هێزەکانی سلێمانی و هەڵوێستی نەتەوەیی

‌فەرحان جەوهەر

ماوەیەکە هێزە سیاسیەکانی سلێمانی خەریکی  فرۆشتنی هەڵوێستی نەتەوەیین بە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی دوایی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین، ئەو هێزانە یان خەڵکی کوردستان بەگێل تێدەگەن یا ئەوە خۆیان هەرهەندەی لێدەزانن، زیاتریش ئەوەی یەکەممان راستترە، چونکە ماوەیەکی زۆربەسەرکەرکوک و خورماتوو تێنەپەڕیوە تا خەڵک هەڵوێستی ئەوان لەبیر بکات ، کەئەو هەموو کارەسات و کاولکاریەی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هات، بە وشەیەکیش نقەیان لێوە نەهات ، لەکاتێکدا بۆ بچوکترین شت بەیاننامەی دوورو درێژ دەردەکەن، 

هەر لەتەنیشت خۆیان رۆژانە کورد گولە باران دەکرێ، تەقەی سەریان دێت، بەڵام بۆ باکورو رۆژئاوا بەقسە نەتەوەیی عەیار بیست و چوارن، نەهیچیان لەدەست دێت و نەهیچیشیان بۆ ئەو کوردانە کردووە لە قسەی بەردەم کامیرا زیاتر نەبێت، ئاخر هێزێک بۆ ماڵەکەی خۆی هیچی پێنەکرێ و نەتوانێ بەیاننامەیەکی هاو خەمیش بۆ جینۆسایدی خورماتوو ئاوەرەکانی کەرکوک دەربکات، دەبێ  بۆ برای دوور چی بکا.

لەسەرەتای هێرشی سەرعەفرین، هەرئەوگروپەی کەرکوکی فرۆشت و خیانەتیان لە وڵات و شاری خۆیانکرد، گوتیان هێز بۆ عەفرین دەنێرین، ئەوە عەفرین گیراو هیچیشیان پێنەکرا،  چونکە بەم قسە بۆشانە دەیانەوێت خیانەتی کەرکوک لەبیر خەڵک بەرنەوە، ئەمڕۆ لەکەرکوک ئەمری گرتنیان لەلایەن پارێزگاری کەرکوک بۆ دەرچووە.

ئەوگروپە خیانەتکارە لە رۆژگارێکدا تەڕاتێنیان لەکەرکوک دەکردو ئاڵای کوردستان و دەسەڵاتی کوردو پارێزگاری کورد حوکمی دەکرد، ئەمڕۆ شانازی بەوە دەکەن کە بۆ دوو کاتژمێر مۆڵەتی ئاهەنگی نەورۆزیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا هەموومان دەزانین ئاهەنگ و ئاگری نەورۆز لە هیچ سەردەمێکی دەسەڵاتدارانی عیراق بەسەردەمی بەعسیشەوە قەدەغەکراو نەبووە، چ جای بگاتە ئەمڕۆ تەنها بۆ دوو کاتژمێر مۆڵەتی ئاهەنگی نەورۆزت پێبدەن و دواتریش راوتبنێن. کورد گوتەنی دەهەڵگرەوە کاک راکان جبوریتان پێ لە کاک نەجمەدین کەریمی ئەندامی حزبەکەتان باشتربوو، ئەمەو سەرباری لە دەست دانی کەرکوک و هەموو ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

بۆیە چیتر خەڵک بەگێل مەزانن و هەڵوێستی نەتەوییان پێ مەفرۆشن و سلێمانیش لە مەزیاتر وێران مەکەن بۆ رازی کردنی خەڵکی تر، چونکە دڵنیام سبەی رۆژ تورکیا هێرش بکاتە سەر هەرشوێنێکی کوردستان بە خودی ناوچەی ژێر دەسەڵاتیشتان هیچتان پێناکرێ و ئەوانەی پشتیشتان پێ بەستوون هیچتان بۆ ناکات. نامەکەی نوێنەرتان لەئەنقەر بەسە بۆ ئەوەی خەڵک تێبگات خەریکی چین لە ئێستادا.


PM:03:30:25/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 3634 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی