‌هەڵەبجە 1 / 1 * لە نێوان كوردایەتی و عێراقچێتی دا؟
PM:03:19:26/04/2018
فەرحان جەوهەر


حەقە هەر تاكێكی كورد لەهەر شوێنێك بێت ئەو پرسیارە لە خۆی و خەڵكی تریش بكات، ئایا خەباتی گەلی ئێمە لە پێناو ماف و شوناسی كورد بوون بوو؟ یان لە پێناو عدراقێكی خاوەن سەروەری و یەكگرتوو بوو؟ دیارە گەلی كورد ئەو هەموو خوێنەی داوە و ماڵوێرانیەی بینیوە لە پێناو وەدەستهێنانی ماف و سەلماندنی شوناسەكەی بووە، بۆیە بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی عیراق و پێش ئەو مێژووەش كوردایەتی خەمی ئەبەدی ئەو میللەتە بووە، كە پێمانوایە هیچی لەو میللەتانەی تر كەمترنییە كە ئەمڕۆ بەناحەق و ستەمكاری خۆیان كردۆتە كەڵەگا بەسەرمانەوە، بۆیە بۆ وەدەست هێنانی ئەو ماف و شوناسە بەرگەی ئەو هەموو سەختیە و ماڵوێرانییەی گرتووە. 

ئەگەر خەباتی ئێمە بۆ عیراقێكی یەكگرتوو خاوەن سەروەریش بووە وەك ئەمڕۆ هەندێك هێزو لایەنی كوردستانی پێشبڕكێیان لەسەر عیراقی بوونە و هەریەكەیان دەیانەوێ پێش ئەوی تر وەلاو دڵسۆزی خۆی بۆ عیراقی یەكگرتوو بسەلمێنێ، ئێمەش وەك پارتی بە دژە عێراق نیشان بدەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە پێیان دەڵێین: ئێمە بەشانازیەوە خەباتمان بۆ كوردایەتی و پاراستنی شوناسی كوردبوون بووەو خۆشمان بەمیراتگری خوێنی هەموو ئەو شەهیدانە دەزانین كە ڕۆژانێك لە پێناو خاك و كوردایەتیدا گیانیان بەخشیوە.

گەر خەباتی گەلی كوردستان وەك ئەمڕۆ هەندێك لایەن ئیدیعای 4 لە پێناو عێراقێكی یەكگرتووبوایە؟ ئەو هەموو خوێن و ماڵوێرانی و ئەنفال و كیمیاباران و ئاوەرەیە لە پێناو چی بوو؟ هەركەسێك لە سەردەمی رژێمی بەعس و پێش بەعسیەكانیش بێنەسەرحوكم، لەگەڵ عیراقی یەكگرتووبایە ئەوا بەسەت جار زیاتر ماف و ئیمتیازەكانی لە ئەمڕۆ زیاتر دەبوو ، بەتایبەتی گەلی كورد لە كوردستان ، گەر وەك ئەمڕۆ هەندێك لایەنی سیاسی شانازی بەعیراقی بوونی خۆیانەوە دەكەنو خەمی عیراقی یەكگرتوویانە، ئەوا لەسەردەمی سەددامدا نە دووچاری كیمیاباران و نە ئەنفال و راگوازتن و ئاوارەیی نەدەبووین مافەكانیشمان زیاتر لە ئەمڕۆوە دەست دەهێنان، ئێ خۆ حوكمڕانانی عیراقیش هەر لە مەلیكەوە تا سەددام هەر ئەوەیان لە گەلی كورد دەویست كە شانازی بەعیراقی بوونی خۆیانەوە بكەن، ئیتر ژیانێكی شاهانە دەژیاین، بەڵام گەلی كورد شوناسی كوردبوونی خۆی لە هەموو شتێك پێ باشترو گرنگتر بوو، بۆیە لەو پێناوەدا خوێن و نرخێكی زۆر گرانیدا. 

ئەمڕۆ هەندێك لایەن هێرش دەكەنە سەر پارتی تاوانبارمان دەكەن بەوەی لە دژی عیراق پیلان دەگێڕین و باوەڕمان بەعێراق نییە، تەنها بۆ ئەوەی لای خەڵكی تر لە بەغداو دەرەوەی بەغداش زیاتر دڵسۆزی خۆیان بسەلمێنن، پێموایە ئێستا كاتی ئەو پرسیارەیە لە و هێزانە بكەم پێیان بڵێم مادام ئێوە ئەوەندە باوەڕتان بەعیراقی یەكگرتوو هەیە و تا ئەڕادەیەش بۆی دڵسۆزن بۆچی كاتی خۆی لە دژی عیراق لەگەڵ لایەنی دەرەكی پیلانتان گێڕاو هەڵەبجەتان بەو دەردە برد، كەواتە بەپێی ئەو لۆژیكەی ئیوە بێت خوێنی هەڵەبجەو ئەنفال لە ئەستۆی ئێوەیە، چونكە لەگەڵ وڵاتێكی بیانی پیلانتان لە دژی عیراقی یەكگرتوو و خاوەن سەروەری گێڕابوو، خۆئەگەر خەباتی ئێمە بۆ عیراقی یەكگرتوو بایە هیچ كاتێك گەلی كورد بەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیە نەدەكەوت و كوردستانیش خراب نەدەبوو، بۆیە پێویست دەكات ئەو هێزانە داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان بكەن و خۆشیان لە خوێنی ئەو شەهیدانە بەری بكەن، رەنگە هەدێك لایەن بڵێن ئێمە لەو سەردەمەدا نەبوین ؟ بەڵام زۆربەی كاراكتەرەكانیان لەو سەردەمەدا بوون.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.