سویدو تورکیاو کورد

‌سه‌ردار عه‌زیز

سوید وێنایەکەی تایبەتی هەیە لە خەیاڵی کوردیدا، دیموکراسی و نەرم و نیان و خۆشگوزەران. لە میانەی چەندین سەردانم بۆ ئەو وڵاتەو کارم لەگەڵ ڕێکخراو و وەزارەتی دەرەوەی سویدیدا، ئەوە روون بوو کە کورد بە بەراورد بە گروپەکانی تر دۆخیان باشترە.بەڵام هێشتا تێگەیشتن لە سوید تێگەیشتنێکی یوتوپیاییە.

سەرەتا بە کەمێک قسە لە سەر ڕێککەوتنەکە بکەین، پاشان دەگەڕێینەوە سە ڕەهەندە جیاکانی.

یەکەم، پلان وەهابوو کە هەموو پرۆسەکە لە پشت دەرگاوە بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەردۆگان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و بانگەشەی هەڵبژاردن، پرسەکەی هێنایە دەرەوە. ئەم هەنگاوە دۆخەکەی ئالۆزتر کرد بۆ هەموو لایەک. سویدییەکان فێری ئەم جۆرە دیپلۆماسیەتە نین، زیاتر بایەخ بە دیپلۆماسی هاوکاری و فیمینیزم دەدەن، هەرچەندە چەک فرۆشێکی گەورەن.

ئەم دۆخە وەهایکرد کە دەبێت زمانی لەیەکگەیشتنەکە بەجۆرێک بێت کە هەموو لایەک بتوانێت بۆ مەبەستی سودی خۆی بەکاری بهێنێت. سویدییەکان دەیانەوێت بڵێن کە هیچ سازشێکیان بۆ تورکیا نەکردووەو تورکەکان دەیانەوێت بانگەشە بۆ ئەوە بکەن کە دەستکەوتی زۆریان بە دەستهێناوە.

مامەڵەی سوید وەرچەرخانە، بەڵام پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە دۆخی سیستەمی جیهانیدا. لە سی ساڵی رابوردوودا، بەهۆی گەشەی جیهانگەری و لیبرالیزم، دەوڵەت بە دۆخێکدا تێپەڕی کە ناچاربوو بوار بۆ دەزگاو ناوەندو ڕێکخراوتی تر بکاتەوە لە پانتایی سیستەمی نێودەوڵەتیدا. ئەم بوارکردنەوە زوو وەها لێکدرایەوە کە کۆتایی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەیە. دروشمێک کە کوردی بەدبەخت لە هەموو زیاتر بانگەشەی بۆ دەکات. دیارە جگە لە فەیسبوکی خەڵکی باشورو هەندێک جێگای تر هیچ لە دۆخەکە نەگۆڕابوو. بەڵام سەرباری نەگۆڕانی کاریگەری گەورەی هەیە.

بانگەشەی نەمانی دەوڵەت و دەوڵەت نەتەوەی لە فەیسبوکی کوردیدا، دۆخێکی ئاگایی سەقەتی وەهای دروستکردووە کە کورد نەتوانێت بەباشی لە دۆخەکە تێبگات. لە مێژویدا کورد بە ئاستەم توانای ئەوەی هەبووە واقیع وەک خۆی ببینێت. هەمیشە لێکدانەوەی حازرباش و کڵێشە و دروشمی ناواقیعی بەشێکی زۆری پێکهێنەری ئاگایی ساختەی کوردبوون. ئەمڕۆ باشور لە هەموو ساتێک زیاتر سیخناخە بە ئاگایی ساختە.

هاتنی وڵاتانی وەک سویدو فینلەند بۆ ناو ناتۆ دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دەوڵەت و پاراستن و ئاسایش و ئەگەری زۆری ململانێ و جەمسەرگیریی. لە دۆخی وەهادا بەهاکان لاواز دەبن. مافی مرۆڤ و مافەکانی تر پاشەکشێ دەکەن.

سوید دەزانێت بەرەیەک کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە جێگای ململانێ سەهۆڵبەندانی باکورە. بە توانەوەی شاخە بەفرەکان وڵاتان و کۆمپانیا جیهانییەکان لە هەڵپەی ئەوەدان کە دەستیان بە سامانەکانی ئەو ناوچەیە بگات، لە دۆخێکدا کە سوید بێلایەن بێت، ئەوا ناتوانێت خۆی بپارێزێت و بەشی خۆی بە دەست بهێنێت. ئەمە جگە لە گۆڕانی دۆخی دونیا بۆ دۆخێک کە تەنها وڵاتە زلهێزەکان یان ئەو وڵاتانەی کە خاوەن توانا و پشتیوانین بتوانن سەروەری خۆیان بپارێزن.



PM:01:59:30/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی