ھەڵبژاردن و شەرعییەت

‌د. یوسف محه‌مه‌د

سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی «پەرلەمان» بە کورتی ئەم چەند سەرنجە ئەخەینە رو:

یەکەم: ھەڵبژاردن وەک یەکێک لە رێکارەکانی سیستمی دیموکراسی بۆ ھێنانەکایەی شەرعییەتی نوێنەرایەتی کردن، گرێبەستی نێوان دەنگدەر و نوێنەر (ھەڵبژێردراو)ە بۆ ئەو ماوەیەی پێش ھەڵبژاردن لە یاسای ھەڵبژاردن یان لە دەستور دا دیاری کراوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانەی ھەڵبژێردراو لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەیدات. دەوری بونی ھەڵبژاردن یەکێکە لە بنەما جێگیر و سەرەکییەکانی دیموکراسی کە بەپێی دەستوری عێراق، نابێت ھیچ یاسایایەک دەربچێت کە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی بێ (مادەی ٢/ یەکەم/ ب). ھەر بەپێی دەستور دەسەڵاتی ھەرێم بۆ پیادە کردنی دەسەڵاتی یاسادانان مەرجدار کراوە بە پابەند بون بە دەستوری عێراق (مادەکانی ١٢٠ و  ١٢١/ یەکەم). دادگای باڵای فیدراڵیش چەند بڕیارێکی ھەیە کە راستەوخۆ ئاماژە بۆ ناشەرعی بونی درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەکات.

ھەر بۆیەش دوای ٦- ١١- ٢٠٢٢ «پەرلەمان»ی کوردستان بۆ یەک رۆژیش شەرعییەتی نییە.

دووەم: جگە لەوەی لە دوای راپەڕینەوە ھیچ ھەڵبژاردنێکی ھەرێم لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە، لە ھەمان کاتدا ھیچ ھەڵبژاردنێکیش بێ گزیکاری ئەنجام نەدراوە بە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢شەوە. ھەر وەک چۆن ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن ئەبێتە ھۆی لەدەستدانی شەرعییەتی یاسایی و دەستوری، بە ھەمان شێوە ئەنجامدانی ھەڵبژارنی پڕ ساختەکاری نابێتە ھۆی بەدەستھێنانی شەرعییەت. چونکە پاکیی ھەڵبژاردن و ئەنجام نەدانی گزی و ساختەکاری تیایدا ھەر یەکێکی دیکەیە لە بنەماکانی دیموکراسی سەرباری رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ململانێی ئاشتییانە و دور لە توندوتیژی و بەکارھێنانی چەک.

سێیەم: ئاڕاستەی زاڵ لە عێراق بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەخت و، جار لەدوای جار چارەسەری کێشەی ساختەکاریی ھەڵبژاردنە نەک دواخستنی ھەڵبژاردن. ئەمەی لە ھەرێم ئەگوزەرێ رێک پێچەوانەی ئەو ئاڕاستە زاڵەی عێراقە و، ئەمە ھێندەی تر ھەرێم لە بەرامبەر عێراق لاواز ئەکات و، پشتیوانیی نێودەوڵەتیش بۆی کەمتر ئەکاتەوە.

چوارەم: ئیتر کاتی دابڕانی تەواوەتییە لەو رژێمە سیاسییە شکستخواردوەی دوای راپەڕین لە ھەرێمی کوردستاندا حاکمە و، ھۆکاری سەرەکیی دابەش بونی ھەرێم، گەندەڵی، نادادیی کۆمەڵایەتی، سەروەر نەبونی یاسا، شکستخواردویی ئابوری، لاوازیی سەربازی و نەبونی ھێزی سەربازیی نیشتیمانی و پیشەیی و، بەردوام لاواز بونی ھەرێم لە ناوەوە و دەرەوەیە. ئەم رژێمە سیاسییەی ھەرێم بە بنبەست گەیشتوە و ناتوانرێ چاک بکرێت. 

پێنجەم: لەوەی روئەدات ئەوەی کە زۆر ئازاری دام ئەوە بو کە کەسێک بەناوی گۆڕانەوە لەسەر ستەیجەکەی پەرلەمان خەریکی خوێندنەوەی پڕۆژەی درێژکردنەوەکەیە! بەڕاستی ئەوانەی ئێستا سەرکردایەتیی «گۆڕان» ئەکەن ھیچ پەیوەندییەکیان بەو بنەمایانەوە نییە کە گۆڕانی لەسەر دامەزرا و رەنگە لەسەردەمی کاک نەوشیروانیش ھەر وا بڕوایان پێی نەبوبێ بەڵام لەبەر ئەو نەیان ئەتوانی دەری ببڕن!

ئێستا تێئەگەم کە ئەو کاتەی مەسعود بارزانی بەھۆی ئەوەی رازی نەبوین بە درێژ کردنەوەی ماوەکەی رێی لێگرتین، بۆچی ھەر لەو کات و ساتەدا ئەوانە وەزیرەکانیان ناردە ماڵی نێچیروان بارزانی!


PM:02:40:06/10/2022

ئه‌م بابه‌ته 892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی