کوردی ڕۆژئاوا لەبازنەی سیاسەتی ئەمریکادا

‌محەمەد چاوشین

ئەگەر بەشێک لە ئێمە پێمان وابێ ئەمریکا ھاوپەیمانی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، بە بۆچوونی من ئەوە بیرکردنەوەیەکی ھەڵەیە، چونکە ھاوپەیمانی زیاتر لەنێوان دوو وڵات یان چەند وڵاتێکدا دەکرێت کە وڵاتی خاوەن سەروەری و دان پێدانراو بن لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.

ئەمریکا ھاوپەیمانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دەکات کە توانای پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری، سەربازی و سیاسییە کورت مەودا و درێژ مەوداکانی ئەو وڵاتەی ھەبێت.

کوردی ڕۆژئاوا دەوڵەتی نییە، داھاتووشیان ڕوون نییە، بەھۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیا لەلایەک، لەلایەکیش گەڕانەوەی سوپای بەشار ئەسەد بۆ بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بە پاڵپشتی ئێران و ڕوسیا، ھێشتا دیار نییە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بەکوێ دەگات. بۆیە ئەم بارودۆخە وایکردووە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر تاکتیکی و کورت مەودا بێت  تاکوو ھاوپەیمانێتییەکی درێژماوە و ستراتیژی.

ئەمریکا دۆستی کەس نییە، ئەو دۆستی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی. بێگومان جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ھەردوو چەمکی(دۆست) و (ھاوپەیمان)دا ھەیە، دەکرێ بگوترێ ئەمریکا بەشێوەیەک لە شێوەکان دۆستی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانە، بەڵام نزیکی نێوان ئەم دوانە ناچێتە چوارچێوەی فۆڕمی ھاوپەیمانێتییەوە.

ئەگەر ئەمریکا بەرژەوەندی لە فرۆشتن و جێھێشتنی دۆستەکانی خۆیدا ببینێتەوە، بێگوومان ھیچ دوودڵی ناکات و ئەو کارە دەکات، ھەروەکوو چۆن لەکاتی لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کردی.

زۆربەی ئێمە پێمان وایە ھەندێک لەو گەمارۆیانەی ئەمریکا لەدژی تورکیا پەیڕەوی دەکات، بەھۆی لەشکرکێشییەکانی تورکیاوەیە بۆسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان!.

بە بۆچوونی من ئەوە لێکدانەوەیەکی ھەڵەیە.

ئەمریکا ھەرگیز تورکیا بە کورد ناگۆڕێتەوە، چونکە پێگەی جوگرافیایی تورکیا کە ئەورپا و ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بۆ ئەمریکا گرنگترە تا کورد کە نە خاکی ھەیە و نە دەوڵەت!.

گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی تورکیا، لەچوارچێوەی یاسای "کاتسا" دایە کە ناسراوە بە (یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگای گەمارۆوە). بە ئینگلیزی(Countering America’s Adversaries Through Sanctions Act).

ئەگەرچی بە ڕواڵەت وادەردەکەوێ کە گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی حکومەتی تورکیا پەیوەندی بەو لەشکرکێشیانەوە ھەیە کە تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی داوە، بەڵام ناوەرۆکی کێشەکان ئەوە نییە، نیگەرا نییەكانى ئەمریکاش لە تورکیا بەھۆی کوردەوە نییە، بەڵکوو لە دیدی ئەمریکاوە خۆی لە شتێکی گەورەتردا دەبینێتەوە کە پەیوەندی بەھەڕەشەی جدییەوە ھەیە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی (ناتۆ)وە، ئەویش پرسی کڕینی سیستمی دژە موشەکی(S-400)ی ڕوسییەوە ھەیە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە.

حکومەتی تورکیا بە کڕینی سیستمی دژە موشەکی(S-400)ی ڕوسی کەلێنێکی گەورەی لەنێوان خۆی و  وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ڕۆژئاوادا دروست کردووە، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پێدانی چەک و تەقەمەنی و باقی ھاوکارییەکانی دیکەیان بۆ تورکیا وەستاندووە.

حکومەتی ئەمریکا پڕۆژەی فرۆشتنی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی جۆری (F-35)ى به حکومەتی تورکیا وەستاندووە کە بەھاکەی ١١ ملیارد دۆلارە.

ئەمریکا و باقی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ھاوپەیمانی ناتۆ، نیگەرانییەکانیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە پێیان وایە جێگیرکردنی سیستمی دژە موشەکی (S-400) لەخاکی تورکیادا، ھەڕەشەیە بۆسەر داھاتووی ھاوپەیمانی ناتۆ، چونکە ئەو سیستمە دژە موشەکییە، جیالەوەی بۆ بواری بەرگری بەکار دەھێنرێت، ھاوکات توانای ئەوەیشی ھەیە زانیارییەکانی فڕۆکەی (F-35)ئەمریکایی و باقی چەکە پێشکەوتووەکانی دیکەی ناتۆ بگوازێتەوە بۆ بەشی ھەواڵگری سەربازی ڕوسیا.

ئەوەش دروست ئەو نیگەرانییە کە ئەمریکا لە دژی تورکیا ھەیەتی و دەیەوێ تورکیا لە کڕینی ئەو سیستمە دژە موشەکییە پاشگەز بێتەوە، ئەگەرچی ئەو داواکارییەی ئەمریکا لەلایەن تورکیاوە ڕەد کراوەتەوە.

کێشەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بە ئاستێک گەیشتووە کە وای لە تورکیا کردووە تەنانەت ئێستا ھەڕەشەی کڕینی فڕۆکەی پێشکەتووی جۆری (سوخۆ ٣٥)ی ڕوسیش دەکات کە ھەم فڕۆکەیەکی پێشکەوتوویە و ھەمیش لەچاو فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ ی ئەمریکی ھەرزانترە.

بەھەرحاڵ، ئاسۆی پەیوەندییەکای تورکیا و ئەمریکا ناڕوونە، ڕۆژ بەڕۆژیش پەیوەندییەکانیان بەرەو ساردی ھەنگاو دەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا تەواوی دەرگاکان  بەڕووی ھەردوو وڵاتدا دانەخراون، بواری چاەسەری کێشەی نێوان ھەیە.

بە لەبەرچاوگرتنی بایەخی پێگەی جوگرافیایی تورکیا، ئەمریکا و ناتۆ ناخوازن تورکیا لەوەزیاتر لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا دوور بکەوێتەوە سیاسەتی (ڕۆژھەڵات میحوەری) بگرێتەبەر کە بەزیانی ئەوروپا و ئەمریکا تەواو دەبێت.

چونکە نە ئەمریکا و نە باقی وڵاتانی دیکەی ناو ھاوپەیمانی ناتۆ، بەوە خۆشحاڵ نین ڕوسیا لەڕێگای فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە تورکیا پێگەی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست قایم تر بکات.

بۆچوونی من وایە، نە کوردی ڕۆژئاوا و نە بەشەکانی دیکەی کوردستان، نابێ ھەموو ھیوایەکیان لەسەر ئەمریکا ھەڵبچنن، چونکە دواجار ئەمریکا سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی ھەمیشەیی بنیات دەنێت نەک دۆستایەتی ھەمیشەیی.

بۆ کوردێکی بێ دەوڵەتیش واچاکترە زیاد لە ھاوپەیمانێک بۆ خۆی دەست نیشان بکات کە بتوانێ پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی بکات.

بێگوومان ئەوەش بە سیاسەتێکی دیبڵۆماسی بەھێز و لۆبیگەرییەکی زیرەکانە دەکرێت کە بەداخەوە لە بارودۆخی ئێستادا کورد نییەتی!.


PM:11:24:27/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 3272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی