ئەنجوومەنی ئاسایش کۆدەبێتەوە، ناتۆ پشتگیری تورکیا دەکات!

‌محەمەد چاوشین


لەسەر پێشنیاری ھەردوو دەوڵەتی فەڕەنسا و بەریتانیا، سبەی پێنج شەممە(١٠/ ١٠/ ٢٠١٩)، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی ھێرشی تورکیا بۆ ناوخاکی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کۆ دەبێتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست نەھامەتییەکانی کورد سیاسەتی بێدەنگی ھەڵبژاردووە و لە ئەخلاق داماڵراوە، پێم وانییە بڕیارێکی ئەوتۆ کە بەرژەوەندی گەلەکەمانی لە ڕۆژئاوای کوردستان تێدابێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا دەربچێت.
ھەڵبەت نامەوێ پێش ڕووداوەکان بکەوم، بەڵام مێژوو دەڵێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیری لە کوردی ڕۆژئاوا ناکات، ئەوان بێ پشت و پەنا دەمێننەوە!.

لەلایەکی دیکەوە، (یێنس ستۆلتینبێرگ) سکرتێری گشتی رێکخراوی ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، ئەمڕۆ چوار شەممە(٩/ ١٠/ ٢٠١٩)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند"تورکیا نیگەرانی زۆری لەھەمبەر ئاسایشی سنورەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ سوریادا ھەیە و نیگەرانییەکانیشی ڕەوا و مەشڕوعن، تورکیا کەوتووەتە بەر ھێًرش و پەلاماری تیرۆریستی ترسناکەوە، پێم وایە سوپای تورکیا بە ھاوسەنگییەوە مامەڵە دەکات و چالاکییەکانی خۆی لەخاکی سوریادا ئەنجام دەدات".

نابێ دڵمان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆش بکەین، چونکە ئەوان پشتگیریمان ناکەن، ئەوەی لەونێوەدا دەمێنێتەوە، یەکڕیزی و ھاوھەڵوێستی گەلەکەمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان، گرەوی سەرکەوتنیشمان ھەر لە یەکێتی نەتەوەییمان دایە.

محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ
٩/ ١٠/ ٢٠١٩


PM:11:28:09/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 3040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی