کلاسیکۆی گۆڕان و پارتی

‌سه‌ردار عه‌زیز

هەرچەندە گۆڕان وەک هێزێكی گۆڕێنەری بەرفراوانی کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی هاتە ئاراوە، بەڵام دوو هۆکار وەهای لێکرد کە بە ئاراستەیەکی تردا بڕوات.

یەکەم هۆکار بریتیە له بەشداربونی گۆڕان ڕاستەوخۆ له پرۆسەی سیاسیدا.
دووەم، لاوازبون یان ئاوابونی خۆری هێزەکانی تر و وازهێنانیان له ئەرکە کۆمەڵایەتی و مێژوییەکەیان.
ئەگەر بە زمانێکی ڕاستەوخۆ قسەبکەیەن، بەشداریکردنی گۆڕان له حکومەتدا و وازهێنانی یەکێتی لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆی، ئەوا گۆڕان ناچاربو که ڕاستەوخۆ پرۆسەی ڕووبەڕووبونەوەی ڕێگریەکانی بەردەم وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بگرێتە ئەستۆ.
گۆڕان هەوڵیدا کە هەوڵەکانی نەبێتە ململانێی هێزێک یان کەسانێک، بەڵکو ململانێ بێت لەگەڵ هەڵسوکەوت و تێگەیشتن و دونیابینی و شێوازی حکومداری.

بەڵام وەرچەرخانە خێراکانی ژینگە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکە هێندە بواری بە ئەمە نەدا.
ئێستا له پاشەکشەی یەکێتیدا، وەک هێزێک، ئەو تیمایانەی کە بەشێک بون له خیتابی یەکێتی بۆ گۆڕان بەجێمان.
یەکێک لەهەرە ململانێ مێژویی و ڕیشەییەکان بریتیە لە ململانێی دوو قوتابخانە: یەکەم، کوردستان بە موڵكی خەڵكی کوردستان نازانێت، بەڵکو بە موڵكی کەمینەیەک دەزانێت.
دووەم، چۆن کوردستان بکرێته موڵکی خەڵکی کوردستان و حکومداری لەسەر ئەم بنەمایە بکرێت.
قوتابخانەی یەکەم ڕەگی له دەرەبەگایەتی (فیودالیزم) و موتڵەقیەتی(ئەبسلوتیزم) ئەوروپیدا هەیە.

دووەم، ڕەگی لە قوتابخانەی دیموکراسی و هاوڵاتی و مافدا هەیە. دەکرێت بە قوتابخانەی گوند و شاریش ناوبنرێن.
بۆ ڕونکردنەوە مەبەستەکەمان با نمونەیەک وەربگرین. له خیتابی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هەمیشە ئەوە دووبارە دەبێتەوه، که ئەو پۆستە و ئەو وەزارەتە دراوە بە گۆڕان.
ئەم دەربڕینە، هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی ئاشکرایە، که خاوەندارێتی هەموشتێک له کوردستان بە مافی خۆی دەبینێت، نەک مافی خەڵكی کوردستان.

کاتێک گۆڕان خاوەنی نیوملیون دەنگە، ئەمە، لای پارتی وەهای لێناکات که گۆڕان بکاتە خاوەنی مافی بەڕێوەبردنی بەشێک له سیستەمی حکومڕانی له هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەوە پارتیە که پۆستەکانی بەئەوداوە.
ئەم دیدە بە ڕاشکاوانە یانی خەڵك هیچ گرنگیەکی نیە و هیچ مافێکی نیە و هیچ پەیوەندیەکی بە کوردستانەوه نیە. بەڵکو کوردستان هی پارتیە، نەک خەڵكی کوردستان.

ئەوه پارتیە کە دەبەخشێت و دەدات. ئەم بەخشین و پێدانە لای پارتی هەمیشە وەک ئەرکێک یان قەرزێک دەدرێتە ئەوانی تر و زوو زوو بیریان دەخاتەوە کە ئەگەر بەباشی و بە بەرژەوەندی ئەو هەڵینەسوڕێنن ئەوا لێیان وەردەگرێتەوە.

ئەوەی بەرامبەر پەرلەمان کرا لەم دیدەوە سەرچاوەی گرت. کاتێک پارتی دەڵێت گۆڕان پابەستی ڕێککەوتنەکە نەبوو، بەمانای ئەوەدێت بەوشێوەیە پۆستەکەی بەڕێوەنەبرد که ئێمە دەمانخواست بۆیە لێمان سەندەوە.
ئەم خۆ بەخاوەنکردنە، تەنها پلە و پایە و پۆست و سەروەت و سامان نیە، بەڵکو پەلدەهاوێت بۆ مێژوو و سیمبول و داهاتوو.

لێرەوەشە پارتی بە مافی خۆی دەزانێت که بەشە کاریگەرەکانی حکومەت له دەستی خۆیدا بێت و به هیچ شێوەیەک له ژێر چاودێری پەرلەماندا نەبن، بۆ نمونە، پۆستی سەرۆک، پۆستی ئاسایشی هەرێم، پۆستی دیپلۆماسی هەرێم. له هەمانکاتدا بە نەریتکردنی ئەو پۆستە گرنگەکانی تری ناو حکومەت بۆ پارتی وەک سامانی سروشتی، سەرۆک وەزیران.

ئەمە له زۆر خەسڵەتیدا دەچێتە سەر ئەو مۆدێلە حکومڕانیە که لە ناوچەکەدا باون و کورد دژیان بە هەزاران هەزار گیانی بەخشوە.
بۆ نمونە، حکومەتی سوریا وەرگره. له سوریا سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی سەربازی و سیاسەتی ئەمنی ڕاستەوخۆ لە دەستی سەرۆکدان.

بە جۆرێک هەمو دەزگاکانی تر، بۆ نمونە پەرلەمان تەواو بێئاگان لەوەی کە چی دەگوزەرێت لەم بوارانەدا. ئەم قۆرغکارییە و نەبونی هیچ زانیاریەک دەربارەی ئەوەی کە چی دەگوزەرێت لەم بوارانەدا وەهایکردوه که کەس بەئاگا نەبوو که دیپلۆماسیەتی سوری چۆن بەڕێوەدەچێت، له پێناوی چیدا یان کێدا دەگوزەرێت؟ دیارە ئەمە کۆپی و پەیست کراوە له هەرێم.
لێرەدا ئێمە بەڕونی و بە ڕاشکاوی و بێ پێچ و پەنا سیستەمێکی خاوەنداری دور لە بەرپرسیاربوون بەرامبەر خەڵک، دەبینین، که کاری بۆ دەکرێت له داهاتوشدا درێژەی هەبێت.

بەومانایە، له ناو کایەی دیموکراسی سنورداری هەرێمدا ناتوانرێت ئەم سیستەمه فشاری بخرێتە سەر، چونکە زۆربەی پۆستە کاریگەرەکان له دەروەی کایەی دیموکراسیە: وەک شەفافیەت، لێپرسینەوە، پێدانی زانیاری.
له بەرامبەردا هێزه‌کانی تر هەن. یەکێتی نیشتمانی کوردستان، که لە سەرەتادا بۆ شکاندن و کۆتایی هێنان بەم قۆرغکاریە سەرتاسەریە هاتەوەتە ئاراوە. ئەمڕۆ ئەم هێزه نە هەڵگری ئەو پەیامانەیە و نە دژی ئەو قۆرغکارییە، بەڵکو هەمو هەوڵێکی بۆ بونی بەشە لەم قۆرغکارییەدا. میتۆدی بونی بەش، تا ئاستێکی زۆر ئاڵۆزە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا بەشنەکراو بەش دەکرێت.

کاتێک ئێمە ڕەگی سیستەم و عەقڵیەتی پارتی بۆ موتڵەقگەرایی ئەوروپی دەگەڕێنینەوە؛ ئەوا بەمانای ئەوە بوونی دەسەڵاتێکی موتڵەقی سەرتاسەری بەسەر هەموو بوارەکاندا بەبێ رکابەر.

ئایا چۆن دەتوانرێت هاوبەشێتی لەگەڵ جۆره سیستەمێکی وەهادا هەبێت؟ وەک له نمونەی یەکێتیدا دەیبینی جۆری شەریکایەتی لەم پرۆسەیەدا ئاڵۆزە. شەریکی لە سیستەمی موتڵەقگەرایی پارتیدا یانی پێدانی بڕێک له داهات و بە شێوەیەکی نا ڕێکخراو لە کات و ساتی جیاواز و پلان بۆ داڕێژراودا، بەمەبەستی ڕازیکردن و بێدەنگردن.
ئەم شێوازە مانای ئەوەیە کە یەکێتی هەرگیز شەریکە بەش نەبووە، بەڵکو جار جار بەشدراوە بۆئەوەی هێمن بکرێتەوە و ڕازیبکرێت. هەرئەمەشە سەرچاوەی ئەو بێئاگاییەی کە ئەم هێزە هەیەتی لە زانیاری.

یەکێتی نازانێت، یان بەلایەوە گرنگ نیە، چی دەگوزەرێت و داتاکان چۆنن! گرنگ ئەوەیە ئەو بەشی خۆی دێتە دەست. ئەمە هەروەها یانی نەبونی هیچ ڕۆڵ و کاریگەریەک لە سەر بەڕێوەچونی سیستەمی حوکمداری.
ئەم جۆرە له پەیوەندیە زیانی زۆرە بۆ سیستەمی حومکڕانی هەرێمی کوردستان، له نێویاندا، دوپاتکردنەوه و جەختکردنەوە لە سەر خاوەندارێتی پارتی بۆ کوردستان، دووەم، بون بە ئامرازێک بۆ فەراهەمکردنی ئەو ئامانجە.
سێیەم، سەپاندنی ئەم ئامانجە بەجۆرێک گۆڕینی ئاسان نابێت.

چوارەم، بەفیڕۆدانی وزە و خواستی خەڵکی.
کۆمەڵێک هۆکار هەن که ئەم هێزەیان بەم ئاقارەدا برد و له ئەنجامدا کردیانە هێزێکی بێکاریگەری خۆخۆر. لێرەدا ناتوانین بچینە تان و پۆی سەرجەم هۆکارەکان، چونکە ئاڵۆز و هەستیار و زۆرن.

بەڵام بە کورتی ئاماژە بە هەندێک دەکەین وەک شەڕی ناوخۆ، هاتنی هێزی ئیقلیمی، ئاڵۆزبونی ململانێکانی ناو یەکێتی، پارە و خاوەندارێتی حیزب، نەبونی توانای هیچ باڵێک بە سەرکەوتن و یان زاڵبون بەسەر ئەو باڵەکانی تردا. ئەم هۆکارە مێژویی و بونیادیانە یەکێتی گەیاندە دۆخێک که ناتوانێت ململانێکانی چارەسەربکات نە بەشێوازی ئاشتی نه بە توندوتیژی.

لێرەدا کۆمەڵێک وانەی بەنرخ هەیە بۆ گۆڕان: یەکەم، خۆ دورگرتن له خۆ چەکدارکردن.
دووەم، له دەستنەدانی بەها باڵاکان.
سێیەم، داڕشتنی ناسنامە لە سەر بنەمای گۆڕینی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری، نەک ململانێ له بەرامبەر هێزێک یان چەند هێزێکدا.

چوارەم، دروستکردن و هێشنەوەی هاوسەنگی لە ناوەوە و داڕشتنی میکانیزمی نوێبونەوە.
هێزه ئیسلامیەکان نوێن له کوردستاندا و هێشتا بە تەواوی نەڕسکاون. ئەم هێزانە له نێوان نیشتمانێتی و باوەڕگەراییدا شەپۆلیان پێدەدرێت. له کاتێکدا که خیتابی نیشتمانیان تاکتیکە، خیتابی باوەڕگەراییان کرۆکیانە.

 خیتابی باوەڕگەرایی ئەم هێزانە پرسی ئەوەیان لە سەر دروستدەکات ئایا ئەمانە خاوەن ئامانجێکی تایبەتی دەرەکی و تایفین یان دەتوانن ببنە هێزێکی کوردستانی سیاسی.
لێرەدا نامەوێت بە درێژی ڕاڤەی ستراتیژ و توانا و کەسایەتی ئەم هێزانە بکەم، بەڵام ئەوەی گرنگە ئایا لە پرۆسەی ڕووبەڕووبونەوەی قوتابخانەی موتڵەقیەت و دیموکراسی چ ڕۆڵێک دەبینن.

دیارە که ئەمان له سیستەمی موتڵەقگەراییدا جێگایان نابێتەوە، بەڵام ڕەنگە لە کۆمەڵێک بەهادا هاوبەش بن. بۆ نمونە، ڕوونە که سیستەمی موتڵەقگەرا سیستەمێکی پارێزەرە (کۆنسێرڤەتیڤە)، که ئەمە بۆ زەمینەسازی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تا ئاستێکی زۆر ئابوری تەبایە لە گەڵ خواستی هێزه ئاینیەکاندا.

دەکرێت بۆ نمونە ئەم هێزانە ڕۆڵی ئەوە بگێڕین که چۆن زیاتر و زیاتر بە شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ کاریگەری بکەن لە سەر ئاینڕێژکردنی زیاتری سیستەمی حکومڕانی، بە ئامانجی ئەوەی که له درێژخایەندا دەرفەتی ئەوەیان بۆ بسازێت کە سودی لێببینن. بەتایبەت کاتێک که پارتی لە ڕوی ئایدەلۆژیەوە له گەڵ دونیای سەردەمدا ناگونجێت.
هیزە ئیسلامیەکان ڕووداوەکان ئاراستەیان دەکات، ڕووداوە ناوخۆیی و ناوچەییەکان. هەروەها هەتابێت زیاتر دڵنیا دەبن له یوتوپیایی و شکشتی پێشینەی سیستەمەکەیان لە دونیای ئەمڕۆدا. ڕەنگە ئەم هۆکارانە زیاتر بیانکاتە هێزی پراگماتیک و ببنە یاریکەری سیاسی واقیعی.

ئەوەی پرسیارە لێرەدا ئایا دەبێت گۆڕان چۆن ئەم ململانێیە بڕەوپێبدات؟
یەکەم: سیستەمی موتڵەقگەرا له سەر کۆمەڵێک قۆغکاری بونیادنراوه: قۆرغکاری ئابوری، قۆرغکاری سیاسی، هەروەها قۆرغکاری ئازادی. ئەم قۆرغکاریانە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سیستەمی ئابوری وڵاتەوە. بۆ نمونە له مۆدێلی ئابوری کرێخۆری نەوتدا ئاسانترە که سیستەمی موتڵەقگەرا بسەپێنیت.

ئەم سیستەمە بە سروشت تێچونی زۆرە، هەتا رکەبەری زیاتربێت تێچونی زیاتر دەبێت. بۆیە کارکردن لە سەر ئاگایی سیاسی ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ ڕێگەگرتن لە درێژەکێشانی سیستەمی موتڵەقگەرا.

دوو، دیموکراسی سیستەمێک نیە هیچ هێزێکی سیاسی بەخۆشی خۆی بیهێنتە ئاراوە، وەک ژاک ڕانسێ بە باشی باسی ئەمە ئەکات. بۆ ئەوەی دیموکراسی بسەپێت دەبێت ئەوانەی دەسەڵاتیان لە دەستیدایە ناچاربکرێن بەوەی لێگەڕێن خەڵک بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بە بەرژەوەندی خۆیان بدەن.
بۆیە تاکە ڕێگە، ڕێگەگرتنە لە موتڵەقگەرا بەوەی له نێوان فەوتان و دیموکراسیدا ڕێگای دوەم هەڵببژێرێت، ئەگینا هیچ هێزێک بە داواکاری و پێاهەڵدان نابێت بە دیموکراسی.
سێ، چەک و پارە وەک دوو ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا له ڕووی کات و تواناوه سنورییان هەیە: دەتوانرێت لە میانەی داڕشتنی بەرنامەیەکی فرە ئاستی چڕ، کاریگەرییان له ڕووی کاتەوە کورت بکەیتەوه و تواناشیان سنورداربکەیت.

له کرۆکی سیستەمی چەک و پارەدا کۆمەڵێک نەوتراو پەنهان دەخوات. هەرکەسێک لە ژێر چەک و بەپارە هەوادربێت ئەوا یەکەم کەس دەبێت لە گۆڕانی دۆخی چەک و پارەدا کە لێی دوربکەوێتەوە، چونکە چونکو چەک و پارە مرۆڤ لە دۆخێکی سەختی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئازادیدا قەتیس دەکەن.

چوار، له کاتێکدا ململانێکان ململانیی نێوان دوو قوتابخانەیە، دەبێت بە چڕی و بە وردی دابڕێژرێت و بکرێته بەشێک له بەهای کۆمەڵایەتی. ئەم پێکدادانە دەکرێت سەرچاوی مەعریفەیەکی زۆربێت. ئەم پێکدادانی زۆر و کەمە، رێکخراو و نارێکخراوه وبێبەش و خاوەنه، کراوە و داخراوه، رەق و شله، مۆدرێن و ترادیشیونه، گوند و شاره، کویلە و مرۆڤبونە. دەکرێت ئەوە ڕەنگرێزبکرێت کە کەس ئازادنیە دەستبەرداری مافە سیاسیەکانی خۆی بێت. کۆیلەبون لە دونیا ئەمڕۆدا مافێک نیە کەسێک هەیبێت. کۆیلەیی تۆ ئازادی من پێشێل دەکات. بۆیە تۆ ئازادنیت کۆیلەبیت.
پێنج، ئەم ململانێیە وەک چۆن ڕەگی درێژی هەیە، هەروەها درێژەش دەکێشێت. بۆیە پشودرێژی و ستراتیژی ڕونی دەوێت. بۆیە گرنگە که کۆکەرەوەیەک هەبێت بۆ ئەندامان و خاوەن هەمان بیروڕا هه‌تا بتوانن هێز بەرهەم بهێنن و پێکەوەبونیان درێژە بکێشێت.

شەش، ئەندامی پارتی دەبێت وەک قوربانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەو له دۆخێکی زۆر فشاراوی و سەختدا دەژی، ترسی گەورەی لە پارتەکەی خۆیەتی نەک ئەوانی تر. پارتی هەمیشە چاودێرێکی بێڕەحمە بەسەر ئەندامەکانیەوە. ئەوان ناتوانن بە موو له هێڵی حیزبەکەیان لابدەن و دەبێت بەردەوام و بەردەوام ئەوە دوپات بکەنەوە کە دڵسۆزن، بەڵام حیزبەکەیان هەرگیز لێیان دڵنیانیە. ئەم بەدگومانیە هۆکاری ئەو هەمو هەڵەشە و هەڵچونانەیە کە ئەندامانی ئەو حیزبە بەدەستیەوه دەناڵێنن.


PM:09:48:15/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 4593 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی