"مەبە بە کورد تا نەبمە عەرەب"

‌سەرکەوت شەمسەدین

رۆژێک لیژنەی موساڵەحەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕال سەردانی گروپی (15) ی جاران و هاوپەیمانی (هیوا) ی ئێستا یانکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی مووچە و نەوت.

لیژنەکە بریتیبوون لە (محمد دەراجی، محمد شیاع سودانی، فەیسەڵ عیساوی، شێخ مزاحم، حسن شويرد الحمداني).

بەگشتی ئەم لیژنەیە بەدوای حەلدا دەگەڕا و لیژنەیەکی تۆکمەبوون و دەستوریانکردبوو بە بنەما بۆ یەکلایکرنەوەی کێشەی مووچە و نەوت.

لە گفتوگۆکاندا پەرلەمانتار حسن شویرد حەمدانی (کە لەجێگەی ئەیاد عەلاوی هاتوەتە پەرلەمان) شتێکی گرنگ و راستگۆیانەی وت کە من وەک مەبدئ و وەک ستراتیژی کارکردنی نوێنەرانی کورد لە بەغداد یەکجار بە گرنگی ئەزانم.

ئەو وتی "کاتێک باسی نەوت و بودجە دەکەین ئێوە مەبن بە کورد و وەک کورد گفتوگۆ مەکەن، تا منیش وەک عەرەب رەفتار نەکەم" ئەو وتی "پارە و نەوت نەتەوە و مەزهەب ناناسێت، نەوت و سەرچاوەی سرووشتی لە بەسرە هەیە بەس لە ئەنبار نییە، لە کاتێکدا ئەنبار بەپێی رێژەی دانیشتوان وەک بەسرە بودجە وەردەگرێت، نەک بەپێی سوننە و شیعە."

ئەو باسی ئەوەی کرد پرسی پارە و داهات پرسێکی رۆژانەیە و بە قەومیکردن و بە مەزهەبی کردنی ئەو پێکهاتەی کەمینەیە سودی لێنابینێت و زیان دەکات بەڵکو، بە نیشتیمانیکردنی نەوت و داهات وا دەکات هیچ پەرلەمانتارێکی عەرەب لەم بەغدادە بیانوی نەبێت سەنتێکتان لێ ببرێت، بەڵکو ئەتوانن هاوپەیمانی عەرەبتان زۆر بێت بەمەرجێ بنەماکە قەوم و مەزهەب نەبێت، بەڵکو دادپەروەری و دەستوور بێت، میش دڵنیام کە بەم بیرکردنەوەی ئێستا ناگەین بە هیچ ئەنجامێکی نوێ.

ئەوە پەیامێکی گرنگ بوو. بەڵام کاتێک ستراتیژی بارزانی بازرگانیکردن بێت بەسەر خوێنی کورد و لە بەغدا روفاتی ئەنفالەکانی خزبێتە مەزادەوە بۆ کۆکردنەوەی ملیاران دۆلاری زیاتر، بەناوی کورد و هەڵەبجەوە شەرعییەت بە تاڵانچێتی خۆیان بدەن، چۆن دەتوانێت دەستبەرداری گوتاری ژەهراوی قەومی ببن و لە پێناو هاوڵاتیانی کوردستانی عیراق، رێکەوتنێکی شامل و هاوسەنگ بکەن؟

ئەوەی ئەمرۆ بەسەر کوردستان دێت بەرهەمی ستراتیژی کوردایەتییە کە لەسەر خوێنی نەهامەتییەکانی هاوڵاتی ئاسایی بنەماڵەکان ملیاران دۆلاریان کەڵەکەکردووە، دەنا کەس نکوڵی لە ماف و پشکی ئێمە ناکات و ناشتوانن بیکەن.

ئەم برسیکردنە دروستکراوە لەبەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانی، و چەتەکانی تریش سودی لێدەبینن. بەڵام کاتێک هۆشیاری گشتی گەشتە ئاستێک ئەم چەتانە هیچ رۆڵێکیان نەمێنێ و خەڵک گوتاری قەومیی بە نەفرەت بکات، ئەوکات ئاسۆی چارەسەر روومان تێدەکات.

سەرکەوت شەمسەدین
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
۱۲ ی جانیوەری ۲٠۲


PM:12:41:12/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 2312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی