مانگی داهاتوو بۆ كازمی قورسە

‌فەرحان جەوهەر

بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئێران هەموو هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق ناچار بە كشانەوە  یان زیان گەیاندن بكات، تا دواجار كاریگەری لەسەر دۆڕاندنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی مانگی 11 دابنێت.

بۆیە ئەمریكا هەر زوو لە یارییەكە گەیشت و بڕیاری داخستنی باڵوێزخانەكەی دا، لەلایەك وەك گوشار لەسەر حكومەتی كازمی بۆئەوەی شێلگیرانە رووبەرووی میلیشیاكان ببێتەوە و، لەلایەكی تریش بۆ پاراستنی گیانی دیپلۆماتەكانی لەو هێرشانەی كە خەریكە دەبێتە رۆژانە، لەبەرئەوەی كاتەكە بۆ ترەمپ بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن زۆر هەستیارە،  كوشتنی یەك دیپلۆمات لەم كاتەدا بەسە بۆ ئەوەی كێرڤی جەماوەری ترەمپ بێتە خوارەوە و دووچاری دۆڕاندنی بكات.

هەرچەندە لە كاتێكی وادا وەڵامدانەوەی ئەمریكا بۆ ئەو هێزانە كەمەر شكێن دەبێت، بەڵام بەهەر شێوزاێك بێت دەرەنجامەكانی پێشبینی نەكراون، بۆیە ئەمریكا لە ئێستادا نایەوێ بچێتە ناو ئەم یاریەو تا بۆی بكرێ دەیەوێت ئەم مانگە بە ئارامی تێبپەڕێت، هەرچی ئێرانە دەیەوێت ئەم مانگە بكاتە دەروازەو هەلێك بۆ لێدان لە پێگەی جەماوەری ترەمپ و دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنی داهاتوو، چونكە ماوەیەكی گەلێك زۆرە ئێران گرەوی سەركەوتنی خۆی لەسەر دۆڕاندنی ترەمپ و هاتنی كاندیدی دیموكراتەكان داناوە و پێیوایە بە رۆیشتنی ئەم ئیدارەیە ئیدی دەتوانێ ئاهێكی بەبەردا بێتەوە و گۆشارە ئابورییەكانی سەری سووك ببن.

بۆیە لەم رۆژانە و رۆژانی داهاتووشدا  میلیشیایەكانی عیراق چالاكییەكانیان چڕتر دەكەنەوە بۆ ئیحراج كردنی حكومەتی كازمی و لاوازكردنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە حكومەتەكەی و بێ هێوا بوون لێی،  لە ئەگەرێكی واشدا دوور نییە كازمی روو لە ئێران بكات بۆ مانەوەی خۆی سازشێكی گەورە بكات، هەرچەندە لە روودانی ئەگەرێكی وا عیراق لە گێژاوێكەوە پێ دەنێتە ناو گێژاوێكی ئاڵۆزتر و كارەساتێكی  ئابوری روودەدات، چونكە ئەمریكا و ئەورپا دەست لەسەر ئەژنۆ بەرامبەر یارییەكی وا ناوەستن،  یان روونتر ئەمریكا وا ئاسان دەستبەرداری پێگەی خۆی نابێت لە عیراق بۆ ئێران، چونكە ئەو كاتە بەرژەوەندییە زیندووەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانی لە كەنداو دەكەونە بەر مەترسی گەورە، بۆیە ئاسان نییە بۆ ئێران گەمەیەكی وا سەر بگرێت.

لە رۆژانی داهاتوو ئێران هەڵمەتەكەی چڕتر دەكاتەوەو ئەمریكا هەوڵی هێوركردنەوە دەدات، هەرچەندە هیچ گرەنتییەك نییە لەم یارییە تۆم و جێرییەدا ئێران سەركەوتن بەدەست بێنێت، بەڵام هەوڵێكە و دەیدات ئەگەر ترەمپ كۆشكی سپی بەهەر هۆكارێك جێهێڵا، ئێران خۆی وەك سەركەوتوو نیشانی كومەڵگای نێودەوڵەتی دەدات و حكومەتی كازمیش ناچاری خۆبەدەستەوەدان دەكات، هێزەكانی لایەنگری خۆیشی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتووی عیراق سەردەخات، بەمەش دەسەڵاتەكەی لە عیراق فراوانتر دەكات . تا چەند ئەم بەرنامەی ئێران دەبێتە هۆی سەركەوتنی،  ئەوە لە رۆژانی داهاتوودا وەڵامەكەمان دەست دەكەوێت.  


PM:03:20:29/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی