پرۆژەی کورسی پەرلەمانی!

‌لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خەریکە نزیک دەبێتەوە و هەر بۆیەش تا دێت کێرڤی چەواشەکاری و بانگەشەی ناراستەوخۆ بەرزتر دەبێتەوە.

پڕۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەکێکە لە بەرنامە زەقەکانی بانگەشەی هەندێک لایەنی سیاسی کوردستانی و عێراقی کەوا جگە لە چەواشەکاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ واقیعییەتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت ! مامۆستایەکی ئازیز یاخود فەرمانبەرێکی ماندوونەناس شایستەی ئەوە نییە بەساویلکە بزانرێت و بە دوو ژاوە ژاوی سیاسی هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی هەست و بیرکردنەوەی بدرێت و بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و کورسییەکی پەرلەمانی. لە هەمووی سەیروسەمەرەتر کەسانێک کە خۆیان کردووەتە خاوەنی پرۆژەکە لە رابردوو نەیانتوانیوە پابەندی سیاسەتی حزبەکەی خۆیان بن و بەبێ هیچ دوو دڵییەک لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان بە چاوتروکاندنێک پشتیان لە حزبەکەی خۆیان کردووە. 

لەهەمووشی کارەساتبارتر ئەو پرۆژەیە واژووی پەرلەمانتاری وای تیایە کە بە رەچەڵەک کوردە و پاسپۆرتی ئەمریکی هەیە کەچی بەرژەوەندییەکانی یٔەوەنە زاڵبوونەتە سەری فەرمان لە  ئەنارشیزمەکانی بەغداد وەردەگرێت. بە راستی ئەم جۆرانە ئیتر جێگەی بەزەیین...

 هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد لە هەوڵێکی جدیدان کە بگەنە میساقێکی سیاسی و یٔابووری  تاوەکو کۆتایی بە ململانێی حەوت ساڵەی نێوانیان بهێنن، بێگومان یٔەمەش هەندێک لایەنی بەتەواوی پەست و قەڵس کردووە و بە پیلانرێژی و بەرنامە جۆراجۆر دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئەو رێککەوتنانە دروست بکەن.

حکومەتی عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری و یاسییەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە دڵنیابن ئەو پرۆژەیە تا بەردەگای هۆڵی کۆبونەوەی پەرلەمان دەچێت بەڵام ناچێتە ژوورە. 

ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی خۆیان کردووەتە خاوەنی یٔەم پرۆژەیە چاکتر وایە سەرقاڵی پرسی گرنگتر بن کە واقعی بێت و ئەنجامی هەبێت و لە بەرژەوەندی کوردستانیان بێت. بۆ نمونە پرسی هەمواری دەستوور و هەوڵی شۆڤینییەکان بۆ لابردن و نەهێشتنی ماددەی ۱٤٠، پێویستە دەستوبردێک بکەن و چۆن توانیان ۱۱۷ واژووی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پرۆژەیەکی خەیاڵاوی کۆبکەنەوە ئاواش لۆبی بۆ ئەم پرسەش دروست بکەن.


PM:10:32:21/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 2164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی