بیر و ڕۆشنبیر و دەسەڵات

‌سه‌ردار عه‌زیز

زۆر جار بیر لە چارەی ڕەشی بیرمەندان و دەسەڵات دەکەمەوە. ڕەنگە هاوکێشەکە بە سادەیی بەمجۆرە دابڕێژین، دەسەڵات بەبێ بیر، مەحاڵە، بەڵام دەسەڵات لە گەڵ هەبونی بیردا، مانای سەرکەوتن یان باشی نیە. 

کواسی کوارتینگ لە حکومەتە نوێکەی لیز ترەسدا وەزیری داراییە. کواسی بە هەموو پێوەرەکان بیرمەندێکی باڵای ئابورییە، نەک هەر خاوەن چەندین بڕوانامەی باڵایە لە زانکۆ باڵاکانی دونیا وەک کەیمبریدج و هارڤەرد و ئەوانیتر بەڵکو خاوەنی چەندین کتێبی تایبەتیشە لە بارەی مێژوی ئابوری و ئابوری بەریتانیا بە تایبەتی.

لەگەڵ هاتنیدا بۆ پۆستەکەی یەکەم هەنگاوی کورد واتەنی سەرسم بوو. لیزی سەرۆک وەزیران زۆر سەرسامی تاتچەرە، تەنانەت هەموو هەوڵەکانی ئەوەیە کە چۆن وەک ئەو جل لە بەر بکات. تاتچەر سیاسییانە جلی دەپۆشی، بەڵام لیز لاساییکەرەوانە. کواسی کتێبێکی تایبەتی دەربارەی تاتچەر هەیە.

بڕیاری یەکەمی کواسی ئەوەبوو کە باج لە سەر دەوڵەمەندان کەم بکاتەوە. لە هەمانکاتدا بە هۆی دۆخی هەڵاوسان و گرانی و دۆخی وزە ناچارن هاوکاری توێژێکی بەرفراوانی کۆمەڵگای بەریتانی بکەن. بەڵام ئەمە بەیەکەوە ناگونجێت. کەمکردنەوەی باج لە سەر دەوڵەمەندان یانی کەمبونەوەی داهاتی دەوڵەت. بەڵام بە هۆی دۆخەکەوە دەوڵەت ناچارە مەسرەفی زیاد بکات، کەواتە دەوڵەت ناچارە قەرز بکات. لە ئەنجامی ئەمەدا بەهای پاوەن دابەزی.

چاودێران بۆ ئەوەی تێبگەن دەگەڕێنەوە بۆ کتێبەکانی کواسی. کواسی بە پێی تێزەکانی بروای وەهایە کە دەبێت بەریتانیا لە کۆت و بەند و ڕێگرییەکان ڕزگار بکرێت، چونکە ئەو وڵاتە ئەوەندە ڕێگریی و کۆت و بەندی هەیە کە ئابوری تیایدا ئازادنیە. 

بەڵام لە پشت ئەم ئایدیاوە، فەنتازیایەکی تر هەیە، ئەویش هەتا ئێستا زۆرینەی نوخبەی بەریتانی وەها لە وڵاتەکەیان دەڕوانن کە خاوەن پلە و پێگەیەکی جیهانییە. هێشتا وەهای دەبینن کە ئیمپراتۆریەتە. بەڵام لە ڕاستیدا بەریتانیا هەتا بێت لاواز و بچوک و بێکاریگەر دەبێت لە دونیادا. وەک ستونوسێکی فایناشال تایمز نوسیبوی، ئەوەی بەریتانیا دەیکات وەک ئەوە وەهایە دانیشتوانەکەی ٣٣٠ ملیون بێت و داهاتی ساڵانەی ٢٠ تریلیون، یانی ئەمریکا. 

ئەمە بۆ ئەو پرسیارەی بردم ئایا هەبونی بیر، یان ئایدەلۆجیا، بەندت دەکات یان ئازاد؟


AM:09:20:29/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی