ئەوقاف و رۆشنبیری گەر بە بەڵگەی زانستیەوە بۆیان درەکەوت مەلا عەلی کەڵەک کەڵەک باز نییە  بە میزی حوشترەکەی و تفی دەمی چارەسەری فایرۆسی کرۆنا و ئەنواعی نەخۆشییەکان دەکات، با کەیسەکەی ببەنە مونەزەمەی سەحەی عالەمی  وبەڵکو ئەمە خواکردی کورد ھەر ھیچ نەبێ لەمەدا ناوی بچێتە ناوانەوە  ئیتر کەم باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکرێت و ئێمەش وەک سامانێکی نیشتمانی رێز ی لێ بگرین!!!!!!


AM:11:03:15/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 4788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی