هەموومان بکوژین

‌ئەژین عەبدولخاڵق

پرسیار ئەوە نیە کێ بکوژە، پرسیار ئەوەیە چۆن لەم  قەسابخانە دەرچین و کۆتایی پێ بێنین. چۆن ڕێز لە ڕای یەکتر بگرین، چۆن یەکتر قبوڵ کەین وەک ئەوەی هەین و بە هەموو جیاوازیەکانمانەوە.

کۆمەڵگاکان  بە گشتی لەسەر دوو هێڵ کاریان کردووە، یان ڕەش یان سپی. یان ئاشتی یان شەڕ.
یان ئەدەب و هونەر یان مەلاو کڵێساو مزگەوت.

ئێمە شەڕ و ئاینمان هەڵبژارد و  ئەدەب و سەماو پەروەردەو ئاشتی و ژینگە دۆستیمان وەلاوە نا.  ئێستا کۆمەڵگاێکت لە بەردەستە  لە پیرەکانیەوە نەخۆشی دەروونی هەیە تا مناڵی ساوا. کۆمەڵگاێک هێندە کار لەسەر تێکشکاندنی هەموو جومگە سەرەکیەکانی کراوە. سێ کیشوەریش لێی دوربە ژاوەژاوە دەرونیەکەی لە نێوت دەرناچێ.  لێتان ناشارمەوە لەم سویدە، لەگەڵ ئێوە دەگریم، لەگەڵ ئێوە هەڵدەچم، لەگەڵ ئێوە توڕەدەبم.

کێشە لە ئێستادا ئەوە نیە کێ کێی کوشت، کێشە ئەوەیە چۆن وا بکەین ببینەوە بە مرۆڤ. مرۆڤی هێمن، مرۆڤدۆست، دژە یەکتر سڕینەوە. ڕێز لە بڕیاری یەک بگرین. ڕێز لە ڕای بەرانبەر بگرین.  سەیرکەن گەر دەسەڵاتێک ئەم ئازیزانەی کوشتبێ، کەواتا هاوڕایان نەبووە، گەر کردەکەش خۆکوژی بێت کەواتا دیسان هاوڕا نەبون  و نەیانتوانیوە ڕای یەک بە ێزەوە قبوڵکەن.  کەواتا ئێمە لە هەموو حاڵێکدا کێشەی یەکتر قبوڵکردنمان هەیە. کە ئەمەش دەسەڵات و پەروەردەو مەلای ئاینی ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە شێواندن و وێرانکردنی.

جارێ با لێرەوە دەستپێکەم

کام لە ئێمە بە کوشتن هەڕەشەی لێ نەکراوە؟

من هەر لە منداڵیمەوە دەیانجار پێم وتراوە وا بکەیت و وا نەکەیت دەتکوژم

دایکم دەیگوت" یەکەم نەبی دەتکوژم"

براکانم شتێ قۆڕ بکەی"دەتکوژم"

باوکی کچه کەم کە زانی هیچ حەلێکی نیەو نامەوێ لەگەڵی بژیم ووتی "دەتکوژم" ئەو هەر بەوەندە نەوەستا بگرە لەگەڵ وەتەری شەڕەف و ئەخلاقپەرستی براکانیشم یاری دەکرد بۆ ئەوەی هانیانبدات ئەوان بمکوژن.

دەی هەموو ئەوانە لە کۆمەڵگاێکی تەندروست ڕونادەن. ئەوانە دەلیلن ئێمە لە کۆمەڵگاێک دەژین کوشتن و هەڕەشەو یەکتر قبوڵنەکردن بوە بە فەرهەنگمان.  تەنانەت لە دڵداری و عشقیشدا بە یەکتر دەڵێن" دەتکوژم جێمبهێڵی"خۆم دەکوژم جێمبهێڵی".

ساڵانێک وەک رۆژنامەنووس ڕوبەڕوی دەیان هەڕەشەی کوشتن بومەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو هەواڵ و بەڵگانەی بڵاومدەکردەوە لەسەر بەرپرس و دەسەڵات لە بەرژەوەندی ئەوان نەبوو.

تۆ وەک تاک، وەک بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی بە کۆمێنت بە لایک بە بێ هەستی بەرپرسیارێتی ڕەش و سپی تێکەڵ دەکەیت و ڕۆژانە دەورو پشتت دەکوژی.

تۆ ڕاگەیاندنکار و قەڵەم بە دەست کەس وەک تۆ ئەم کۆمەڵگایەی وێران نەکرد.  شەڕو دژایەتی و بوغزی ناوتان لە نێو بەرنامە و لێدوانەکانتان بۆنی دێت.

تۆ سیاسی و دەسەڵات بە دەست، تەکساسێکت دروستکردووەو هەر ڕۆژەو ئەم کۆمەڵگایە بە جۆرە سیناریۆێک دەغافڵێنی.

تۆ مەلا و پیاوانی تۆبەکار بەرپرسیت لەم فەوزا ناشیرینەی دروستتان کرد، ئێوە میللەتێکتان فێرکرد بۆ ئەوەی تەعبیر لە ناخی خۆی بکات بقیڕێنێ و هاوار کات.

ئێوە توندڕەوترین پیاوی نێو مێژووتان لەم مەملەکەتە دروستکرد. ئێوە خەڵکتان فێرکرد یەکتر ڕەتکاتەوەو   دۆقەو خۆشەویستی و ڕێزتان سڕیوەو لە پەنای حەڕام و حەڵال شەرعیەتتان دا بە نامرۆڤایەتی.

کۆمەڵگاێک دژە هونەر، دژە ئەدەب، دژە شانۆ و هەموو ئەم جوانیانەی  مرۆڤ خاودەکەنەوەو لە دڕندەوە دەیکەن بە مرۆڤێکی مرۆڤ دۆست و ژینگە دۆست و ئاژەڵدۆست. ئێوە هەموو ئەو جوانیانەتان تیرۆرکرد. ئێستا لەبەردەمی کۆمەڵگاێکی یەک کەست تیا دەرنەچوە تەندروست بێ، هەمووی نەخۆشە کەمتر یان زۆرتر. جیلێک دروست بوە ئەدەبی ووڵاتەکەی خۆی ناناسێ،  گوێ لە میوزیک ناگرێ و پێی حەرامە. کۆمەڵگاێک دروست بووە ماڵ نیە  ڕۆژێ دوو سێ شەڕ و  ئاژاوەی تێنەکەوێ. هەمووشی لەسەر ئەساسی یەکتر قبوڵنەکردن.

تاکە حەل ئەوەیە لە خۆمانەوە دەستپێبکەین
لێبوردە بین و واز لەم هەموو رق و یەکتر سڕینەوە بهێنین. تۆم قبوڵ بێت وەک خۆت و هەوڵی گۆڕینت نەدەم.


PM:03:47:18/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 4608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی