نامەیەکی کراوە بۆ عوسمان بایدەمیر..

‌محەمەد چاوشین

نامەیەکی کراوە بۆ تێکۆشەر و نیشتیمان پەروەر، عوسمان بایدەمیر..
سڵاوێکی شۆڕشگێڕانەی گەرم..
دەمێک ساڵە دەت ناسم و ئاگام لەوەیە کە شانت وەبەر چ بارێکی قورس و گران و مەترسیدار ناوە.
ئێوە لەپێناوی سەربەرزی و سەرفرازی نەتەوەیەک کە تورکیای فاشیست و تیرۆر پەروەر، بە ھێزی ئاگر و ئاسن، دەیەوێ لەبۆتەی ناسیۆنالیزمی تورکیدا ئاسمیلەی بکات، لە شیرینترین بەشی جەستەی خۆتان دەبوورن کە دڵ و گیانتانە.. 

ئەوکاتانەی لە شاشەی تیڤییەکانەوە، لەناو ھۆڵی پاڕلەمانی تورکیادا، دەتیبینم کە چۆن لەبەردەم ئەو ھەموو سەگە دڕانەی تورکی دیکتاتۆر و فاشیستدا، زمانت دێنیتە قسە و بۆ بەرگری کردن لە شوناسی نەتەوەیەک پڕ بە گەروت ھاوار دەکەیت" ھیچ ھێزێک ناتوانێ ئیرادەی نەتەوەیەک تێک بشکێنێ".دەزانم چۆن ژیانی خۆت دەخەیتە مەترسییەوە!.

لە فۆڕمی خەبات و تێکۆشانتدا، باش ئەوەم خوێندۆتەوە کە ئێوە لەپێناوی ڕزگاری نەتەوەیەک، بڕیارتان داوە بەو ڕێگایەدا بڕۆن کە بۆسەی مەرگە.

لەکردار و ھەڵوێست و قسەکانتدا، ئەوەم خوێندۆتەوە کە"مەرگ" لەپێناوی ئازادیدا، ژیانێکی ئەبەدی و شەڕافەتمەندانەیە.

وەختێک ئێوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی تورکیای دیکتاتۆر و دژە مرۆڤدا، بڕیارتاندا بەردی بناغەی ئازادی نەتەوەیەک دابنێن، ئێوە ئەوسەری تونێلەکتان باش خوێندبۆوە، زانیتان لەوێ مەرگ لە بۆسە دایە. 

بەڵام ئەوەشتان زانی کە ئازادیخوازیش باجی دەوێ، قوربانی دەوێ. ئەوەش فەلسەفەی سەرکەوتنی خەباتی مەدەنیانەی ئێوەیە.

ئێستا ئێوە لەناو گەلە گورگێکی ھاردا تێدەکۆشن بۆ ئازادی، تورکیای فاشیستی دیکتاتۆر ھیچتان پێ ڕەوا نابینێ، بە ئاگر و ئاسن وەڵامتان دەداتەوە، ھەموو ڕێکارێک بۆ شکاندنی شکۆمەندی نەتەوەکەمان دەگرێتەبەر، بەڵام ئێوە سیمبوولی نەتەوەیەکن و بڕیاتانداوە ڕووبەڕوویان ببنەوە و پیلانی ژەھراوییان پووچەڵ بکەنەوە.

مادام بڕیار بڕیاری تێکۆشانە، ئێوە سەردەکەون و مافی نەتەوەکەشمان بەرجەستە دەبێ.

ڕێگاکە دوور و درێژە، پڕ ھەوارز و لێژە، مەترسی مەرگتان لەبەردەمدایە، بەڵام چوونکە بۆ ھێنانەدی خەونی نەتەوەیەک ھاتوونەتە گۆڕەپانی تێکۆشان، تەحەموولی ھەموو شتێک دەکەن. بڕیارتان داوە ئارام بگرن.
دوێنێ (٢٣/ ٩/ ٢٠١٧)، کاتێک پاڕلەمانی تورکیا، (پڕۆژە یاسای درێژکردنەوەی‌ ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور)ی تاوتوێ دەکرد، دیتم چۆن لەبەردەم ئەو ھەموو پاڕلەمانتارە شۆڤێنی و فاشیستەدا، پڕ بە گەروت ھاوارت دەکرد:

"نەتەوەکەمان ژێردەستەیی قەبووڵ ناکات".
لێت دوور بووم، بەڵام سێ جار شاشەی تیڤییەکەم ماچ کرد..
لێرەوە دەستی ئازادیخوازیت دەگووشم، ئەو چاوانەت ماچ دەکەم کە ژێردەستەیی نەتەوەیەکی پێ دەبینی و پێت قەبووڵ ناکرێ.
بیر و ھزرت ھەمیشە ڕۆشن بایدەمیر، سیبولی خۆڕاری نەتەوەیەک..
سڵاویش بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە باکوری نیشتیمان..

محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ
ڕۆژنامەوان لە باشووری کوردستان
٢٤/ ٩/ ٢٠١٧


PM:04:51:24/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 3614 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی