دامەزراندنی پارتی خوێندنەوەی جیاواز؛ گۆشەنیگای نوێ

‌ئازاد جوندیانی‌

لەیادی دامەزراندنی پارتیدا؛ سڵاو لەڕۆحی باوکم؛ کە یەکێک بوو لەدامەزرێنەرانی.
— هیچ کەسێک ؛ ئەگەر بەتەواوی شارەزای مێژوو نەبیت؛ ناتوانێ بە ڕاست ودروستی سەرکردایەتی ووڵاتێک بکا؛ بۆیە لەسەری پێویستە بە هەقیقەت هەست بەتراژیدیا بکاو هەست بە ویست و ئارەزووی تێپەڕاندنیش بکا.

جاک ئەتالی پسپۆڕی فەرەنسی لەبواری سۆسیۆلۆژیا
سڤدەر: چەند سەرنجێک:
سەبارەت بەڕەھەندی پەیوەست بەناونیشانەکەوە؛ خوێنەری ڕاستەقینە و بە پەرۆش؛ کە لەوەئەگاو بڕوای ھەیە؛ کە ڕووداوەکانی مێژوو ئەگەر بەر لە ھەزاران ساڵیش ڕوویان دابێ؛ ئەوا ھێشتا سیاسەتمەدار؛ توێژەر؛ لێکۆڵەرو بیریارانی بوارەکانی تری قووڵایی مێژوو ونووسەران وکنەکەرانی وەک منیش بەدوای خوێندنەوەی نوێ و دۆزینەوەو سەریەکخستنەوەی ئاماژەکانی مێژووەوەن. ھەر لەو ڕەھەندەوە سەرنج؛ لەسەرئەوە ئەبێ؛ کە ئایا دوای تێپەڕبوونی ھەفتاوشەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتیدا؛ کە لەو مێژووەوە تائەمڕۆ ھەزاران وتار؛ پەرتووک؛ لێکۆڵینەوە؛ و ماستەرنامەو تێزی دکتۆرای خۆماڵی و بیانی بەئاراستەو مەبەست و میتۆدی تۆمارکردنی ڕاستیەکان وەک خۆیان یاخۆ بۆشێواندن سەبارەت بە مێژووەکەیەوە نووسراون. ھەروەھا سەدان شیعرو سروودو لاوک و گۆرانی ھونەری و میللی و شانۆگەری و ژانرە ئەدەبی و ھونەریەکانی تر؛ لە پەسنکردنیدا بەرھەم ھێنراون. وەک چۆن سەدان ڕاپۆرتی ڕادیۆیی؛ تەلەفزیۆنی و سینەمایی خۆماڵی و بیانی سەبارەت بە مێژووی پارتی بەرھەمھێنراون. ھەرلەو سۆنگەیەدا ھەزاران بەڵگەی دامەزراوە سیخوڕی وسەربازی و دپلۆماسی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و ھی دەوڵەتە زلھێزو گرنگەکان دەست کەوتوون و بەشێکی باشیشیان لێ خراونەتە بەر دیدی خوێنەران ؛ وەک چۆن سەدان گێڕانەوەی زارەکی مێژووی پارتی و بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بیرەوەری تێکۆشەران و پیاوانی ڕژێمەکان بڵاوکراونەتەوە. پارتی خۆشی بەڤێرژنی جیاجیا لە قۆناخەجۆراوجۆرەکاندا مێژووی خۆی پوخت وناپوخت تۆمارکردووەو بەچاپی گەیاندووە.لەوبارەوە پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ ھیشتا گۆشەو کەلەبەرو زەمینەی ئەوتۆ لەمێژووی پارتیدا ماوە کە لەتاریکیدا مابێتەوەو ڕووناکی بەرنەکەوتبێ؟ لەوەڵامدا ئەڵێم : ھەر چەندە ھەمیشە بوارو دەرفەت ھەیە؛ کەمێژوو بەردەوام بھێنرێتەوە گۆو بەھۆی سەرلەنوێ خوێندنەوەیدا گوتەی مێژوو دووبارە بەرھەم بھێنرێتەوە؛ بەڵام لەوەش پتر کە مێژوو؛ ھەرمێژووێک ھەمیشە پانتاییەکانی ئەوتۆی ھەیە ؛ کە ڕووناکی نەکەوتبێتەسەر. ئەمەش پەیوەندی بەتوانای توێژەران و کەرەستەو سەرچاوە ھەیە بۆ بەدواداگەڕان و بونیادنانی ڕەوشی (میتۆد) نوێ چەشن و جیاواز بۆ نووسینەوەی مێژوو؛ کە بۆ پارتێکی سیاسی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ؛ کە تەنیا پارتێکی سیاسی نەبووە؛ بەڵکو لەخودی خۆیدا بزووتنەوەیەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی وفیکری بووەو پڕۆژەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەکی پڕاوپڕ لەتایبەتمەندی بووە؛ بەتایبەتمەندییە دەرفەت سازەکان و زیان سازەکانەوە.

کاتێکیش؛ کە سەرلەنوێ و بگرە بەبەردەوامی پرۆسەکانی کنەکردن و دۆزینەوەو سەرلەنوێ خوێندنەوەی ڕووداوەمێژووییەکان ئەنجام ئەدەین؛ ئەوە نەکاوانەوەیەو نەپرۆسەی خۆبەکۆێلەکردنی مێژووە.
لەدرێژە ئەم وتارە خاکی و خاکڕایەمدا؛ تان وپۆی جیاوازییەکانی خوێندنەوەکەو گۆشەنیگانوێکان خۆیان نمایش ئەکەن.

ڕەھەندی دووەمی سەرنجەکانیش پەیوەستە بە نووسەرەکەی کە منم (ئازاد جندیانی) ئەویش لەو ڕوانگەیەوە؛کە نووسەر ساڵانێکی دوورو درێژ لەبەرەی نه‌یاری پارتیدابووەو لە دەستەبژێری ڕیزەکانی پێشەوەی بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی یەکێتی دابووە. من ناتوانم و بەڕاستیشی نازانم ؛ کە ھەموو ئەوانەی سەرنجی خۆیان لەنووسەردا چڕچڕ ئەکەنەوە بە نەیاری کۆن یان تازەی نووسەر بدەمە قەڵەم؛ چونکە ئەشێ بەشێکیش لەوان؛ لەبەر ھەر ھۆیەک لەھۆیەکان (لەگۆشە نیگای جیاوازومەبەستدارەوە) ھەڵوێست و ڕەوتی نوێی من ھەڵسەنگێنن؛ بەتایبەت ھەندێ لەوانەی بەھۆی بیرکردنەوەو بیری نوێی ڕوونی من؛ بەتایبەت لەمەڕ ستراتیژی سەربەخۆیی منەوە؛ دواجار بەھۆی خۆجیاکردنەوەی من لە ڕەوتەکە دووچاری بێ ئومێدیەک بوو بن و لەبەرھەر کاریگەرییەک لەھەڵوێست و ڕەوتی فیکری و سیاسی من نەگەیشتبن یان ھەرسکردنی بۆ ھەمووان ئاسان نەبێ. لە سۆنگەی ئەم ڕەھەندەوە؛ ڕەوتی سیاسی من ؛ ئەگەر وەک گریمانەش بێ و تەنیا یەک لەسەد بابەتێکی کەسی بێت؛ ئەوا نەوەدو نۆ لەسەد کوردستانیانەیە.

گۆشەنیگای یەکەم:
بارودۆخی سیاسی سەردەمی بڕیاردان و دامەزراندنی پارتی لەو سەردەمدا؛ کەلەکۆبوونەوەکانی سابڵاخ (مەھاباد)؛ لەشوباتی (1946)دا بەسەرکردایەتی بارزانیی نەمرو ژمارەیەک لە ھاوەڵانی پەیڕەو وپڕۆگرامەکەشی پەسندکرا؛ بارودخێکی جیۆپۆلەتیکی ناجێگیربوو؛ چونکە ئەگەرچی جەنگە جیھانیەکە (جەنگی دووەم) کۆتایی پێھاتبوو (2/9/1945)؛ بەڵام ھێشتا پاشلەرزەکانی جەنگ و قۆڵبادان لەنێوان دەوڵەتەبراوەکاندا (دەوڵەتانی ھاوپەیمان)؛ بەتایبەت له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه‌ بەردەوام بوو. فاکتەری گرنگ لەھەبوونی دۆخی جێۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیژی ئەوەبوو؛کە دوای کۆتاییھاتنی جەنگەکە سۆڤیەت بەپێی ڕێککەوتنەکان ھێزەکانی خۆی لە ئێراندا نەکشاندەوە، لەکاتێکدا بەریتانیاو ئەمریکا کشابوونەوە. سۆڤیەت چونکە ئەوەی ئەیەویست لەئێرانی دوای جەنگ بەدەستی بکەوێ «نەفتی باکوری ئێران» دەستی نەکەوتبوو بۆیە فاکتەرەکانی گوشاری بۆ سەر دەوڵەتی ئێران ھەر لەوەدا کورت نەکردبووەوە؛ کە ھەم ھێزەکانی لە شوێنەکانی کە لێی بوون نەکێشایەوەو ھێشتا وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر دەستی لەکاروباری ناجەنگی و مەدەنی دەوڵەتە بێھزو لەرزۆکەکەی محه‌مه‌د رەزا شا وەرئەدا.

لەو سۆنگەیەوە کە فاکتەری تری گوشارو کە دواجار لەھەر دان وستان و ڕێککەوتنێکدا ئەو فاکتەرانە ئەبوونەوە بەکارتی گوشار؛ ھەربۆیە دروستبوونی کۆماری کوردستان (٢٢/١/ ١٩٤٦) و لەپاڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری ئازبایجان (فرقەی ديموكرات)دا لە سیاسەتی سۆڤیەتدا تەنیا سیاسەتێکی تاکتیکی بوو؛ بۆیە کە دواجار سۆڤیەت رازیکرا؛ ئیتر ناجوامێرانە پشتی کردە ئەو دوو قەوارەیە؛ کەلێکەوتە کارەساتبارەکانی زانراون.

بۆیە بڕیار لەسەر دامەزراندنی پارتی لەلایەن بارزانیی نەمرو ھه‌ڤاڵەکانیەوە لە دەستەی دامەزرێنەر (شوباتی ١٩٤٦) بەو ئامانجە بوو؛ کە چوارچێوەیەکی حزبی پێکبھێنرێ بۆ سەرکردایەتیکردنی کوردایەتی لە باشووردا؛ چونکە ئەو دۆخە تازەیەی؛کە ڕاگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان (مەھاباد) ھێنابوویە ئاراوە لەلایەن کوردەوە چاوەڕوانی زۆری لێ ئەکرا؛ نەک ھەر بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات؛ بەڵکو بۆ تەواوی بەش و پارچەکانی تری کوردستان. بەدەربڕینێکی دیکە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان . (کە ڕۆژی ئەنجامدانی یەکەم کۆنگرەی لە ١٦ ی ئابی ١٩٤٦ وەک ڕۆژی دامەزرانی تۆمارکراوە) لەپاڵ تێکەڵکردنی توانا سەربازییەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور. ھاوکات دروستبوونی قووڵایی کلتوری؛ بەکلتوری سیاسیشەوە لەھەردوو دیودا (مەبەست ڕۆژھەڵات و باشوورە) تا ئەندازەیەکی باش ئەو دابەشکردن و لێکترازاندنە توندەی نێوان ھەردوو دیوی کاڵکردەوە؛ کە دوای جەنگی یەکەمی جیھان و ڕێککەوتنەکانی نێوان براوەکان و ڕێکەوتن وپەیماننامەکانی وەک سایکس – پیکۆ ؛ سیڤرو لۆزان و ھتد ھاتبوونە ئاراوە. مەبەستم کاڵبوونەوە یان نەمانی سەروەری دانپیانراوی فەرمی دوو دەوڵەتەکە نیە؛ گەرچی لە (١٩٤١)ەوە ئێران لەلایەن سۆڤیەت؛ بەریتانیاوە بەشێوەی سەربازی داگیرکرابوون و دواتریش رەزاشاش وەدەرنراو کوڕەکەی بوو بە شای ئێران. بەبۆچوونی من دامەزراندنی پارتیش؛ دوای ئەوەی لەڕۆژھەڵاتدا کۆمەڵەی ژێکاف ھەڵوەشێندرایەوەو حزبی دیموکرات بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی موحەممەد پێکھێندراو ئەوساش کۆمار ڕاگەیەندرا؛ بەبۆچوون و لێکدانەوەم بۆ تەواوی ڕووداوەکان؛ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی بارزانیی نەمر؛ ھەنگاوێکی گرنگ بوو بەئاراستەی یەکترتەواوکردنی (تکامل) کوردایەتی لەدووپارچە یان بەشی کوردستان؛ کە لەساڵانی جەنگەوه‌ ببوونە ناوەند یان کوانووی کوردایەتی. ئەم دۆخە وەدیھاتووەی کوردایەتی؛کە بەڕووخانی کۆمار زەبری توندو داھێزەری بەرکەوت؛ بەڵام جێکەوتەو لێکەوتەکانی بۆ دوای ئەو سەردەمەش بەئەندازەیەکی ڕێژەیی ھەر مایەوە؛ بەتایبەت کەدووحزبەکە مانەوەو نوێنەرایەتی کوردایەتیان لەھەردوودیوودا ئەکرد.

گۆشەنیگای دووەم:
ئەو دۆخەی پارتی دیموکراتی کوردستان تیایدا دامەزرا ؛ دۆخی دوای شکستی سەربازی شۆڕشی دووەمی بارزان بوو؛ بەپێی ھەموو بەڵگەو لێکدانەوەو خوێندنەوەکان؛ یەکگرتنەوەی سوپای شۆڕشی بارزان و چوونەپاڵ سوپای کۆماری کوردستان و فراوان بوونی سوپاکەی بارزانیی نەمر بەھۆی ئەوەی؛ کە ژمارەیەکی دیارو کاریگەر لە شوێنەکانی تری باشوور گەیشتنەوە بارزانیی نەمر (مەبەست دەرەوەی بازنەی دیمۆگرافی و جوگرافی بارزانە کە ناوەندی شۆڕشەکەو ڕێبەرایەتیەکەی بوو) بەتایبەت ئەفسەرانی لیژنەی ئازادی (ھەیئەتی ئازادی) و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیە کۆمەڵایەتی وسیاسیەکانی باشوور؛ کە کەسانی تریش یاوەری ئەوان بوون.

ھەرزوو دوای کۆبوونەوەکانی مەھابادو پەسندکردنی پەیڕەوو پرۆگرامەکەی؛ ڕێوشوێنی ئەوەداڕێژرا؛ کە پارتی لەناو باشووردا بکەوێتەکارو تێکۆشەرانی کوردایەتی لە باشوور وشارەکانی تری عیراقدا کۆبکاتەوەو تۆڕەکانی ڕێکخستنەکانی خۆی فراوان بکاو بۆ قۆناخەکانی دواترو شێوازەکانی تری خەبات ئامادەو پەروەردەیان بکات. واتا پارتی بۆ ئەوە دانەمەزرا کە ببێتە حزبی دەرەوەی زۆنی خۆی و بۆ ئەوە دانەمەزرا تا ببێتە چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی بۆ مشەختیان و ببێتە حزبێک لەئاوارەییدا؛ کە ئەوسەردەمە لەزۆربەی دنیادا؛ بۆ نەتەوەو گەلانی تری دنیا ئەو دیاردەیە ھەبوو.

ھەر لەو پێودانگەدا دامەزرانی پارتی و شێلگیربوون لەسەرئەوەی؛ کە ئەبێ قورسایی کاروتێکۆشانی بباتەوە ناو باشوور؛ ئەو مانایەشی ھەیە؛ کە بارزانیی نەمرو پارتە تازە دامەزراوەکەی زەمینەی ئەوەساز ئەکا؛ کە ئامادەکاری بۆ ئەگەری ھەر وەرچەرخانێکی جیۆسیاسیدا بکات؛ کە لەدۆخی ئەوێ ڕۆژێدا زۆر لەگوین بوو زۆر شت ڕووبدا کە زەمینەی تێھەڵچوونەوەیەکی فراوانتر لە باشوور دروست ببێتەوە. ڕەنگە ھەندێ گێڕانەوەی جیاواز ھەبن سەبارەت بەوەی کە بۆچی پارتی قورسایی تێکۆشانی خۆی لەباشووردا جێگیرکرد؛ بەڵام ئەو گێڕانەوانە ئەگەر ھەندێ وردە ڕاستیشیان تیابێ؛ دواجار گێڕانەوەی لاوەکی یان مەبەستدارن.

گۆشە نیگای سێیەم:
دامەزراندنی پارتی و وەئەستۆگرتنی دوو ئەرکی قورس؛ یەکێکیان بەشداربوونی کاراو قارەمانانە لە بەرگریکردنی پێشمەرگانە لە مەزنترین دەسکەوتی ئەوقۆناخەی کوردستان ؛ واتا بەرگریکردن لە کۆماری کوردستان لەلایەک و لەلاکەی تریش دامەزراندنی پارتی و قورساییەکەی لە باشوور؛ بەڕوونی ئەو مانایە ئەگەیەنێ؛ کە شکستی سەربازی شۆڕشی بارزان؛ وەک شۆڕشی باشووری کوردستان؛ ئومێدو بەرنامەی سەرلەنوێ جاڕدانەوەی شۆڕش؛ لە فیکرو خوێندنەوەو نەخشەی ستراتیژی بارزانیی نەمرو ھەڤاڵانیدا بەزیندوویی ھێشتبووەوە.

بێگومان لێرەدا دروستە ئەوەبڵێین؛ کە ئەو دۆخەی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دا؛ چەندساڵێک بەر لەدامەزرانی کۆماریش لە ئارادابوو ھەل ومەرجێکی شۆڕشگێڕانە بەھۆی داگیرکردنی ئێرانەوە (بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن سوپای سووری سۆڤیەتەوە) بۆ شۆڕشی بارزانیش ؛ کە دەوڵەتی پاشایەتی عیراق و سوپای بەریتانیا بەدڕندانەترین شێوە ڕووبەڕووی شۆڕشەکەبووبوونەوە؛ جگە لەڕووە ستراتیژیەکەی ئەوا ئەو دۆخەی ڕۆژھەڵات بوارێکی تاکتیکی سەربازیشی بۆ شۆڕشی بارزان دروستکردبوو.

گۆشەنیگای چوارەم:
دامەزراندنی پارتی لەھەل ومەرجێک دابوو؛ کە لەگۆڕەپانی باشووردا چەندین ڕێکخراوی ژێرزەمینی ھەبوون؛ وەک چۆن کەسایەتی دەستەبژێری کۆمەڵایەتی و بیرۆکرات و ڕۆشەنبیر؛ بەوانەشەوە کە لەحزبی ھیوابوون و دوای ھەڵوەشانەوەی وەک کەسایەتی شۆڕشگیرو سیاسی سەربەخۆ مابوونەوەو ھەروەھا لقی باشووری ژێکافیش خۆی ھەڵوەشاندبۆوە. لەو دۆخەدابوو؛ واتا لەدۆخی پەرتی و پەڕش وبڵاوی ڕێکخراوە سیاسییەکان و پەڕش و بڵاوی کەسایەتیە سیاسیە تێکۆشەرەکانی باشوورو پەرش وبڵاوی ستراتیژی کوردایەتی؛ کەپارتی خۆی ڕاگەیاند و پێش ئەوەی کۆنگرەی یەکەمیش بکا؛ نوێنەری بارزانیی نەمر دان وستانی پێویستی لەگەڵ گرووپەکان و کەسایەتیەکان کردو بەڵگەکان ئەوە نیشانەدەن؛ کە ھەموویان لەسەر ئەوەکۆک بوون؛ کە پارتی ببێتە حزبی کۆکەرەوەی ھەموو تێکۆشەرانی کوردایەتی و ببێتە حزبی نوێنەرەوەی کورد لەباشوورو ببێتە حزبی خاوەنداری لە پڕۆژەی کوردایەتی، ھاوکات ھەمووشیان ھاوڕابوون؛ کە بارزانیی نەمر سەرۆکی ئەو حزبە بێ.

بێگومان متمانەو کەسایەتی کاریزماتیک و مێژووی بارزانیی نەمرو ماڵباتەکەی و ئەو ڕۆڵە دیارو شایەتمانی بۆ دراوەی لەکۆماری کوردستاندا ھەیبوو . ھەبوونی ئەو متمانەیە کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی ھەبوو لە کۆکردنەوەی ڕێکخراوو کەسایەتیەکانی باشوور.

بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکانی مەھاباد؛ بەبێ ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ھاوەڵەکانی تری ؛کە لە ناوشۆڕش و خەباتی بەرگری دابوون لە كۆماری کوردستان ؛ پارتی لە( ١٦ ئابی ١٩٤٦ ) داو لە بەغدا یەکەمین کۆنگرەی خۆی کرد و مەلا مستەفای نەمر بەسەرۆکی پارتی ھەڵبژێردراو پەیڕەووپڕۆگرام ؛کە لەکۆبوونەوەکانی مەھابادەوە پەسندکرابوو ؛ بەھەندێ دەسکاری کەمەوە لە یەکەمین کۆنگرەشدا پەسند کرایەوە؛ وھەروەھا جێگرانی سەرۆک وسکرتێرو مەکتەبی سیاسیش ھەڵبژێردران. بەداخەوە لەوکۆنگرەیەدا ؛ بەھۆی ناکۆکیەکی ( بەڕای خۆم ئایدۆلۆژی ) یەوە چەند تێکۆشەرێک کۆنگرەکەیان و پارتیشیان بەجێھێشت ؛ بەڵام ھیچ حزب یان ڕێکخراوێکی کوردستانیانەیان پێک نەھێنا ؛ بەڵکو چوونە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عیراقەوە.

پارتی ھەر لەدامەزرانیەوە سێ مەسەلەی ئاڵۆز و ستراتیژی چارەسەرکرد یان بووە نەخشەڕێگا بۆ چارەسەرکردنیان . یەکەم ؛ خۆی وەک پارتێکی سەرتاسەری کوردستان نەناساندو نەیکردە پێناسەی خۆی بەمەش خۆی لەئەگەری ھەر بەریەک کەوتنێک لەگەڵ حزب وڕێکخراوە سیاسیەکانی بەشەکانی تری کوردستان پاراست . ھەڵبەت باس لەکاریگەردانان ناکەم بەڵکو ئاماژەم بۆ بەریەک کەوتنە . دووەمیان ؛ قۆناخی پەڕش وبڵاوی لەناوڕیزی کوردایەتی لە باشووردا کۆتایی پێھێناو بەو ھۆیەشەوە بونیادی یەکگرتووی خەباتی سیاسی و فیکری و شۆڕشگێڕانەی کوردایەتی لە باشووردا داڕشت ؛ کە ئەو بونیادە یەکگرتووە بەشێوەیەکی سەرەکی تا ( ١٩٦٤) مایەوە . ئەگەر بەخێرایش بێ ئەبێ ئاماژە بەوەبدەم ؛ کە لەساڵی ( ١٩٥٣) دا کۆنگرەی ( ٣) سکرتێری ئەو سەردەمە لەڕیزەکانی پارتیدا فەسڵكرا و ئەویش دوای ئەوە ؛ وەک کاردانەوە حزبێکی دروستکرد ؛ بۆیە ئەوڕەفتارەی ئەو چونکە لەدەرەوەی پارتیدابوو ناکرێ وەک جیابوونەوە ھەژماری بکەین.

ئەو سەرەتاو دەسپێکەی پارتی پەیوەست بەوەی وەک پێشینەیەک ؛ کەتوانی ھەوڵەسیاسی و ڕێکخراوەییەکانی کوردایەتی لە باشووردا لەبۆتەی پارتی یەکبخات؛ زۆر بەگرنگ و شایستەی ئەوە ئەزانم کە توێژینەوەو گفتوگۆو دیبەیتی زۆری لەبارەوە بکرێ؛ نەک تەنیا لەناوڕیزەکانی پارتی ؛ بەڵکو لەناو حزبەکانی ترو لەناو دەستەبژێری ئەکادیمی و ناوەندەزانکۆییەکان وڕووناکبیرو سیاسەتمەدارانی سەربەخۆی دێرن و ئێستای کوردستان ؛ کە ئەشێ بۆ تێرکردنی ئەوبابەتە ئەوانەی بەشەکانی تری کوردستانیش لەوتوێژینەوەو گفتوگۆو دیبەیتانەدا بەشدار بن. ئەم بۆچوون و پێشنیارەم بۆ مامەڵەکردنێکی مێژوویانەیە لەگەڵ دیاردەیەکی مەترسیدار کەئەویش دیاردەی پارچەپارچەبوون و پەرتبوونە؛ کە باس و خواس لەبارەیەوە بەڕژدی بەردەوامەو؛ زۆرجاریش وەک خەسڵەتێکی جێگیرو نالەبار دەستنیشان ئەکرێ ؛ بەتایبەت لەم قۆناخەی ئێستاماندا ؛ کە ئەویش وەک ناودێرکراوە یەکڕیزنەبوون و یەکماڵەنەبوونی کوردە؛ کە مەبەست لێکدابڕان و ناکۆکی و ململانێی نێوانی حزبە سیاسییەکانە تا ئەوئەندازەیەی کە قسە لەسەر دابەشبوونی جوگرافیاو زۆنەکانیش ئەکرێ.

پێم وایە بەمیتۆدێکی بەراوردکارانە ئەکرێ و پێویستیشە؛ کە ئەزموونی یەکڕیزی بەرجەستەبووی کورد لەباشوور لە ناو یەک حزبدا (١٩٤٦ – ١٩٦٤) بکرێتە بابەتی ئەزموون وەرگرتن لەڕابردوو؛ چونکە لەڕاستیدا ناکرێ پشت بەکۆپی کردن ببەستین ؛ بۆئەوەی کۆپیکاریش نەکەین ؛ کەکارێکی قورسە ؛ باشتروایە چەمک و دەستەواژەو ناودێرکردنی کۆک لەگەڵ ئێستاماندا بەرھەم بھێنین و کەسیشمان وھیچ لایەنێکیشمان شەرم لە سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ پەندو وانەکانی مێژووی نزیکمان ( ١٩٤٦) نەکا؛ چونکە من مەبەستم دووبارەکردنەوەی کاریکاتێریانەی مێژوو نیە ؛ بەڵکو تاوتووێکردنی ڕابردوو دۆزینەوەی گەوھەرو فاکتەرەکانی دەربازبوونە لە پەرتەوازەیی ؛ بەدەربڕینی تر خۆکۆکردنەوەو کوردککردنەوەیە.

گۆشەنیگای پێنجەم:
پارتی دیموکراتی کوردستان لەدەستپێکی دامەزراندنیەوە لە شوباتی (١٩٤٦ )دا؛ سیستمی سەرۆکایەتی ( سەرۆک)ی پەسندو پەیڕەو کرد . نەمر مەلامستەفا بارزانی کردە سەرۆکی پارتی و لەیەکەم گۆنگرەشیدا ھەم سیستمەکەی و ھەم بارزانی نەمریشی بەسەرۆک ھەڵبژاردەوە. لەکۆنگرەکانی تریشدا ؛ کە بارزانی نەمر لەگەڵ ھەڤاڵانی تریدا لەسۆڤیەت پەنابەری سیاسی بوون و ھیچ پەیوەندییەکی فیزیکی و ھیچ تەتەرێک وپۆستێکیش لەنێوان بارزانی نەمرو سکرتێرو مەکتەبی سیاسی حزبەکەی ڕێگەپێدراو نەبوو و لەسایەی چاودێری چڕی (کەی گی بی )دا ، بەڵام مەکتەبی سیاسی پارتی و تۆڕەفراوانەکانی ڕێکخستنەکانی دەستیان لەسەرۆکایەتی مەلامستەفای نەمر بەرنەدا؛ تائەو ئەندازەیەی ، کە لەکۆنگرەی (٣ ) لەساڵی ( ١٩٥٣ )داکەلەکەرکوک ئەنجام درا ؛ ھەمدیس بەبێ ئاگاداربوون و ئامادەبوونی خۆی ؛ لەماددەی (٢٩) پڕۆگرامدا وەک سەرۆک ھەڵبژێردرایەوە و ئەمەش دەقی ماددەکەیە ( سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان – عیراق قارەمانی ڕزگاری نیشتمانی جەنەڕال مستەفا بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان – عیراقە)لەکۆنگرەکانی دواتریشدا پۆستی سەرۆکایەتی پارتی ھەر بۆ ئەو بەڕەوا زانراو پەسندکرا. دوای جیابوونەوەی (١٩٦٤) یش متمانەی سەرۆکایەتی پارتی تاکۆتایی ژیانی وتا کۆنگرەی نۆیەم ھەر بەو درایەوە. جێی سەرنجە کە باڵی جیابووەوە بەھیچ جۆرێک پۆستی سەرۆکی پارتیان پڕنەکردەوە.

لەڕاستیدا لەبەر دیکۆمێنتە فەرمییەکان ناونیشانی سەرۆکی پارتی بەکارئەھێنم ؛ دەنا ھەم گەلی کوردو ھەم ناوەندە فەرمیەکانی عیراق (بەتایبەت لەسەردەمی کۆماردا و لە ناوەندە بیانییەکانیش وەک ڕابەری کورد (زەعیم ) ناوی ئەبراو ھەربەو پرەستیژەشەوە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەکرا. لەدوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول (١١ / ٩ / ١٩٦١) ئیتر بارزانی نەمر تەنیا وەک سەرۆکی پارتی تەماشا و ڕەفتاری لەگەڵدا نەئەکرا؛ بەڵکو وەک ڕابەروفەرمانداری شۆڕش ولەشکری شۆڕشگێڕ ناودێر ئەکرا.ئەکرێ ئەمەش والێکبدرێتەوەو پێناسە بکرێ ؛ کە پارتی حزبی شۆڕش بوو ؛ بەڵام بارزانی نەمر ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بوو بەھەموو دامەزراوکانییەوە؛ کە دوای (١٩٦٤) دامەزراوه‌کانی شۆڕش ھەر بەتەنیا پارتی و مەکتەب سیاسی ولەشکرەکەی نەبوو؛ بەڵکو ئیتر ببووە خاوەنی (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) و (مەکتەبی تەنفیزی) و (لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان ) ژمارەیەک دامەزراوەی بەستراوە بەو ئۆرگانە ئاماژەپێدراوەکان.

ئەو جیاوازیانەی دوای جیابوونەوەی (١٩٦٤) لەناو شۆڕشدا دروست بوون گرنگترینیان بریتی بوون لەوەی ئیدی ؛ ھەرچەندە پارتی حزبەکەی شۆڕش بوو؛ بەڵام حزبەکانی تری وەک حزبی شیوعی عیراق و پێشمەرگەکانیان (الانصار) و ھەروەھا سەرکردەو کادرو تێکۆشەرانی (کاژیک)لەئاستی فەرماندەو کادری شۆڕش جێی شایستەیان پێدرا . ھاوکات زۆر لەڕۆشنبیران و ئەفسەران و چالاکانی ناحزبی کوردەواری لەناو ئۆرگان و ئەرکەکانی شۆڕشدا جێیان کرایەوە ؛ ئەم پرنسیپە ؛ کەشۆڕش ھی ھەمووانە مەوداومانای فراوانترو ھەمەگیرتری بەبوون و بەنوێنەرایەتی کردنی شۆڕش دا و ئیتر لەشۆڕشی پارتیەوە بووە شۆڕشی خەڵکی (گەل ) کوردستان . کە ئەمە وەرچەرخانێکی فیکری وسیاسی مەزن وقووڵی دروستکردو پرەستیژێکی باڵاترو ۆەسندکراوتری بەشۆڕشدا ؛ کە ئەشێ تایتلی ئەوەشی بدەینێ ؛ کە شۆڕشی کوردستان ( ئەیلول ) لە مۆنۆپۆلی ئۆرگانە حزبیەکان و ميزاجی حزبیانە قورتارکرد بەمەش شۆڕش تەکانێکی تری جەماوەری دابین کردو ڕەوتی گەل بکرێ بە خاوەنی شۆڕش پەرەی سەند لەوپێودانگەوە ( بارەگای بارزانی ) دروست کراو بەمەش کەناڵێكی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕابەری شۆڕش و بزووتنەوەکە وەدیھات ؛ نەک تەنیا بۆ پارتیەکان ؛ بەڵکو بۆ ھێزەساسیەکانی ترو بۆ خەڵکی ئاسایی و پێکھاتەکۆمەڵایەتیەکان ؛ ھەروا ئەمە بەو ئامانجەش بوو؛ کە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر لەکاروباری ئۆرگانی پارتیدا کورت نەکرێتەوە بەڵکو بپڕژێتە سەر کاروباری بوارەکانی تری شۆڕش و ناوچە ئازادکراوەکان و کووانووەکانی تری شۆڕش لە شارو لادێکاندا.

ھەبوونی بارزانی نەمر وەک سەرۆکی پارتی و لە ھەمان کاتدا وەک ڕابەرو فەرمانداری شۆڕش؛ تان وپۆو ڕوخساری ڤێرژنێکی لێڤەگەڕی( مەرجەع )گونجاوو شایستەی دابینکرد کە لەگەڵ ھێزو پێکھاتە کۆمەڵایەتیەکانی بەرژەوەندیدار لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی و کۆک لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی کوردەواری و پەرەسەندن وگەشەسەندنەکانیدا کۆک بێ ، لێڤەگەڕێک کە لەئاست و شیانی ھەڕەشەومەترسیەکان و پیلانی داگیرکەرو دوژمنان دابێ. واتا ئیتر مەلامستەفای نەمر ھەر لە ناونیشاناکانی (سەرۆکی پارتی و ڕابەرو فەرمانداری شۆڕش ) نەمایەوە بەڵکو ڕەوایەتی لێڤەگەڕی کوردایەتی پێدرا.

باس و مەسەلەی مەرجەعیەت؛ تا ئەم ساتەوەختەش ؛ یەکێکە لە بابەتە ھەرەئاڵۆزەکانی کوردایەتی؛ نەک ھەر لەباشوور؛ بەڵکو لەبەش و پارچەکانی تریشدا.

لەباشووردا ؛ ھەر لەدوای ڕێکەوتنی شوومی جەزایرو نسکۆی شۆڕشی ئەیلولەوە ؛ زۆر پتر لە ئەندازەی پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە و ھەڵسەنگاندنی خۆیی و بابەتیانەی دۆخی ڕووداوەکە (نسکۆ) وگەڕان بەدوای دۆزینەوەی شێوەو ناوەرکی لێڤەگەڕی ئەو قۆناخەی ڕێکەوتنی جەزایر بچمی پێ بەخشی بوو مەسەلەی مەرجەع و مەرجەعیەت لەباسێکی پەیوەست بە سۆسیالۆژیای شۆڕش و فەلسەفەی سیاسی و پێداویستیە فیکری و پراکتیکیەکانی ھەڵسانەوەیەکی نوێ و نوێ چەشن لەڕوانگەی پلۆڕالیزمی حزبیەوە ؛ گۆڕا بۆ باسێکی بارکراوو بارگاوی کراو بەڕابردووی پارتی و شۆڕشەوە. دواتر بینیمان ئەو ڕەوشەی کەھاتەئاراوە؛ چ کارەساتگەلێکی بۆ کوردستان لێکەوتەوە. بەدڵنیاییەوە ھۆکاری خۆیی و بابەتی؛ دەرەکی وناوەکی ھەبوون، کە ئاراستەی ڕووداوەکانی دوای (١٩٧٥) بەو ھەڵدێرانەدا ببا کە بینیمان؛ بەڵام بەبۆچوونی من نەبوونی مەرجەعیەتی جێ متمانەی ھەمووان و ئەزمووندار مەترسیدارترین فاکتەری ڕووداوە ترسناکەکان بوون؛ بە ڕووداوە خوێناوییەکانیشەوە.
ھەموو ئەو ئەلتەرناتیڤانەی بۆ کەیسی مەرجەع پێشنیار کران و کەم وزۆر لە قۆناخ و دۆخی جیاجیادا پراکتیزەش کران ؛ نەبوون بە مەرجەع . دۆخی نەبوونی مەرجەع تا دامەزرانی ( بەرەی کوردستانی ) وەک گەمەیەکی بێ پرەستیژ و بگرە سواو مایەوە ، بەڵام بەرەی کوردستانی جیاوازیەکی ڕێژەیی لەگەڵ ھەموو ئەلتەرناتیڤەکانی پێش خۆی تۆمار کرد ؛ بەوەی کە نەک تەنیا دۆخی ناوخۆی تائەندازەیەکی زۆر ھێوروئارام کردەوە؛ بەڵکو توانی ڕێبەرایەتی ڕاپەڕین و پێ ڕەوابینراوەکانی (ئیستحقاقات ) بکا و ھەروەھا لێکەوتەکانی تری وەک دان وستان لەگەڵ بەغداو پرۆسەیەکی دپلۆماسی لەگەڵ ھاوپەیمانان و زلھێزەکانی ناوچەکەو دنیاش بگرێتەبەر؛ لەوەش گرنگتر توانی تا یەکەم ھەڵبژاردنی کوردستان ڕێبەرایەتیە ھاوبەشەکە بکات ؛ بەو نیازو ئامانجەی کە کوردستان ئیتر شەرعیەتی شۆڕشگێڕانەی تێپەڕاندو چووە قۆناخی شەرعیەتی دیموکراتی ویاساییەوە ؛ بانگەشەو خوێندنەوەی ھەموو لایەنەکان ئەوەبوو کەئیتر ئەوە پەرلەمان و دامەزراوەو دەسەڵاتەکانی ترن ئەبنە ئەلتەرناتیڤ بۆ پێگەو کەسایەتی یاسایی و سیاسی و مەعنەوی مەرجەع . سەردەمێک ھەموومان ؛ بەخۆشمەوە لەپێش ڕووخانی بەعس و دوای ئەویش لەناو وەھمی لێڤەگەڕی دیموکراتیکدا ئەژیاین و ئەژین.

 بەڵام ئێستا وەختی ئەوە ھاتووە ؛ دان بەوەدا بنێین ؛ کە کوردستان؛ وەک نیشتمان و نەتەوە پێویستی وجودی بە لێڤەگەڕێکی جێ متمانەو کارای مێژووکردە بۆ ئەوەی بمانگەیەنێتە سەربەخۆیی وسەروەربوون .بەدەرلەو ئامانجەی کوردایەتی بەتایبەت لەم قۆناخە ھەستیارەدا کە ھەڕەشەو دەرفەتیشمان لەبەردەمن ؛ پێویستیمان بە مەرجەعە بۆ ئەوەی یەکمان بخاو ڕێکمان بخاو بەرەو سەرکەوتنی مەزنمان ببا.

لەمێژووی پارتیدا ؛ وەک ئاماژەمان پێدا ؛ ئەوەمان بۆ ساغ ئەکاتەوە ؛ کە مەرجەعی کوردایەتی لەناو ھەناوی دۆخەکاندا دەرئەکەوێ ؛ کە ئەبێ بە دنیابینیەکی ئامانجدارو بڕوای چەسپاو بەسەرکەوتن شان بداتە بەر کاری مەزن ؛ کە لەھیچ کوێ و لەھیچ سەردەمانێکدا کاری مەزن بێ مەترسی دەستبەجێ یان دواخراو نەبووەو نیە؛ ڕیفراندۆم لە مێژووی نەتەوەکەمسندا نموونەی بەرزی ئەو کارەمەزنانەیە.

گەڕان بەدوای لێڤەگەری ڕاستەقینەی کوردایەتی لەڕێی سندوقی دەنگدانەوە وەدەست نایەت ؛ بەرلەھەموو شتێک لەبەر ئەوەی لێڤەگەڕ ئەبێ کاریزماتیک بێ و ھاوکات پابەندکراویش نەبێ بەخوولە یاساییەکانی گەمەی ھەڵبژاردنەوە ؛ کە ھەم گەمەکە لێرەو لەدنیاش پڕاوپڕە لەکرێتی و چەواشەکاری وھەڵخەڵەتاندن ئێستا ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردن لەھەموو دنیادا لەبەردەم پرسیاری ستراکتۆری و جدی دایە. ھەر لەو سۆنگەیەوەو لەڕابردووی زۆر نزیکی پانزەبیست ساڵیماندا؛ ھەوڵەکان بۆ دروستکردنی لێڤەگەڕ لەڕێی پەرلەمان و ھەڵبژاردن و گوشارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە؛ لێڤەگەڕی لێ وەبەر نەھات؛ بەڵکو کارەساتی لێکەوتەوەو ڕیزەکانی کوردایەتی سەرلەنوێ لەسەردەمێکدا کەرت وپەرت کردەوە؛ کە ئەبووایە واڕوونەدا. بەکورتی لێڤەگەڕ بۆ دروستکردنی مایسترۆی تیپێکی سەمفۆنیا نیە ؛ بەڵکو بۆ ڕێبەرایەتیکردنی نەرم و ڕەقی کوردایەتیە لە سەردەمێکی چارەنووسسازی پڕلە دوژمنی دڕندەو ؛ سەردەمێک کە جارێکی دیکە بۆکورد خاڵی خاڵیە لەیارو تژی و پڕە لەنەیار.

وەک لەسەروە ئاماژەم پێدا و وتم لێڤەگەڕ مایسترۆ نیە ؛ بەڵکو (نیچە ) وتەنی (ھێزی ئیرادە)ەیە بۆ تێپەڕاندنی قۆناخەکانی بەردەم کوردایەتی؛ کە لەم قۆناخەدا؛ بەلێکدانەوەکانی من و بەپێی پێدراوە ڕیالێتی و پرەستیژەکان و بەوپێیەش کە نێوندە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیش مامەڵەی ئەکەن ؛ سەرۆک بارزانی ھەموو ئەو لێوەشاوەییانەی تێدا کۆبۆتەوەو ھەرواش دەرکەوتووەو ڕەوایەتی مێژووکردی وەدەستھێناوە ؛ کە لێڤەگەڕی کوردایەتێ بێت . خۆ ئەگەر (ئەوان )ی تریش چاویلکەی نەیاری لەسەر دیدەکانیان لابدەن و چارەسەری خۆیان بکەن لە گرێی چاوپێ ھەڵنەھاتن و تۆماری ڕابردوو وەلابنێن و وەک تابۆ مامەڵەی نەکەن و دواجار دان بەوڕاستیە ئەزموون کراوەدا بنێن و خۆیان لەسیاسەتی بووکەڵەسازی دووربخەنەوە ؛ بەڕوونی ؛ وەک من و ھەزاران ھەزاری تر ئەزانن ؛ کە ئێستا کێ شیانی مەرجەع بوونی ھەیە ؛ مەرجەع بوون بەمانای پێش قەرەوڵ بوون بەرەو سەروەری وسەربەخۆیی.


لە رۆژنامەی خەبات وەرگیراوە


PM:01:48:16/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی