بڕیارێکی گرنگ لەفەرەنسا تایبەت بە جینۆسایدی کورد دەدرێت

‌ سالار مه‌حمود

پێ دەچێ ھەندێ وڵات ھێشتا لە کورد خۆی زیاتر بیری لای خەمە گەورەکانی بێت. جا لە بەرژەوەندیانە یا ھەر دۆخێکی تر مایەی تێڕامانە.

لە فرەنسا چەند پەرلەمانتارێک پرۆژە بڕیاری ناساندنی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجەیان ئامادە کردوەو رۆژی ٢٠٢١/١١/٢٦ ھەینی دەچێتە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە بۆ دەنگ لەسەر دان.

ئەم رووداوە گرنگە ھاوکاتە لەگەڵ خنکانی دەیان کۆچبەری کورد لە کەنارە ئاویەکانی کاڵاس لە نێوان فرەنساو بەریتانیا!

ناوەڕۆکی پرۆژەکە فرە رەھەندو تێروتەسەلە بەتایبەتی ھۆکارە پێویستیەکانی وەک پێشەکی باس لە قەرەبووی قوربانیان و کەسوکاریان دەکاتەوە.

ھەموو رەھەندە یاساییەکانی تاوانی کۆمەڵکوژی ئاماژە پێ کردوە.

دیکۆمێنتێکی یاسایی بەھێزە، کەرەستەی ھەڵمەتێکی نێودەوڵەتیە بۆ ناساندنی جینۆسایدی کوردستان لەسەر ئاستی دونیاو کردنەوەی بە دۆسیەیەکی نوێ.

بەتایبەتی لە کات و زەمانێکدا بابەتی کۆچی کوردان بۆ ھەندەران و باس و خواسی میدیاکان لەسەر دۆخی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوەتەوە تراژیدیایەکی نوێ و پرسێکی گەرم.

فرەنسا لەم قۆناغەدا نزیکترین پەیوەندی بە حکومەتی کوردستانەوە ھەیە. لە نزیکەوە چاودێری دۆخی عیراق و ھەرێم دەکەن.

لە رابردووشدا بەھۆی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە ( بڕیاری دژە فڕین) کە فرەنسا داڕێژەرەکەی بوو. ھەروەھا ھەبوونی پەیوەندی بەھێز لەنێوان چەند کەسایەتیەکی سیاسی کاریگەری فرەنساو کورد. بنەمایەک بۆ پرسی کوردو کار لەسەر کردنی لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی دروست بوە.

پێویستە ناوەندە سیاسی و میدیایی و یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان و ناوەندە ئەکادیمی و رێکخراوەییەکان ئەم رووداوە بەھەند وەربگرن و تەنیا تەماشاکەر نەبن، یا وەک ھەوڵ و دەرفەتەکانی تر سارد نەکرێنەوە.

داواکارم پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت بکات لەسەر ئەو پرۆژە بڕیارەی پەرلەمانی فرەنسا، دوای ئەوەی دەبێت بە بڕیار. ئەرک و ھەڵوێستەکانی خۆی لەسەر بنەمای بڕیارەکە دیاری بکات.

ئەشێ ھەبن پێیان وابێ لەناو ئەم دۆخە پڕ گێژاوەی ھەرێم و لەناوخۆدا دروست بوەو بێباکیەکی گەورە ھاتۆتە کایەوە بڵێن ئەم بابەتە کەی لە ئێستایا گرنگە؟

ئەشێ ھەبن وا بیر بکەنەوە، بەڵام راستی ئەوەیە دەبێ کار لەسەر دروستکردنەوەی ئەو ھێزە بکرێت کە پرسە چارەنوسسازەکان بچنەوە رەدیفی یەکەم. سیاسەت بەھای بۆ بگەڕێنرێتەوە. ململانێ لەسەر بنەمای پرۆژەو ستراتیژیەت بێ.

پێویستە سیاسەت و دۆخی سیاسی لەم چاڵاییە تاریکە سەر بخرێ بۆ پانتایتەکی رەخساوی کاری نیشتمانی. ئەم پرۆژە بڕیارەی پەرلەمانی فەرەنسا بەداخەوە کورد خۆی کەم ئاگای لێیەتی بە ھۆی خۆ گەمارۆدانی بە ململانێی نا دروست و بەفیڕۆدانی تواناکان و دورخستنەوەی وزە باشەکان و جڵەو دانەدەست بێباک و بێ تێزەکان!

ئەوەی گرنگە لە ئێستا چاوی میدیاکانی کوردستان لەسەر ئەم ھەوڵە بێت و لە رووی سیاسیشەوە بە رووداوێکی گرنگ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان کاردانەوەو بەئاگا ھاتنەوە دروست بکات. ھەم وەک پرۆژەی بەخۆداچوونەوەو ھەم وەک پرۆژەی ھاوبەشی کاری نیشتمانی.


AM:10:57:26/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 1208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی