‌بۆچی نێچیرڤان بارزانی نەوت ڕادەستی بەغدا ناكات؟
PM:03:34:27/12/2016
فەرحان جەوهەر

زۆربەی خەڵكی كوردستان و عێراقیش وادەزانن كە كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوتن، ناحەقیشیان نییە. چونكە جگەلەو كێشەیە باسی هیچ كێشەیەكی تر ناكرێت، بەتایبەتی لە كوردستان بەهۆی ئەو ناكۆكییە سییاسیەی نێولایەنەكان بەگشتی و ناكۆكیەكانی ئێمە و گوڕان بەتایبەتی.

ئەگەرنا كێشەكانی هەولێر و بەغدا ئەنجامی ژانی پەیدا بوونی ئەو كیانە نوێیەیە كە لە داهاتوودا پێی دەڵێن: دەوڵەتی كوردستان، هەرچەندە لە كوردستان ئەمەش ناكۆكییەكی تری دروستكردووە، بەجۆرێك هەریەكە لە گۆڕان و بەشێكی یەكێتی، بۆ سەرنەكەوتنی ئەو بیرۆكەیە دەیان پاساوی جۆراو جۆر دێننەوە، وەك ئەوەی گوایە ئەمە تەنها مزایەدەیەكی پارتییە و هیچی تر، یان نەبوونی پاڵپشتی دەرەكی و ئامادەنەكردنی كەرەستەكانی دەوڵەت و كێشەكانی دارایی و نەبوونی مووچە و تا دوایی، ئێمەش لە هەولێر ئەو پاساوانەی ئەوان بە بەشێك لە هەوڵەكانی یان ئەجیندای وڵاتێكی دراوسێ دەزانین بۆ سەرنەكەوتنی پرۆژەی بە دەوڵەتبوونی هەرێم.

ئەگەر لەسەر زۆر مەسەلەی تر ناكۆك باینا، بەڵام حەق نەبوولە مەسەلەی بەدەوڵەت بوون ناكۆك بین، بەتایبەتی یەكێتی كە حزبێكی نەتەوەییە و لە ڕابردوودا خوێنێكی زۆری لەو پێناوەدا بەخشیوە.
دوای ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی دابەزیوو، حكومەتی عێراقیش بودجەی هەرێمی بڕی، حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە ناو قەیرانێكی قورسی ئابورییەوە كە ئێستاشی لەگەڵ دابێت، حكومەت ناتوانێت موچەكان بە شێوەیەكی ئاسایی و ڕێك بداتە فەرمانبەران، تا ئەو كاتەی ئەو قەیرانە ڕووینەدابوو، نرخی نەوت لەسەرووی ١٠٠ دولار بوو، هەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێم ڕازیبوون نەوت بەشێوەی سەربەخۆ بفرۆشێت، پەرلەمانی كوردستانیش بەیاسا ئەو مافەی بە حكومەتدا، بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت لە پێناوی دابین كردنی شایستەدارایەكانی خەڵكی كوردستان، واتە بڕیاری فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، بڕیاری پەرلەمانی كوردستانە، دوایی شەش مانگ چاوەڕێ بوونی بەغدا بۆ ئەوەی موچەی هەرێم بنێرێت، بەڵام بەغدا نەینارد، كەچی دوایی قوڵ بوونەوەی ناكۆكییەكانی لایەنەكان و، قورسبونی باری دارایی و نەبوونی موچە، خۆیان نەخستە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتە و پارتی و سەرۆكی حكومەتیان بەتەنیا هێشتەوە و تاوانباریشیان كرد و، بەغداشیان بێ تاوان كرد و، كەوتنە دنەدانی خەڵك لە دژی حكوموت و پارتی، دڵنیام ئەگەر نرخی نەوت نەگەیشتبایە ئەو ئاستە لە دابەزین، ئێستا هەموو لایەنەكان بەتایبەتی گۆڕان دەیگوت: ئەم بڕیارە هی پەرلەمانە و لەسەردەمی ئێمەدا بووە، یەكێتیش دەیگوت: ئەوە ئێمەین خاوەنی لێدانی یەكەم بیرە نەوت لە شێواشوك، بەڵام ئێستا بارودۆخێكی ترە.

نێچرڤان بارزانی، ستراكچەری نەوتی لە هەرێم داناو لە ١٠ كۆمپانیا هەرە مەزنەكانی دنیا، شەشیان هاتنە كوردستان، ئەوانەی لە خوار ئەوانیش بەدەیان كومپانیای تر، واتە ئەو نەخشە و پلانەی سەرۆكی حكومەت بۆ دواڕۆژی ئەو وڵاتەی دانا بوو، خاڵ بەخاڵ وەك خۆی هاتە جێ، بەڵام هاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، ئەو خەونەی سەرۆكی حكومەتی دواخست، ئەگینا ئێستا لە باروودۆخێكی یەكجار جیاواز دەژیان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زیاتر پشتگیری دەكردین، هەرچەندە دڵنیام ئەو پشتگیریەی ئێستاش كە بەردەوامە، بەشێكی زۆری گرێدراوی ئەو نەخشەیەی سەرۆكی حكومەتە لە ڕووی وزەوە، چونكە ئابوری بزوێنەری سەرەكی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، بینینی بارودۆخی سوریا بەسە بۆ ئەوەی لە یاسا و مافی مرۆڤ تێبگەین كە چەند بایەخدارن؟

ئەو بەرگریەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، دەرهاوێشتەی ئەو سیاسەتە ئابوریەی سەرۆكی حكومەت و ئەو پەیوەندەیە سیاسیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بۆیە بڕیاری فرۆشتنی نەوت نەك هەر بڕیارێكی ڕاست بووە، بەڵكوو مێژوویش بووە، گەڕانەوەمان لە ئێستادا بۆ بەغدا نەك هەرناتوانێت هیچ لە كێشە داراییەكانمان چارەسەربكات، بەڵكو دەبێتە هۆی لە باربردنی پرۆژەی سەربەخۆیشمان.
لایەنەسیاسیەكانیش چاك ئەم ڕاستییە دەزانن، بەڵام بۆ لێدان لە پارتی و پڕۆژەكەی موچەیان كردۆتە كراسی عوسمان و هەڵیانگرتووە، وەك ئەوەی كە پارتی و سەرۆكی حكومەت هیچ خەمێكی موچەخۆرانیان نەبێت، یان هیچ لایەنگر و دۆست و ئەندامی پارتی مامۆستا و فەرمانبەر نەبن، بۆیە تەنها ئەوان خەمی موچەی خەڵكیانە.

 ئەو خەون و پڕۆژەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، بۆئابوریەكی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان، زادەی بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستانە، سەرۆكی حكومەت داینابوو وێڕای موچە، هەر خێزانێك مەبلەغێك پارەی ڕاستەخۆ وەربگرێت و خەڵكی كوردستان هەموویان ژیانێكی زۆر خۆش و سەربەرزانە بژین، هەرچەندە ئەو خەونە لە ئێستا دا نەهاتۆتە دی، بەڵام مانای بێئومێد بوونیش ناگەینێ‌، بۆیە لە پێناوی هاتنە دی ئەو هەموو خەونانە و سەرفرازبوونی گەلی كوردستان لە دواڕۆژێكی نزیكدا، باوەڕناكەم بیرۆكەی ڕادەستكردنەوەی نەوت بە بەغدا بیرۆكەیەكی باش و ڕاست بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بە داتاو زانیاری ڕوون بووە بەپێی ئەو داهاتەی بەغدا لەبەردەستیەتی ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك شایستە داراییەكانی هەرێم بدات، جگەلەوەش بەشێكی زۆری سیاسیە شیعەكانی عیراق گەیشتونەتە ئەو باوەڕە كە مانەوەی هەرێم لەسەر بەغدا زیاتر لە بارگرانیەك بۆ عیراق نەبێت، هیچ سودێكی تری نییە، چونكە ئەوان دەزانن گەلی كوردستان بە بەعس و سەددام كونتڕۆڵ نەكرا بۆ ئەوانیش كونتڕۆڵ ناكرێت، بۆیە هەرچی زووە لە كوڵمان ببنەوە باشترە.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.