پڕۆژەی"زبڵ بێنە و کتێب وەربگرە" بۆچی؟

‌محەمەد چاوشین


لەماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، پڕۆژەی"زبڵ بێنە و کتێب وەربگرە"م  لەشاری قەڵادزێ ڕاگەیاند.
پڕۆژەکە بریتی بوو لەوەی ھەرکەس ٧٠ نایلۆنی عەلاگە، یان ٤٠ بتڵی ئاوی بەتاڵ، یاخود ٢٠ قوتووی بیپسی یان شووشەی کۆلا و شەربەت و ... لە شوێنە جیاوازەکانی شار کۆبکاتەوە و بۆ منیان بێنێت، یەکێک لە باشترین کتێبەکانی خۆمی پێشکەش دەکەم.
پڕۆژەکەمان کەم تا زۆر دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی لەناو خەڵکدا ھەبوو، پێشوازیشی لێکرا، بەڵام لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن و میدیاکان  بەداخەوە کەمتر کاری لەسەر کرا.
بەندە لە ڕاگەیاندنی ئەو پڕۆژەیەدا دوو ئامانجی ھەبوو:

یەکەم: 
بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری ژینگەیی بەوەی کە ھاوڵاتیان ژینگە بپارێزن و شارەکەمان پاکوخاوێن ڕابگرن، پاشماوەی فڕێدراو کۆبکەنەوە بۆئەوەی بەھەموو لایەکمان ھەوڵی بەخشینی سیمایەکی جوانتر بە شارەکەمان بدەین. 
یان لانی کەم، ئەگەر پاشماوەی فڕێدراویش کۆنەکەینەوە، ئەوا خۆمان لە فڕێدانی ئەو  شتانەی کە ژینگە پیس دەکەن بپارێزین.
ویستم سەرنجی خەڵک بەو ئاراستەیەدا ڕابکێشم کە بابەتی ژینگە و ژینگە پارێزی، لەچوارچێوەیەکی لۆکاڵی دەرچووە و بووەتە بابەتێکی جیھانی، ئێمەش دەبێ بیرێک لەخۆمان بکەینەوە و بیکەینە خەمی ڕۆژانەی خەڵک.
دووەم:

ھەنگاوی دووەمیش ئەوەیە کە لەو ڕێگەیەوە ھەوڵی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە بدەین. 
بەداخەوە بەھۆی فراوانتر بوونی چوارچێوەی بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێکی زۆری خەڵکی ئێمە لە کتێب و کتێب خوێندنەوە دوور کەوتوونەتەوە. ئەگەرچی ھیچ ئامارێکی فەرمیم لەبەردەست نییە، بەڵام دڵنیام لەوەی ڕێژەی کتێب خوێندنەوە لە وڵاتی ئێمەدا لە ئاستێکی کەم یان نەبوو دایە.

بەندە، ئالودەبوونی گەنجانی ئێمە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکتڕۆنییەکان بە مەترسییەکی گەورە دەزانێت. 
بەشێکی زۆری ئەوانەی ئالودەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون، باسی ئەوە دەکەن کە لەڕێگای فەیسبووکەوە ھەوڵی خوێندنەوە دەدەن، بێگومان ئەو ڕوانگەیەش ھەڵەیە، چونکە ھیچ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی جێگەی کتێب بۆ خوێنەر پڕ ناکاتەوە.

چار چییە؟
ئێمە بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری ژینگەیی و ھەنگاونان بۆ بەکولتوورکردنی کتێب خوێندنەوە، دەبێ ھەموو ئەو ھەنگاوانە بگرینەبەر کە خزمەت بەو دوو  کارە دەکەن.
باخچەی ساوایان ھەنگاوی یەکەمە.
قوتابخانەکان، مزگەوتەکان، ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی فراوان لە ناوچە جیاجیاکان و یان ھەر پڕۆسەیەکی دیکە کە بکەوێتە خانەی خزمەتکردن بەو دوو پڕۆژەیە، پێویستە کەمتەرخەمی لێ نەکەین و ئەنجامی بدەین.

بێگومان لێرەدا ناکرێ ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان فەرامۆش بکەین، چونکە ڕاگەیاندنەکان دەتوانن دەورێکی گرنگ و پڕبایەخ بگێڕن لە بڵاوکردنەوەی پەیامی ھۆشیاری ژینگەپارێزیی و بەکولتوورکردنی کتێب خوێندنەوە.

بۆچوونی من وایە، ئەگەر بمانەوێ خزمەتی خاک و خەڵک و وڵاتەکەمان بکەین، پێش ھەموو شتێک دەبێ ھەستی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە وڵات گەشە پێ بدەین.

ھەر ھاوونیشتیمانییەک لەم وڵاتەدا، ھەم مافی ھەیە و ھەمیش ئەرک. 
ھەروەکوو چۆن لە بۆنە جیاوازەکاندا داوای مافەکانی خۆمان دەکەین و خۆپیشاندانی بۆ ڕێک دەخەین، بە ھەمان شێوەش ئەرکمان لەسەرشانە و دەبێ جێبەجێیان بکەین.

بۆیە، ھەرکات ھاوونیشتیمانییەکانمان ھەستیان بە بەرپرسیارێتی کرد و خۆیان لەبەردەم خاک و خەڵک و وڵاتەکەیان بە بەرپرسیار زانی، بێگوومان لەوێوە بەردی بناغەی بیرکردنەوەیەکی تەندروست دادەنرێت.
گەلانی پێشکەوتووی دنیا دەمێک ساڵە لەخەوی کەم تەرخەمی ھەستاون و کار لەسەر ئەو دوو ئاستە دەکەن، بۆیە لەھەموو ڕوویەکیشەوە لەپێش ئێمەوەن.

مام ھێمنی شاعیری گەل گوتی:
خەتای خۆمانە تا ئێستا، کە ھەر وا کۆیلە و دیلین
ئەوانەی شاد و ئازادن کەمێ زووتر لە خەو ھەستان


PM:01:42:06/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 5180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی