وتاری سواو کۆتایی هاتووە

‌مەلا بەختیار

چارەکە سەدەیەکە گۆڕانکاری هەمە لایەنەی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژی، سەراپای جیهانی گرتۆتەوە. لایەنی کەم، لەدوای پەیدابونی ئینتەرنێتەوەو راکێشانی هێڵی ئینتەرنێت بۆ کوردستان (١٩٩٢ - ٢٠١٩) بەرە بەرە گۆڕانکاری لە کوردستانیشدا، بە تایبەتی لە میتۆدەکانی خوێندن‌و پەروەردەو هزری کۆمەڵ، هەروا، لە میدیای کوردستانیدا، پەیتا پەیتا گۆڕانکاری دێتە دی.

لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا، نەوەیەک پەیدا بوەو نەوەی دوەمی راپەڕینیش، خەریکە پێک دێ.

(٣3) زانکۆ لە کوردستاندا هەن. سەدان هەزار کەس زمانی ئینگلیزی و دەیان هەزاریش زمانەکانی دیکەی بێگانە دەزانن. کەم هاوڵاتی هەیە، تەلەفۆنی مۆبایلی نەبێ‌و فەیسبوکی نەبێ‌و وەتساپی نەبێ. رێگاکانی سەفەری دەرەوەی وڵات کراوەتەوە‌و بە ملیۆنەها کەس ساڵانە سەفەر دەکەن و دونیا دەبینن.

لە (٢٠١١)وە، بەناو بەهاری عەرەبی سەری هەڵداوە، ئەوەتا قۆناغی دووەمی راپەڕینەکان جەزائیرو لوبنان و سودان و عیراقیشی گرتۆتەوە. دروشمی خۆپیشاندەران دیارە، کە رەنگدانەوەی گۆڕانکاریەکانی سەردەمەکەن و لە ژێر کاریگەری سۆسیال-میدیان و سەر بە حیزب و مەزهەب و دەسەڵاتداران، رەت دەکەنەوە.

کەچی.. هێشتا، لە هەر چوار بەشەکەی کوردستاندا، هێزە سیاسیەکان، تەنانەت حکومەتی هەرێمیش، چارەکێکی سیاسەت و دەسەڵاتیان بەپێی ئەرکەکانی سەردەمەکە نەگۆڕیەوە. گەندەڵان نەگلاون، مشەخۆران بەدەنگی بەرز ئەمشێنن، هەلپەرستی بۆتە دەمڕاستی.
لەوانەش سەیرو سەمەرەتر.. زۆربەی لایەنە سیاسیەکان‌و کاربەدەستان، هێشتا قۆناغی گوتاری (ئەی رەقیب)یان جێ نەهێشتوە.
ئەگەر شارەزایەک سەد گوتاری سیاسیەک، یان کاربەدەستێک، لەناو حیزبەکان و حکومەت، لە ساڵانی رابوردو هەڵبسەنگێنێ، بە ئاسانی دەتوانێ بیسەلمێنێ، کە ناوەرۆکی وتارەکانیان، یەک مەبەست و یەک ئاڕاستەیە.. ئەویش ناوەرۆک‌و ئاڕاستەی گۆتاری سواوی کلاسیکیە.

بەڕێزان!
بۆ خۆدەرخستن، مەنێرن بە دوای ئۆرگانەکاندا قسەی سواوی بۆ بکەن. کرێی سەیارە مەدەن هەتا شوێنی
كۆبونەوەكان قەرەباڵغ بكەن. ئەمڕۆ بواری دیكە زۆرە بۆ ئەوەی گوتارەكانتان بگەیەنن.. بە كورتی دەڵێین: گوتارە سواوەكان واز لێ بهێنن. بڕۆن بخوێننەوە، فێرگەكانی رەخنە شارەزا بن. بە فەلسەفەی سیاسیی نوێ پەروەردە بن. تەكنیكی نوێی میدیا و پەروەردە بەكاربهێنن. كارتان بەوە تەواو نابێ، دەڵاڵی فەیسبوك بەكرێ بگرن بۆ ئەوەی وێنەو هەواڵەكانتان بڵاوبكەنەوە. گرنگ وێنەو هەواڵ نیە.
گرنگ ئەو بابەتەیە كە باسی دەكەن. ئەو بۆچونە نوێیانەیە كە دەری دەبڕن. گرنگ تێگەیشتنتانە لە گۆڕانکاریەکانی سەردەمەکە و لە ئەرکەکانی سۆسیال-میدیا. ئەوەتا بینیمان ئەو کاربەدەستانەی لە بەغداد و جەزائیر و سودان و لوبنان، دەڵاڵی فەیسبوکیان هەبوو، یان هێزی چەکداری تایبەتیان هەبوو.. یاخود تەکەتولیان هەبوو، ئەوەتا چارەنوسیان دەبینین چیان بەسەر هاتوە. هەتا دەرسیان لێوەربگیرێ. بۆیە، تكایە..

وتاری ئەشكەوت و گوتاری سواو، واز لێ بهێنن.. هۆشتان بێتەوە بەر.. چونكە نەوەی نوێ هۆشی هاتۆتەوە بەر!


PM:02:42:06/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 3188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی