کیسەی نایلۆن،دوژمنێک لەبۆسەدا!

‌محەمەد چاوشین


ئایا قەت لەخۆت پرسیوە،ئەگەر بۆماوەی دوو سێ ڕۆژێک،زبڵ و خاشاکی ماڵەوە فڕێ نەدەیت چی بەسەر ناو ماڵەکەتدا دێت؟

بەپێچەوانەشەوە ، قەت لەخۆت پرسیار دەکەیت کە ئەگەر بەدرێژایی ساڵ،پاشماوە و زبڵ و خاشاک لەشوێنی سەیران کردن بەجێ بێڵیت،چی بەسەر سرووشت و ژینگەی ئەو دەوروبەرەدا دێت؟

زۆرێک لەو پاشماوانەی کە ئێمە فڕێیان دەدەین،دەکرێ دووبارە بەکاریان بێنیەوە و سودیان لێ وەربگرین.زۆرێکیشیان بەدرێژایی سەدان ساڵ لەناو سرووشتدا دەمێننەوە و لەزەویدا شی نابنەوە.

 زەرفی نایلۆن ئەمڕۆکە لەجیھاندا،بەیەکێک لە دژەکانی ژینگە ئەژماردەکرێت.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان،زەرفی نایلۆن زیاتر لە 700 تا 800 ساڵ لەناو ژینگەدا دەمێنێتەوە و شی نابێتەوە.
واتا،دە ھێندەی مرۆڤەکان تەمەنیان ھەیە و لەناو ژینگەدا دەژین.

زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە ساڵانە نزیکە یەک تڕلیۆن تۆن کیسەی نایلۆنی بەکار ھاتوو فڕێ دەدرێت.

ھەرچەندە بەڕواڵەت زبڵ و خاشاک و پاشماوەکانی مرۆڤ ژێر گڵ دەکرێن،بەڵام دوا مەنزڵی ئەو زبڵ و خاشاکانە  دەریا و ئۆقیانووسەکانن.

ھێندێکیش لەو پاشماوانە،بۆماوەی نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ دەمێننەەوە. وەکوو (شووشە و قووتووی بەرھەمە خوراکییەکان).
ئامارەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ساڵانە شەش میلیۆن تۆن زبڵ و خاشاک دەچێتە ناو دەریاکانەوە کە پاشماوەکانی نایلۆن و بتڵی ئاو و کیسەی نایلۆن،لە ٨٠%ی ئەو زبڵ و زاڵە پێک دێنێت.

ئێستا لەسەر ئاستی جیھان،شەڕێکی گەورە بۆ بەرژەوەندی ژینگە دەستی پێ کردووە.شەڕی بەکار نەھێنان یاخوود کەم کردنەوەی کیسەی نایلۆن.

"ئوستڕالیا"یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەھەوڵی کەم کردنەوەی بەکارھێنانی کیسەی نایلۆن دایە.

بەشێک لە وڵاتانی کیشەوەری ئەفریقا وەکوو (ئەفریقای باشور ، ئۆگەندا ، ئیریترە ، تانزانیا و ..) یاسای تووندیان بۆ بەکار ھێنانی کیسەی نایلۆنی دەرکردووە.

لەساڵی ٢٠٠٠،لافاوێک لە وڵاتی"بەنگلادیش"ھەستا کە زیانێکی گەورەی بەو وڵاتە گەیاند.

شارەزایانی بەنگلادیشی،ھۆکاری ھەستانی ئەو لافاوەیان بۆئەوە گەڕاندەوە کە کیسەی نایلۆن و بتڵی پلاستیکی،بەری ئاوەڕۆکانی(داکا)ی پایتەختی گرتووە و بەم شێوەیە ئاستی ئاوەکە بەرز بۆتەوە و سەرەنجام بۆتە لافاو.
لەدوای ئەم کارەساتەوە،حکوومەتی بەنگلادیش بەپێی یاسایەک بەکارھێنانی کیسەی نایلۆنی قەدەغە کرد.

لەساڵی ٢٠٠٧،وڵاتی ھۆنگ کۆنگ،سیستمی "باج"وەرگرتنی بۆ ئەو فرۆشگا و دوکاندارانەی وڵات دیاری کرد کە کیسەی نایلۆنی دەفرۆشن.
ھەروەھا ئەو کارخانانەی کە کیسەی نایلۆن بەرھەم دێنن،ساڵانە باجێکی زۆر دەدەن بەحکوومەت.
مەبەستیش تەنھا ئەوەیەکە دیاردەی بەکارھێنانی کیسەی نایلۆن لە ھۆنگ کۆنگدا کەم بکرێتەوە.

لە ئەمریکا ساڵانە ١٠٠ ملیارد کیسەی پلاستیکی بەرھەم دەھێنرێت.
بۆ بەرھەم ھێنانی ئەو ژمارەیەش پێویستییان بە ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەیە.
شاری (سان فرانسیسکۆ) یەکەم شاری ئەمریکا بوو کە لەساڵی ٢٠٠٨ دا،بەپێی یاسایەک کیسەی نایلۆنی قەدەغە کرد.
ئەو یاسایەش زیاتر فۆرشگا و مۆڵە گەورەکانی دەگرتەوە.
ساڵانە ١٠٠ ملیارد کیسەی نایلۆنی لە ئەمریکا بەرھەم دەھێنرێت کە ھەر ھاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە ساڵانە ١٢٠٠ کیسەی وەبەر دەکەوێت.

لە فەڕەنسا،لەساڵی ٢٠٠٥دا،پاڕلەمانی ئەو وڵاتە دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسایەکدا کە تاکوو ساڵی ٢٠١٠ نابێ ھیچ کارخانەیەک کیسەی نایلۆنی کە لەناو ژینگەدا شی نابنەوە ، بەرھەم بێنن.

ئامارەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە  ساڵانە لەجیھاندا،زیاتر لە چوار ملیارد کیسەی نایلۆن لەناو ژینگەدا فڕێ دەدرێت کە ئەگەر سەرجەمی ئەونایلۆنانە بەیەکەوە ببەسترێنەوە ، ئەوا درێژاییەکەی ئەوەندە دەبێت کە بتوانی ٦٣ جار بەدەوری گۆی زەویدا وەکوو پشتێن بیبەستیتەوە.

ھەروەھا ساڵانە یەک ملیارد باڵندە و ئاژەڵی جۆراوجۆر،بەھۆی خواردنی کیسە نایلۆنە فڕێدراوەکانەوە گیان لەدەست دەدەن.

ئەگەرچی‌ نایلۆن بەشێوەیەکی پیشەسازی دەکرێ چەندین جار بەکاریان بێنینەوە ، بەڵام لەجیھاندا بەشێوەیەکی گشتی ،تەنھا لە ٣% ی ئەو نایلۆنانە بەکار دەھێنرێنەوە.

ئەوەی کە پەیوەندیشی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە،بەداخەوە ھیچ یاسایەک بوونی نییە و ھاووڵاتیانیش لەم ڕووەوە زۆر کەم تەرخەمن.
زۆربەی سەیرانگاکانی ئێمە پڕیەتی لە کیسەی نایلۆن و بتڵی ئاوی پلاستیکی فڕێدراو کە دیمەنێکی ناشیرییان بە سرووشتی کوردستان بەخشیوە.

ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ،کێشە ژینگەییەکانی گۆی زەوی زیاتر پەرە دەستێنن و وڵاتانی پێشکەوتووی جیھانیش میکانیزم و ڕێکاری تازە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیس بوونی ژینگە دەگرنە بەر.
بەڵام مەخابن ، لەھەرێمی کوردستاندا ، کێشە ژینگەییەکان،تەنانەت لە باسە تەریک و پەراوێزخراوەکانیش نین نەک سەرەکییەکان.

لەلای ئێمە ، ھەموو شتێک لەناو  تەپ و تۆزی کێشە سیاسییەکاندا تێڕا ون بوون.
دەبێ ئێمەش بیرێک لەخۆمان بکەینەوە و لەخەمی ژینگەی ئەو وڵاتە دابین.


PM:11:31:02/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 3791 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی