جگەلە چارەسەركردن هیچ رێگایەكی ترمان نییە

‌فەرحان جەوهەر

چارەسەركردنی بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان پێویستی بە بڕیاری عەقڵانی و واقعی هەیە، هەموو لایەكیشمان لێی بەرپرسیارین، ئەم خولەی پەرلەمان خرابترینیان بوو، هۆكاری سەركیش لیستی نیمچەكراوە بوو، دواتر ململانێی حزبی و بگرە كەسیش تەنانەت لە ناو یەك لیستیشدا ركابەری كەسی هەبوو، سەرەنجام دۆخەكە بەرگەی ئەو هەموو ململانێیەی نەگرت و بەم رۆژە گەیشتین، لیستی نیمچەكراوە جۆرە كەسانێكی هێنابوو بۆ پەرلەمان كە جگەلە هەست و سۆزی لایەنگرانی خۆی نەبێت، حیسابی بۆ هیچ كەس و لایەنێك نەدەكرد، هەروەها بێ‌ ئەزموونی سەرۆكی پەرلەمانیش ئەوەندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردبوو، لەلایەك لە ژێر گوشاری حزبەكەی بوو، لەلایەكی تر لە ژێر گوشاری فەیسبووكدا بوو، جگەلە وەی لە ناو لیستەكەشیدا دووچاری جۆرێك لە ململانێ هاتبوو، بۆیە هەر زوو دەركەوت كە سەرۆكی پەرلەمان ناتوانێ‌ ئیدارەی ئەو ململانیێ بە شێوەیەكی عەقڵانی بدات.

دواجار خۆی بووە بەشێك لەو ململانێیەو بەتەواوی كەوتە ژێر هەژموونی حزبەكەی و نەیتوانی وەك سەرۆك پەرلەمانێكی بێ‌ لایەن رەفتاربكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەندێك لە فراكسیۆنەكانی ترچونە بن كڵێشەی، ئیتر بە تەواوی بێ‌ لایەنی خۆی لە دەستداو كەوتە دژایەتی لەگەڵ گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان، كە بەدەنگی ئەو فراكسیۆنەو بەپێی رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتی ببووە سەرۆكی پەرلەمان، ئیدی كۆتایی ململانێكە سەری كێشا بۆ سوتاندنی بارەگاكانی پارتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، كە گەیشتە ئەمە و روویدا، پارتی چیتر نەیتوانی دەستەو ئەژنوو بە دیار گۆڕانەوە دانیشێت و سەیری گەمەكانی بكات، دواجار بە ناچاری ئەو بڕیارەیدا، كە بووە جێگای خۆشحالی دۆست و ئەندام و لایەنگرانی، من ماوەی 25 ساڵە وەك كادرێكی ئەو حزبە لە ئۆرگانە جیاجیاكانی كاردەكەم، هیچ كات نەمبینیوە بڕیارێكی پارتی بەقەد ئەو بڕیارەی ئەم دواییە دڵی دۆست و لایەنگرانی خۆش بكات، لەگەڵ ئەوەشدا جگەلە چارەسەركردن هیچ رێگایەكی ترمان لە پێش نییە.

بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە پێویستە هەموو لایەنەكەان بە بە كۆمەڵێك سازش و پێشنیازی نوێ‌ لەگەڵ یەكتر كۆببنەوە، سەرەتای هەموویان پێویستە گۆڕان ئەو حەقیقەتە بزانێت كە پارتی بە هیچ شێوەیەك بە پێكهاتەی كۆنی سەرۆكایەتی پەرلەمان رازی نابێت، بۆیە بە گۆڕینی ئەو سەرۆكایەتییە، بەشێكی زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەبن، بە گۆڕینیشیان نە كەعبە كەچ دەبێت و نە كورد دەڕوخێت و نەبەرەكانی شەڕی دژی داعشیش لاواز دەبن، بۆیە ئەگەر راستە گۆڕان حزبێكی مەدەنی و بەرژەوەندی خەڵكی دەوێت، نەك بەرژەوەندی حزبەكەی، ئەبێت هەرچی زووە لە پێناوی یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد دەست بەرداری سەرۆكی پەرلەمان ببێت، چونكە دەبێت هەموومان ئەو راستییە بزانین ئەگەر بڕیاربێت لەگەڵ یەكتر و پێكەوە كاربكەین، نابێت بە رۆحی تەحەدا كردن لەگەڵ یەكتر كاربكەین، گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ شوێنی خۆی جگەلە مانای تەحەدا كردنی پارتی نەبێت هیچ مانایەكی تری نییە، جا بۆئەوەی هاوكاری یەكتربین و پێكەوە كاربۆ ئایندەی گەلی كوردستان بكەین، پێویستمان بە تەحەدا كردن و ئێسك شكاندنی یەكتر نییە، بۆ خودی سەرۆكی پەرلەمانیش گرنگە دەست لە كار بكێشێتوە لە پێناوی رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد، من بام لە جیاتی ئەو هەر دوای ئەو رووداوانە دەستم لە كار دەكێشایەوە و دەمگووت با چیتر من نەبمە هۆكاری تێكچوونی نێوماڵی كورد، بۆ خۆشی وەك شەخس دەبووە دەسككەوت، راستە حزبەكەی رێگەی نادات بەڵام لە دۆخی وادا پێویست دەكات مرۆڤ خاوەن رای خۆی بێت.


PM:08:50:05/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 3171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی