هاوسەرۆکییەکەی ماری بوکچین و هاوسەرۆکییەکەی یەکێتی!

‌کەمال رەئوف



لە دنیادا زۆر تێزی فکری و تێڕوانینی فەلەسەفی هەبووە، کە تەنها هەر لەسەر کاغەز ماونەتەوەو لەسەر ئەرزی واقیع هچیان لێشین نەبووە و بۆ ژیان تاقینەکراونەتەوە، یان بەدەردی ئەوە نەهاتوون، لەواقیعی ژیاندا کاریان پێبکرێت.
لەئەنجامی گفتوگۆکانی ئۆجەلان و بیرمەندی ئەمریکی ماری بوچین، ئەو تێزە بۆ ئیدارەو بەڕێوەبردن هاتە ئاراوە کە بە سیستەمی هاوسەرۆکی دەناسرێتەوە. زۆرکەس لایانوایە کە ئەسڵی تێزەکە داهێنانێکی ئیکۆلۆجی ماری بوکچین بووەو ئۆجەلان گەشەی پێداوەو لەسەر ئەرزی واقیعیش تاقیکردۆتەوە، دیارە بیرکردنەوە و تێزەکەی ماری بوکچین هەرچۆن بووبێت، ئەوەی کە زیاتر ئەم تێزەی بەجیهان ناساند ئەو هەنگاوە عەمەلیانەی پەکەکە بوو کە لەبواری جێبەجێکردنی جڤاتی و حزبیدا کاری پێکرد.

 ئامانج لەمەش  هاوسەنگی جێندەری و بەشداریپێکردنی ژنان بوو، لەهەموو بوارەکانی ژیاندا، بەتایبەتی بواری ئیدارەو حوکمڕانی. بەڵام بەحوکمی ئەوەی پەکەکە ناوچە نفوزی لەباکور نەکەوتە بن دەست هاوسەرۆکی لە بواری حوکمرانی لەرۆژئاوا پیادەکرد، بەڵام لەناو حزبدا ماوەیەکی زۆر بوو وەک سیستەمێکی نوێ، تارادەیەکی زۆر کاری پێکرا بوو.

 ئێستا دەبیستین یەکێتیش سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ ئیدارەدانی حزبەکەی خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەوەی ئەم هاوسەرۆکییە جیا ئەکاتەوە لەو هاوسەرۆکییەی رۆژئاواو پەکەکە، ئەوەیە، لەناو پەکەکە هاوسەرۆکی بەمانای بوونی بەشداریپێکردنی ژن و پیاو، واتە یەک ژن و یەک پیاو بۆ پۆستێکی دیاریکراو، ئەمەش نەک هەر لە دەستەی سەرۆکایەتی بەڵکۆ بۆ هەموو پنتەکانی کاری رێکخستن و ئیدارەش شۆڕ دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی یەکێتی نەک هەر خۆی لە بەشداریکردنی ژن نەداوە، تەنانەت لە ریزی دووەمی ئەم ئیدارەو سەرۆکایەتیە، کە ناوی جێگرو کارگێڕی بۆدیارکراوە، ناوی تاکە ژنێکیش نابیسترێت، ئەوە جگە لە ئۆرگانەکانی تری حزب و ئیدارەو حوکمڕانی کە یەکێتی هاوبەشی حکومەتی هەرێمەو ناوچە نفوزی خۆی هەیە، ئەم هاوسەرۆکییە هەر باس ناکرێت، وەک ئەوەی حزبێک سەرکایەتیەکەی بەهاوسەرۆکایەتی بێت و باقی ئۆرگانەکانی تری بەشێوە کلاسیکییەکە بمێنێتەوە.

 لەناو پەکەکە تەنها شوێنێک کە ئەم هاوسەرۆکییە نایگرێتەوە و وەک پێویست جێبەجێنەکراوە ناو ریزەکانی هێزی گەریلایە، بەڵام بۆ ئەوەش رێژەی کۆتا بەئاستێکی بەرز دیاریکراوە، بەڵام لەرۆژئاوا تارادەیەکی زۆر لە هەموو بوارەکان جێبەجێ کراوەو تارادەیەکی زۆریش بووەتە جێگەی سەرنجی هەموو ناوەندەکانی جیهان. بەڵام لەناو یەکێتی ئەم هاوسەرۆکییە تەنها شمولی دوو سەرکردەی پیاو ئەکات وەک عەسای سیحری بۆ چارەسەری ناکۆکی پیاو لەگەڵ پیاو بەکار هاتووە نەک کێشەی جێندەری و بەشداریپێکردنی ژنان.


PM:02:06:19/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 4008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی