پەکەکە بۆ کێ ئەمە دەکات؟

‌فەرحان جەوهەر

پەکەکە پێویستە ئەو ڕاستییە بزانێت کە هیچ چاکە و پێگەی لە باشوور نییە، خەڵکی کوردستان لەگەڵ هاوخوێنەکانیان لە باکور هاوسۆزن، بەڵام نابێت پەکەکە ئەم هاوسۆزییە والێکبداتەوە کە ئەم هاوسۆزییە لەگەڵ ئەوانە، زیاتریش لەمە خەڵکی باشوور لەوە هۆشیارترن نەزانن هەرکاتێک پەکەکە بووە دەسەڵات لەهەرێم ئیدی شتێک نامێنێت بەناوی حکومەتی هەرێم، چونکە پەکەکە تاکو ئێستاشی لەگەڵ دابێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هێزێکی تیرۆرستی ناسراون، هەرچەندە لەم دوایەدا هەلێکی باشیان بۆرەخسا کە درێژە بەخەباتی مەدەنی بدەن لە رێگای هەدەپە، بەڵام ئەو دەرفەتەشیان لە کیس خۆ و لە کیس کوردی باکوریشدا، بەگەڕانەوە بۆ شەڕو کوشتنی پۆلیس و خۆتەقاندنەوەیان لە چەندین شوێن ئەوەندەی تر ناسنامەی تیرورستی خۆیان لەسەر ئاستی جیهان تۆخترکردەوە.
هەلێکی تریشیان لە رۆژئاوا لە کیس کورددا،

دەرفەت هاتبوو کە بتوانن لەگەڵ لایەنەکانی تر ئیدارەیەکی هاوبەش دامەزرێنن و خۆیان لەو شوێنانە وەک پەکەکە دیارنەخن، بەڵام حوکمێکی تاکڕەویان جێگیرکردو وایانزانی بەمە شەرعیەتی نێودەوڵەتی وەردەگرن، پەکەکە و لایەنگرانی ئەبێ بزانن بەم سیاسەتەیان ناتوانن هیچ دەسکەوتێک بۆ خۆیان و باکور وەدەست بێنن، ڕاستە بەهۆی پێویستی شەڕی داعش ئەمەریکا تا رادەیەک لە هێرشی تورکیا پاراستونیەتی، بەڵام دوای داعش یان خۆیان رادەستی رژێمی سوریا دەکەن و جۆرە لامەرکەزیەک قبوڵ دەکەن یا ئەوەتا هیچ پێگەیەکیان لە رۆژئاوا نامێنێت، بۆیە پەکەکە نەک هەر لە شەنگاڵ و مەخمور بێ دواڕۆژن ،بەڵکو لە رۆژئاواش بێ دواڕۆژن.

ئەوەی ئەمڕۆ پەکەکە بەناحەق خۆی کردووەتە کەڵەگا و ئەو بارودۆخەی ئێستای هەرێمی قۆزتۆتەوە بۆ لێدان لە هەرێم و قەڵمڕەوی پارتی بێ هودەیە و هیچ دەسکەوتێک بۆ خۆی ناپچڕی، جگەلەوەی دەتوانێت هاوکاری لایەنی ئیقلیمی بێت بۆ لەباربردنی خەونی گەلی کوردستان، پەکەکە وەک ڕێکخستێکی ستالینی دەتوانێت تا رادەیەک ببێتە جێگای سەرسامی تەمەنێکی دیاریکراو لە گەنجان، بەڵام هەرکاتێک ئەو گەنجە گەیشتە تەمەنی سی ساڵی چیتر ناتوانێت پەکەکە بێت، بۆیە دەبێت ئەو راستییە بزانێت کە خاوەن لایەنگرێکی جەماوەری فراوان نییە، راستە لەبەرامبەر دوژمنانی کورد هاوسۆزی زیاتر بۆ پەکەکە هەیە، بەڵام لەبەرامبەر هێزێکی وەک پارتی و غەدرکردن لە باشور و هەرێم هیچ هاوسۆزیەکی نییە، لەوەش زیاتر پێویستە پەکەکە ئەو راستییەش بزانێت هیچ کەسێکی رۆشنبیر ناتوانێت لایەنگری بۆ پەکەکە بکات، چونکە حزبێک قوتابییەکی زانکۆ لە خوێندن راگرێت و بیکاتە چەکدار ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ناسنامەی ناسراوبێت، ئەگەر ئەمڕۆ هەندێک لە کادرو لایەنگرانی یەک دوو حزبی منافسی پارتی و هەر بۆ دژایەتی پارتی دەهۆڵیان بۆ بکوتن هیچ نییەو وەک بڵقی سەرئاو ون دەبن.


PM:09:45:15/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 5063 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی