ئەنجومەنی سیاسی شوێنی پەرلەمان دەگرێتەوە

‌ ئیسماعیل حه‌مه‌ره‌حیم

خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ٤مانگی ١١ ئەمساڵ کۆتایی پێدێت واتەکەمتر لە دوو مانگی تر، تائێستا ھیچ ئامادەکارییەک نەکراوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، لەماوەی یەک مانگی رابردودا بەشێکی بەرچاو سیاسی و کەسانی چاودێری بارودۆخە سیاسییەکانی عیراق و کوردستانم دیوە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامبدرێت ئەوا ھەڵبژاردنی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ دووا دەخرێت.

لەگەڵ ئەو ھەموو پێشبینیانە بۆ ئەنجام نەدانی ریفراندۆم پرۆسەکە بەبێ کێشە و گرفت بەرێوەچوو، ئەوەی ماوەتەوە کارکردنە بەدەرئەنجامەکانی ئەو ریفراندۆمە و رەوانەی مەترسییەکانە لەسەر ھەرێمی کوردستان و دڵنیایی دانە بە وڵاتانی دراوسێ کە ھەرێم نابێتە ھەرەشە لەسەر ئاسایشی ئەوان، دوێنێ چاوم بەیەکێک لەئەندامانی ئەنجومی باڵای ریفراندۆم کەوت بۆ ماوەیەکی کورت قسەمان کرد ئەو وتی" ئیدی برواناکەم پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوە بکات، ئەگەر بیشیکات تەنھا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیەتی بۆ ماوەی دوو ساڵ" منیش وتم ئەی پرسە سیاسییەکان و کێشەی خەڵک دەبرێتە چ کۆڵان و مەتبەخێکی سیاسی ؟ وتی" ئەنجومەنەکەی ئێمە شوێنی پەرلەمان دەگرێتەوەو پرسەسیاسیەکان و کێشەکانی خەڵک لەوێ قسەی لەسەر دەکرێت" .

ئەگەر ئەم قسەیە راست بێت کە زۆر راستە ئەوا دروست کردنی ئەنجومەنی سیاسی کەلەسەرکردەی حزبەکان پێک دێت بۆ دووەمجارە لەھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، واتە حساب نەکردنی ئەم دەسەڵاتەیە بۆ دەنگی ھاوڵاتیان، واتە داننەنانە بەھیچ رێکارێکی یاسای و دیموکراسی کە چەند ساڵە تەنھا بانگەشەی بۆدەکرێت، کێشەکە ئەوەیە یەک دوو حزب دەچنە ناو ئەم ئەنجومەنەوە کە سەری زمان و بنی زمانیان باسی یاسا و بنەمای دیموکراسی دەکەن، لەکاتێک دا دەموچاوانێکی بێزراو و ناشیرین شوێنی دیموکراسی ترین دامەزراوەی کوردستان دەگرێتەوە، ھەرێمێک دووای نزیکەی ٣٠ ساڵ فەرمانرەوایی تازەبەتازە شێوازی فەرمانڕەوایی بگێرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناخۆ!

دەسەڵاتێک قسەکردن لەسەر کێشەی ھاوڵاتیانی بە مەترسی لەقەڵەم بدات، دەسەڵاتێک ئەوەی بەلایەوە گرنگ و لاوەکیبێت ژیانی ھاونیشتمانیانی بێت و تەنانەت بەلایەوە ئاسایی بێت ژیانی دانیشتوانی ھەرێمێک،بکرێتە قوربانی مەعمەعەیەکی سیاسی، ئیدی مانای مرۆڤ بوونی سەرکردەکان دەکەوێتە ژێرپرسیارەوەو باشتروایە ئێمە یان ئەوان بۆ یەکتری بەجێبھێڵین، ئەوەی ماوەتەوە وەک دەرفەتێک لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵدا تەنھا ئەم دەرفەتەیە ئایا ئەم دوو حزبە ئەنجومەنی سیاسی قبوڵَ دەکەن و یان ڕەتی دەکەنەوە و ھەنگاوی جیاواز لەبایکۆتکردنی دانیشتن و نەرۆشتن بۆ کۆبونەوەکان ھەڵدەبژێرن؟ یان ئەوانیش دەبنە مێژوو لەلای خەڵک..


PM:01:54:28/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 2467 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی