حیکایەتە سواوەکانی ئەنفال!

‌محەمەد چاوشین

ئەمڕۆ (١٤/ ٤/ ٢٠٢٠)، ٣٢ ساڵ بەسەر ژینۆسایدی "ئەنفال"لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە تێپەڕیوە.
ئێمە دەزانین ئەنفال ھەوڵێکی نەگریسی ڕێژیمی بەعس بوو بۆ ئاسمیلەکردنی گەلەکەمان لەچوارچێوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا.

لەڕاستیدا ئەوەش دەزانین کە ئەنفال چوارچێوەیەکی  فکری و ئایدۆلۆژیکی"ناسیۆنالیستی ڕەگەزپەرستانە و ئایینی"بۆ داڕێژرابوو، بەوردیش بیری لێکرابۆوە.

بەڵام زیاتر لە ٢٥ ساڵە دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان، بە گێڕانەوەی حیکایەتی سواو و  ھەزار بارە یادی ئەو ڕووداوە دەکاتەوە!.

داپیرە و بابەپیرە جەرگ سووتاوەکانی پاشماوەی ئەنفال دێنێتەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و برینەکانیان دەکولێنێتەوە و حیکایەتی جۆراوجۆرایان پێ دەگێڕێتەوە!.

بێ ئەوەی گێڕانەوەی ئەم حیکایەت و بەسەرھاتە کۆن و سواوانە ھیچ لە زام و جەستەی ھەلاھەلابووی پاشماوەکانی ئەنفال کەم بکاتەوە!.

بڕوای من وایە، دەسەڵاتی سیاسی لە باشووری کوردستان، لەجیاتی کولاندنەوەی برینی پاشماوەکانی ئەنفال، یان گێڕانەوەی حیکایەتی سواو،  دەبێ لەسەر سێ ئاست كار بكات، ھەڵبەت نەک ئێستا کار بکات، دەبوایە زۆر زووتر کاری لەسەر کردبا:

یەکەم: ژیانێکی شەڕافەتمەندانە بۆ پاشماوەکانی ئەنفال دەستەبەر بکات، گوند و ئاواییەکانیان بۆ ئاوەدان بکاتەوە، خزمەتگوزارییان پێشکەش بکات، لەخەمی ژیان و نان و تەندروستییان دابێت، کەرامەتیان بپارێزێت، نەک ھەموو ساڵێک بە ھەندێک ھەنگاوی نمایشی‌ و فۆرمالیتە، ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی لەبیری خەڵک بباتەوە!.

دووەم: جیالەوەی ڕێژیمی بەعس وەکوو بکەری سەرەکی ژینۆسایدی ئەنفال لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نەماوە، بەڵام ھێشتا بەشێک لەتاوانبارانی ئەنفال لەناو باشووری کوردستان و دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش دەژین و ژیانیشان لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا زۆر لە پاشماوەکانی ئەنفال باشترە!. دەسەڵاتی سیاسی باشووری کوردستان، دەبێ ھەوڵی بەسزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانە بدات نەک پەنایان بدا.

بەسزا گەیاندنی ئەم تاوانبارانە، کەمێک لە گوشارە دەروونییەکانی پاشماوەکانی ئەنفال کەم دەکاتەوە.

سێھەم: سیاسەتی لۆبیگەری بکات بۆ بە ژینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە لەسەر ئاستی نەتەوەیەکگرتووەکان."تەماشای لۆبیکەری جووەکان بکەن، جووەکان بۆ لێ فێربوون دەبن".

ئەم  ھەنگاوە دەبوایە بەر لە ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە ئەولەویاتی کارەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە باشوور و حیزب و ڕێكخراوەکانیش بوایە!.

لۆبیگەری ھۆشیارانە، ھەزاران جار باشترە لە گریان و لاڵاناوە و پاڕانەوە و کولاندنەوەی برینی پاشماوەکانی ئەنفال!.

دەسەڵاتی سیاسی لە باشووری کوردستان دەبێ بزانێت، گێڕانەوەی حیکایەته کۆن و سواوەکان بەھیچ کوێیەکتان- کوێیەکمان ناگەیەنێت!.
١٤/ ٤/ ٢٠٢٣٠


PM:02:12:14/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 4196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی