کێ هەڕەشەی لەسەر نیە؟

‌ئازاد جوندیانی‌

ئێستا؛ پتر لە مانگ و ساڵانی ڕابردوو هەڕەشە لەسەر کورد لە باشووردا بەرجەستەتر و دیارترە، ئەمە پێویستی بە شیکردنەوەی زیاتر هەیە، کە بێگومان لە وتارێکی ئاوادا تێرناکرێ هەرچەندە کارێکی زۆر پێویستیشە، بەتایبەت کە سەردەمەکە تەنیا سەردەمی هەڕەشەکان نیە، بەڵکو سەردەمی دەرفەتەکانیشە.

هەڕەشەی دەرەکی لەسەر کوردستان (باشوور) هەر لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بەڕوونی و بە فرە ڕەهەندی و لەئاستی کرداریشدا هەبووە و هەیە بەتایبەت لەلایەن هەرچوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەوە.

هاوکات هەڕەشەی ناوخۆش  بە ئەندازە و شێواز و بەرجەستەبوونی جۆراوجۆرەوە هەبووە، شەڕی ناوخۆ و هاوکات ئەو شەڕ و ململانێیەی، کە سیاسەتی پەکەکە هەر لەسەرەتای دروستبوونی حکومەتەوە بەسەر هەرێمی کوردستان و دواتر بەسەر هەندێ لەپارتەکانی باشووردا سەپاندی، کە بەداخەوە بەهۆی بەردەوامی هەمان سیاسەتی پەکەکەوە ئێستاشی لەگەڵ بێ بە تەوژمی بەرزو نزمەوە هەر هەیە وەک چۆن هەندێ ئاراستەی جیهادی ئیسلامیش (ئەنساڕی ئیسلام وڕەدووکەوتووانی القاعدە بەنموونە) لە سەروەختێکدا هەڕەشەیەکی جدی ناوخۆییان لەسەر کوردستان پێکهێنابوو.

هەڕەشە ناوخۆییەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەوسای بەغداشەوە بەردەوامە، بەڵام بە ئامرازی (( نەرم ))، نەخاسمە لە (٢٠٠٩ )و دواتریش لە (٢٠١١)ەوە زۆر ڕژدتربوو، بەتایبەت  دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی حکومەتی هەرێم، نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا  شکست بە دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی بهێنن، چونکە ئەوان ئایندەو ستراتیژی سیاسی خۆیان لەسەر ئەوە بونیاد نابوو، كە کۆتایی بەدەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی و بەتایبەت کۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی بێنن، بەڵام دەرەنجامی دۆخەکە بەزیانی ئۆپۆزسیۆن  و هەوادارانی کۆتایی هات، بەمەش دووچاری بارێکی دەروونی دوای دۆڕان بوون. لەوساوەو دوای ساڵانێکی دواتریش لەمیدیا و (فەزا)ی گشتیدا دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان  خستەجێی ڕکابەری سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم بەتایبەتیش لەگەڵ پارتیدا، بەجۆرێک کە زۆرێک لە میدیا ئەهلیەکان و بەشێک لە نووسەران و ڕووناکبیرانیش بەفرەیی لەزۆنی پارێزگای سلێمانیداو بەکردەوە بوونە بەشێک لەشاڵاوی میدیای ئۆپۆزسیۆن، ئەتوانم بڵێم گووتاری فیکری و میدیایی و سیاسی هەموو ئەونەیارانەش یەکیان گرتەوە، بەڵام بە جیاوازیەکی جێی سەرنجەوە، ئەویش ئەوە بوو  کە ئۆپۆزسیۆن دوای ئەوەی سەرکەوتوو نەبوو لەوەی نە بە هەڵبژاردن و نە بە خۆپیشاندانی توندوتیژی لە چەشنی هەڤدەی شوبات و هەموو ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەكانی دواتریش، پارتی و هاوپەیمانەکەی ئەوسای شکست پێ بێننن و وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ دانابوو لەڕێی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە، ئیتر بەیەکجاری دەسەڵات و بگرە هەژموونی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە کوردستاندا کۆتایی پێ بێنن. ئەوشکستە بۆ ئەوان پێش بینی نەکراوبوو، چونکە لە هەڕەتی بەهێزیاندا ڕوویدا، ئیتر وەها  بێ هیوای کردن کە نەخشە ڕێگای ئەلفیان بۆ شکست پێهێنانی پارتی بگۆڕن و لەبری ئەوەی ببنە دەسەڵاتداری یەکەمی حکومەتی هەرێم. بۆیە لە پلانی دووەمیاندا ئیدی خودی قەوارەی هەرێمیان کردە ئامانج، پلان و پیلانەکەشیان لەسەر ئەو بنەمایە داڕشت کە كۆمەڵگەی كوردستان بەو ئەندازەیە دنەبدەن تا هەموو متمانەیەک بە قەوارەی هەرێم لەدەست بدەن  و هەڕەشە بخەنە سەر (بوون)ی خودی قەوارەکە.

لەدوای ڕیفڕاندۆمی مەزنی (٢٠١٧) ەوە ئیتر ستراتیژی دژەپارتی و دژەبارزانیان بردە ئەو پنتەی، کە هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییەکە لە (١٦ی ئۆکتۆبەر)دا یەکانگیر بن و  وەک (هەڕەشەیەکی دوو ڕەگە)  نەمانی قەوارەی هەرێم  بکەنە ئامانج.  گەرچی لە جێبەجێکردنی تەواوی پیلان و نەخشەڕێگاکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام ڕوونە کە بەو هۆیەوە زەبرێکی قورسیان لەکوردستان و کوردایەتی و بزووتنەوە سەربەخۆخواز و ڕزگاریخوازەکەی دا، بەجۆرێک ئەوەی تا ئەم ساتەوەختەش هەرچی لەدژی هەرێم  ڕووئەدا، دەرهاوێشتەی ستراتیژی سڕینەوەی هێزێکی مێژوویی کوردایەتی وەک پارتیە، بەڵام لە واقیعدا ڕێبەرایەتی بارزانی نەک هەر بە هاش وهووشی میدیایی  ناچەمێ، بەڵکو بە شەڕپێفرۆشتنی یەجگار زبریش کۆڵ نادا و بەرگری لە مافەکانی نەتەوەی کورد و کوردستانیان ئەکا، بەڵام هەر لە پێودانگی لێکەوتەکانی ئەوستراتیژەی نەیارانیدا، کورد زیانێکی تری بەرکەوت، کە ئێستاش ئاسەوارە نەرێنیەکانی وەک خۆی و بگرە ئاڵۆزتر لە جاران ماون، ئەویش بابەتی دەستووری هەرێمی کوردستانە، کە لە حوزەیرانی (٢٠٠٩)دا پەرلەمانی کوردستان پەسندی کرد، بەڵام ئۆپۆزسیۆنە بەهێزەکەی ئەوسەردەمە بەپشتیوانی هاوپەیمانانی هەموو توانایەک و هەموو جۆرە شێوازێکی گرتەبەر، بەسازشی سیاسیشەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێ لەوەی پڕۆژەکە بخرێتە گشتپرسیەوە، بە داخەوە لەمەدا سەرکەوتوو بوو. ئەم ڕێگریەشیان لەبەر هیچ نەبوو، بەڵکو تەنیاو تەنیا وەک  ئامرازێک بوو بۆ دژایەتی کردنی پارتی وسەرۆک بارزانی . ئێستاش هەموو لایەک لەوە ئاگادارن کە بابەتی داڕشتنەوەی پڕۆژەیەکی تری دەستووری هەرێم تا چ ئەندازەیەک ئاڵۆزکاوە و وەزەحمەت کەوتووەو سەدجۆر گرێ وکۆسپی بۆ دروست بووەو بۆی دائەتاشرێ .

ئەو ڕژدبوونەی هەڕەشە ناوخۆییەکە لەمیدیاکانی ئۆپۆزسیۆن و لای زۆرێک لە نووسەرو میدیاکارە ناڕازییەکانی گرێدراوی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەت دوای ئەوەی لەڕێی  هەڵبژرادنەکانی ئەوسا و دواتریش نەبوونە هۆی ئەوەی کە پارتی و هاوپەیمانەکەی دەسەڵات لەدەست بدەن. هەر بۆیە نەیاران و ڕکابەران و بگرە دوژمنانی پارتی و یەکیەتی، ڕەنگە دروستتر ووتبێتم ئەگەر بڵێم نەیارانی پارتی، کارکردنی جۆرا و جۆریان لەدژی (مانەوەی هەرێم) ئەنجام داوەو تائێستاش هەر لەسەری بەردەوامن.

ئێستا، کە دوژمنان هێڕش وپیلانەکانیان لەدژی هەرێم بە بەردەوامی پەرە پێ ئەدەن و هاوکات  جەنگێکی پڕوپاگندەی میدیایشیان سەبارەت بە ئایندەی هەرێم دەستپێکردووە، کە جێی نیگەرانی و گومان وسەرنجی قووڵیشە، بەتایبەت کە هەندێ میدیای جیهانیش (بەفیتی ئەم یان ئەو) خزاونەتە ناو ئەو جەنگی پڕوپاگندەیە لە دژی قەوارەی هەرێم. با لە دەرچەی گریمانەی دروستکراوی شاڵاوە پڕوپاگندەییەکەوە خەڵکی کوردستان لەو گەمەکردنە بە ئەقڵیەتی کوردستانیان هۆشیار بکەینەوە، بەتایبەت ئەوانەی ئاگایانە یان نا ئاگایانە ئەو پڕوپاگندانە کاریگەری لەسەر داناون و بەو بۆچوون و تێزە چەواشە کراون، کە گوایە (نەمان)ی قەوارەی هەرێم ڕوودانێکی مسۆگەرە و کەسیش نیە پێش بە ڕوودانی لەوجۆرە بگرێ وهەروەها بۆ گومڕاکردنیش وا باس ئەکەن کە گوایە ڕووداوێکی لەوجۆرە بە هیچ کلۆجێک هەڕەشە نیە بۆ سەر تاک وکۆی خەڵکی ئاسایی کوردستان .

هەرچەندە من بەهەموو توانا و بڕوامەوە پێشمەرگەی سەربەخۆییم، بەڵام چونکە ئەو ستراتیژەی نەیاران لەبنەڕەتدا زۆرتر بۆ ئاڵۆزکردن و سەختترکردنی ڕێگەی  سەربەخۆیی کوردستانە، هەر بۆیە بە ئەرکی خۆمی ئەزانم ڕووبکەمە یەکەیەکەی خەڵکی کوردستان، هەموو کوردستان و لە چەواشەکارییەکانی نەیارانی ناوخۆ و دەرەوە ئاگاداریان بکەمەوە، بەتایبەت ئەبێ هەموومان هۆشیاربینەوە و بەڕوونی لەوڕاستیە بگەین، کە لە ئەگەری هاتنە ئارای هەر هەڕەشەیەکی پەیوەست بە (مان ونەمان)ی هەرێمەوە، بەرلەهەر کەس هەڕەشەیە بۆ سەر یەکەیەکەی کوردستانیان و مەترسییە بۆ خەڵکی ئاسایی کوردستان، هەر لەبەرئەوەش هەر کەس و لایەنێک دۆست یان نەیار، دوور یان نزیک، ناوخۆیی یان دەرەکی، بەمەبەست یان بێ مەبەست پشتگیری ئەو شاڵاوی پڕوپاگندە و گریمانە هەڕەشە ئامێزانە بکا و چەپڵەی بۆ لێبدا و یاخود بەدەستەواژەی دنیای سۆسیال میدیا (شێر)ی بکا، ئەوا ئەو کەس و لایەنانە دواجار لای زۆرینەی خەڵکی کوردستان خۆی متمانەپێکراو نابێ.

هەولێر/ 26/3/2023



PM:01:16:27/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 5844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی