کتێب، دنیایەکی دیکە!

‌محەمەد چاوشین


قسەیەک ھەیە کە دەڵێ :

کتێب باشترین ھاوڕێی مرۆڤە.

بەڵام خەڵکانێکی کەم لە مانا و مەفھوومی ئەو ھاوڕێیە تێدەگەن.

مرۆڤەکانی لای ئێمە ھاوڕێی زۆرشتن کە شت نین و گۆڕانێک لەژیانی ئەواندا بەدی ناھێنێت.

ئێمە ھاوڕێی نێرگەلە(قلیان)ین کە بەشێنەیی ژیان و ژینگەمان وێران دەکا و باکیشمان پێی نییە، بەڵام ناتوانین ببینە ھاوڕێی کتێب!.

لەشارەکەی مندا(قەڵادزێ)، زیاتر لە 1٠ بۆ 15 کافتریای نێرگەلە کێشانی لێیە، بەڵام ھێشتا بەشێکی ھەرەزۆری گەنجانی ئەوشارە، نازانن کتێبخانەی گشتی شارەکە لەکوێیە!.

تەنانەت ئەو گەڕەکەی کە کتێبخانەی گشتی قەڵادزێيشی لێیە، زۆربەی دانیشتووانی گەڕەکەکە ھێشتا پێیان نەناوەتە ناو حەساری کتێبخانەکەوە!.


ئێمە ھاوڕێی ژیانێکین کە بەبێ بوونی ھیچ ئامانجێک ساڵەکانی تەمەنمانی تیادا بەڕێ دەکەین، بەڵام ھاوڕێیەتی کتێبێک ناکەین کە دەکرێ چارەنووس و دنیابینیمان بگۆڕێ و بمان خاتەوە سەر ئەو ڕاستە ھێڵەی کە دەکرێ بەرەو ژیانێکی شایستەترمان ببات!.

ژیانی ئێمە بەشتی بێ نرخەوە پڕمان کردووە لەجەنجاڵی!.

ئەم فۆڕمەی ئێمە ژیانی تیادا بەسەردەبەین، جێگای ھەموو شتێکی تێدا دەبێتەوە تەنھا کتێب نەبێ!.

بایەخ بە ڕوواڵەتمان دەدەین و فکر و ئاوەزيشمان لەسەر ڕەفتەی فەرامۆشی داناوە!.

ئێمە لەژیانێکی بێھودەدا دەژین، کە پڕیەتی لە قەیران و مەرگەسات، کە دەکرێ بەشێکی زۆری ئەو قەیران و مەرگەساتانە، زادەی ھزر و بیرکردنەوەی خراپی خۆمان بن!.

لە نیشتیمانێکدا، ئەگەر"خوێندنەوە بەشێک نەبوو لە ژیانی خەڵک، بێگوومان دەکرێ و ئاساييه لەناو ئەو ھەموو قەیران و ماڵوێرانییەی ھاوشێوەی ئێستای ھەرێمی کوردستاندا بژیت.


کتێب، جیھانێکی دیکەیە، ھێندێک کەس پەی پێ دەبەن و دەی دۆزنەوە و ژیانێکی جیاوازتر ئەزموون دەکەن.ھێندێک کەسیش ئەو جیھانە نابینن و بێھودە بەدوای ژیاندا ڕادەکەن و بەھیچیش ناگەن!.

بە بۆچوونی من، پێشکەوتنی وڵات، بەندنییە بەوەی چەندە خاوەنی سامانی ژێر زەوی گران بەھاین، بەڵکوو بەندە بەوەی کتێب خوێندنەوە لەکوێی ژیانی ڕۆژانەماندا وەستاوە!.

لێرەدا خراپ نابێ ئەگەر چاوێک بەو ئامارەدا بخشێنین کە "دامەزراوەی لێکۆڵینەوە و ئامارگیری ئەوروپا" ئەنجامی داوە. کاتێک چاو لەو ئامارە دەکەم، گریانم بۆ دۆخی ئێستای وڵاتی خۆم دێت، چونکە بۆمان دەردەکەوێ کە ئێمە چەند ھەژار و دواکەوتووین!.

وڵاتی فنلاند زۆرترین خوێنەری کتێب!


"دامەزراوەی لێکۆڵینەوە و ئامارگیری ئەوروپا"، ئەو ئامارەی لەساڵی ٢٠١١ ئەنجام داوە.

بەگوێرەی ئامارەکە، خەڵکی وڵاتی"ئایسلەند"، لەساڵێکدا ٤٠ کتێب دەخوێننەوە کە لەدوای وڵاتی "فنلاند"، زۆرترین خەڵکی کتێب خوێندنەوەی ھەیە.


خەڵکی وڵاتی فنلاند، لەساڵێکدا ٤٧ کتێب دەخوێننەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان،لە ھەر ١٠ ھاووڵاتییەکی ئایسلەندی، بەدرێژایی ژیانی خۆی،یەک کتێب دەنووسێت کە بەگوێرەی زانیاری ئەو ئامارانەش، لەسەر ئاستی جیھان ئەو وڵاتە گەورەترین وڵاتی بەرھەم ھێنەری نووسەرانە.

لەسەر ئەوبنەمایە، ئەگەر شاری"ڕیکیاڤیک"ی پایتەختی ئایسلەند بەنموونە وەربگرین و وای دابنێین کە ژمارەی دانیشتووانەکەی (١٠٠) ھەزار کەسە، ئەوا بەو ئاکامە دەگەین کە لەوشارەدا ١٠ ھەزار نووسەر بوونی ھەیە.


ھەروەھا زۆرترین کڕیاری کتێبیش لەسەر ئاستی دنیا، خەڵکی وڵاتی ئایسلەندە.

ھەربەپێی زانیاری ئەو دامەزراوەیە، ٧٢% ی دانیشتوانی"سوئێد"، ئەھلی کتێب خوێندنەوەن.

٦٨% خەڵکی فنلاند، ٦٧% ئاڵمان، ٦١% ئینگلیز، ٥٦% فەڕەنسییەکان و ھەروەھا ٥٥%ی دانیماڕکییەکان ، کتێب دەخوێننەوە.

بەشێوەیەکی مام ناوەندی، ھەر ھاووڵاتییەکی نەرویجی ١٨ کتێب و ھەروەھا ھەر ئاڵمانییەک ١٥ کتێب لە ساڵێکدادەخوێننەوە.

ئەو وڵاتانەی کەوتوونەتە باکوری ئەوروپا، بەشێوەیەکی مام ناوەندی پێنج کتێب زیاتر لەو وڵاتانەی کەوتوونەتە بەشی باشوری ئەوروپاوە دەخوێننەوە.


فنلاندییەکان زۆرترین تێگەیشتنیان ھەیە!

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی"ھاريکاری و گەشەپێدانی ئابوری ئەوروپا"،(ساڵی 2011)خەڵکی"فنلاند"، زۆرترین تێگەیشتن و درکیان ھەیە لەو کتێبانەی دەیان خوێننەوە.

دوای ئەوانیش ھەریەک لە وڵاتانی(کەنەدا، نیوزیلەند، ئوسترالیا، ئایرلەندا، کۆریای باشور، ئینگلیز، ژاپۆن، سویسڕا، ئوتریش، بەلژیکا، ئایسلەند، نۆروێژ) دێن.


"ژاپۆن"پێشەنگە!

لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی"یونسکۆ"، دەری خستووه کە خەڵکی وڵاتی"ژاپۆن"، لەڕووی "خوگرتن"بە کتێب خوێندنەوەوە، لەپێشەنگ دان. ٩١% ی خەڵکی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی باو کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە دەخوێننەوە.

بۆنموونە، ھەر ژاپۆنییەک، لەماوەی یەک ساڵدا 40 بۆ ٤3 کتێب دەخوێنێتەوە.

دوای ئەوانیش خەڵکی وڵاتی کۆریای باشور دێت کە لە ٦٥%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی جدی خویان بە کتێب خوێندنەوەوە گرتووە.

مەکسیکییەکان لەدواوەن!

لەناو وڵاتانی ئەمریکای لاتینیشدا، خەڵکی وڵاتی "مەسیک" کەمتر کتێب دەخوێننەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە ٨٥% ی دانیشتوانی مەکسیک، لەماوەی یەک ساڵدا تەنانەت کتێبێکیشیان نەخوێندۆتەوە.

ڕێکخراوی "یونسکۆ"، ئاماژە بەوەدەکات کە ٢/٨% مەکسیکییەکان ھیچ ھۆگرییەکیان بۆ کتێب خوێندنەوە نییە.


وڵاتانی عەرەبی!

لەسەرجەم وڵاتانی عەرەبیدا، ساڵانە تەنھا ٤٠٠ کتێبی بواری منداڵان چاپ و بڵاو دەبنەوە، بەڵام لە ئامریکا ١٣٢٦٠ کتێب، ئینگلیز ٣٨٣٨ کتێب، فەڕەنسا ٢١١٨ کتێب و ھەروەھا ڕوسەکانیش ١٤٨٥ کتێب بۆمنداڵان چاپ و بڵاو دەکەنەوە.

ڕێکخراوی یونسکۆ ڕایگەیاندووە، بە ٢٠ منداڵی وڵاتانی عەرەب، لەماوەی ساڵێکدا تەنھا یەک کتێب دەخوێننەوە.

بەڵام منداڵێکی ئینگلیزی ٧ کتێب، منداڵێکی ئەمریکی ١١ کتێب لەماوەی ساڵێکدا دەخوێنێتەوە.


ھەرێمی کوردستان؟

سەبارەت بە ھەرێمی کوردستانیش، ھەرچەندە ھیچ ئامارێکم لەبەردەست دانییە، بەڵام ئەگەر بەپێی ھەڵسەنگاندنی خۆم بێ کە لەشارەکەی خۆمدا (قەڵادزێ) بەدی دەکەم، لەوانەیە ئێمەی کورد، لە تەمبەڵترینی نەتەوەکانی جیھان بین کە ھیچ سەروکارێکی ڕۆژانەمان لەگەڵ کتێبدا نییە و وەکوو دوژمن تەماشای کتێب دەکەین.

سەرچاوە :

http://www.ibna.ir/fa/doc/report/192578/%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%87-%D9%85%D8%B7%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%87-%DA%86%DB%8C%D8%B3%D8%AA-%DA%86%D8%B1%D8%A7-%D9%85%D9%84%D8%A7%DA%A9-%D8%AA%D9%88%D8%B3%D8%B9%D9%87-%DB%8C%D8%A7%D9%81%D8%AA%DA%AF%DB%8C


PM:09:47:11/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 5519 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی