دابەشکردنی سنووری دەریایی

‌نازەنین عوسمان

هەموو وڵاتێک خاوەنی سنوورە. سنووری وڵاتێک یان بە دەستپێکی سنووری وڵاتێکی تر کۆتایی دێت، یاخود بە دەریا. ئەو وڵاتانەی لەسەر ئاون یاخود لە نێو ئاون، چۆن خاوەنی زەوی وشكانین، هەر واش خاوەنی بەشێک لە دەریان. ئەو وڵاتانەی سنووری ئاوییان نییە و زیندانی وشکانین؛ تەنیا 48 وڵاتن.

ئاوی دەریا و زەریاکان نزیکەی لە سەدا حەفتا و یەکی گۆی زەوی پێک دەهێنن. هەر لە کۆنەوە کێشەی هاتوچۆ و سنووری دەریایی و خاوەندارێتی هەبووە؛ کام وڵات خاوەنی کەشتیی زۆر و بەهێز بووە، توانای هاتوچۆ و قاچاخچێتی و چەتەیی زیاتر بووە.

دانانی سنووری دەریایی، زوو بیری لێ کراوەتەوە، تا دەسەڵاتەکان زیاتر دیار بن و شەڕ و پێکدادان کەم ببنەوە. بۆ یەکەم جار هۆڵەندا لە ساڵی 1609 باسی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکانی کردووە. لە ساڵی 1703 سنووری دەریایی وڵاتێکی سەر ئاو، لە کەنارەوە بە سێ میلی دەریایی دانرا (1 میل = 1.852 کیلۆمەتر) ئەو سێ میلە لەوەوە هاتووە کە تۆپی ئەو کاتە هەتا سێ میل دەڕۆیشت، تا ئەو کەشتییانەی نزیک ئەو وڵاتانە دەڕۆن، نەکەونە بەر هێرشی تۆپەکانیان.

کێشەی دەسەڵات بەسەر دەریاکاندا، لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا گەورەتر بوو، پاش ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵەکانی 1958، 1960 هەوڵی چارەسەری دا و بەئەنجام نەگەیشت، بەڵام لە ساڵی 1973 رەشنووسی رێککەوتنێک نووسرا و لە ساڵی 1982 واژۆی لەسەر کرا و لە ساڵی 1994 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو رێککەوتنە بە رێککەوتنی 1982ی جامایکا دەناسرێت. 100 وڵات واژۆیان کردووە، بەڵام هەندێک وڵاتیش واژۆیان نەکردووە لەوانە: ئەمەریکا، ڤەنزوێلا و تورکیا. 

گرنگیی ئەو رێککەوتنامەیە؛ بۆ مەبەستی چارەسەری ناکۆکیی نێوان وڵاتە هاوسێکانی سەر دەریا، پارێزگاری لە ژینگەی دەریا، دابەشکردنی سامانە سروشتییەکانی زیندوو (سەرچاوەی خواردنی دەریایی) و نازیندوو (دەرهێنانی گازی سروشتی و نەوت)، سەربەخۆیی و دوور لە دەستتێوەردانی وڵاتانی تر، ئاسایش و باج و هاتوچۆی کەشتیی وڵاتانی دیکەیە. ئەو رێککەوتننامەیە لە 320 بڕگە پێک هاتووە.

ئەو رێککەوتننامەیە، سنووری دەریایی وڵاتێکی سەر دەریای دابەشی چەند زۆنێک کردووە: 
1-ئاوی ناوخۆیی (internal waters): ئەو ئاوەیە لە وڵاتێکدا دەکەوێتە نێو خاکی خۆیەوە و وەک دوورگەی لێ هاتووە و دەسەڵاتی رەهای بەسەردا دەشکێ هەروەک چۆن دەسەڵاتی رەهای هەیە بەسەر وشکانییەکەی، یاخود ئاوی رووبارەکانیدا.

2-ئاوی هەرێمی (Territorial waters): لە دوورترین خاڵی سنووری وشکانیی ئەو وڵاتە بۆ نێو دەریا تا 12 میل، بە ئاوی هەرێمی دادەنرێت. ئەو وڵاتە دەسەڵاتی تەواوی هەیە لەسەر ئەو ناوچەیە، بەڵام دەسەڵاتی رەها نییە، دەبێت رێگە بە هەموو کەشتییەک بدات پێیدا تێپەڕێت، تەنانەت کەشتیی جەنگییش، بە مەرجێک بەشێوەیەکی ئاشتییانە پێیدا تێپەڕێت، بەڵام دەتوانێت رێگری بکات لەو کەشتییانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە دروست دەکەن، یاخود هەڵگری مادە قەدەغەکراوەکانی هۆشبەر و ناپزیشکین. ئەو کەشتییەی پێیدا دەڕوات؛ ئازادە و وڵاتی خاوەن ئاوی هەرێمی هیچ مافێکی بەسەر ئەو کەشتییەوە نییە. جگە لەوە، وڵاتی خاوەنداری ئاوی هەرێمی، دەسەڵاتی تەواوی هەیە بەسەر ئەو ناوچەیەدا و چۆنێتی بەکارهێنانی ئاوەکەی و زەوی ژێر ئاوەکە. 

3-ناوچەی ئاوی هاوسێیی (Contiguous waters): ئەو ناوچەیە، 12 میلی تری دەریایە دوای ناوچەی هەرێمی. وڵاتەکە کەمتر دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە، بەڵام دەسەڵاتی باج و گومرگ، رێگری لە کۆچبەران و پاکڕاگرتنی ژینگەی بەسەردا هەیە. ئەم ناوچەیە بەشێکە لە ناوچەی ئابووریی تایبەت و زیاتر بۆ پارێزگارییە لە ناوچەی ئاوی هەرێمی.

4-ناوچەی ئابووریی تایبەت (Exclusive Economic zone): ئەم زۆرنە، بەدرێژایی 200 میل لە دوورترین خاڵی سنووری وشکانییەوە دەست پێ دەکات بەرەو قووڵایی دەریا. ئەو وڵاتە مافی گەڕان و بەکارهێنانی بەرهەمە سروشتییەکانی ئەو ناوچەیەی هەیە لە زیندوو و نازیندوو. 

دوورگەی نەخیل لە دوبەی، لە ناوچەی ئابووریی تایبەتدا دروست کراوە، 35 میل دوورە لە کۆتا خاڵی سنووری وشکانییەوە.

5- رەفەی کیشوەری (Continental Shelf): هەندێک جار رەفەی کیشوەری بەو شوێنە دەگوترێت کە پێکهاتەی جیۆلۆجیی زەوی ژێر ئاوی ناوچەی ئابووریی تایبەت هەمان درێژبوونەوەی جیۆلۆجیی خاکی وشکانییەکەیەتی، دەکرێت تا 350 میل درێژ بێتەوە لە دوورترین خاڵی سنووری و ئەو وڵاتە دەتوانێت سوود لە خاکی ژێر دەریاکە وەربگرێت و نەوت و گازی لێ دەربهێنێت و وەک ناوچەی ئابووری لە قەڵەم بدرێت.

6-ئەگەر هاتوو دوو وڵاتی بەرانبەر بەیەک ئەو دووریەیان لە نێواندا نەبوو کە هەریەکەیان خاوەنی 200 میل بن، ئەوا مەودای نێوانیان چەندە بێت، دابەش دەکرێت بۆ دوو ناوچەی یەکسان. 

7-ئاوی دوای ناوچەی ئابووریی تایبەت، دەبێتە ئاوی نێودەوڵەتی و هەموو دەوڵەتان یەکسانن لە بەکارهێنانیدا بۆ: راوەماسی، تێپەڕینی هێڵی فڕۆکە بەسەریدا، تێپەڕاندنی بۆری نەوت و گاز بە ناویدا.

گەر کەشتییەکی خراپەکاری چەتە و رێگرەکان، یان لە بازرگانەکانی مادەهۆشبەرەکان و ناپزیشکییەکان بوو، پێویست دەکات وڵاتان هەماهەنگ بن لە رێگریکردن لێی، بەڵام ئەو کەشتییانە لە جموجووڵدان و کێشە لەوەدا دەبێت کام وڵات ئەرکە یاساییەکە لە ئەستۆ دەگرێت. بوونی ئەم کێشەیە رێخۆشکەرە بۆ چەتەکان و قاچاخچییەکان و سوودی لێ وەردەگرن بۆ ئەوەی ئازادانەتر بجووڵێنەوە لە ئاوی نێودەڵەتیدا، هەر بۆیە هەماهەنگیی وڵاتان گرنگە بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی جیهان.

هەندێک تایبەتمەندی لە دابەشکردنی ئاوی دەریاکان، بەتایبەتی دەریای سپیدا هەیە:
تورکیا دانی بە رێککەوتی 1982دا نەناوە و لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، تورکیا وازی لە هەموو دوورگەکانی هێنا بۆ یۆنان، بۆ نموونە؛ تورکیا لەسەر دەریای ئیجە تەنیا خاوەنی 6 میلە و باقی دەریاکە بۆ یۆنانە. بەهۆی زۆریی دوورگەکانی یۆنان و نزیکیی دوورگەکان لە سنووری تورکیاوە، لەو چەند ساڵەی دواییدا چەندین جار توندوتیژی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە رووی داوە هەندێک جار گەیشتووەتە رادەی جووڵاندنی فڕۆکە و کەشتیی جەنگی بۆ سەر یەکتر. تورکیا لەسەر دەریای رەش و سپی خاوەنی 22 میلە، خۆی بە زوڵملێکراو دەزانێت، بەتایبەتی دوای دۆزینەوەی گازی سروشتی لە دەریای سپیدا (بڕی 3455 ملیار مەتر سێجا لە گاز و 1.7 ملیار بەرمیل لە نەوت لە نێو دەریای سپیدا هەیە)، بەڵام لە سنووری دەریایی خۆیدا هیچی نەدۆزیوەتەوە، هەر بۆیە لەگەڵ لیبیا رێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنی دووقۆڵییان واژۆ کرد و دەریای نێوانی خۆیان بەیەکسانی دابەش کرد. ئەم دابەشکردنە، بەشێک لە زۆنی دەریایی قوبرس، یۆنان و میسری داگیر کرد و بووە هۆی گرژی لە نێوان ئەو وڵاتانە.

میسر و ئیسرائیل کێشەی سنوورییان نییە و سنووریان وێنە کراوە. لوبنان و ئیسرائیل سنووری ئاوییان وێنە نەکراوە و کێشەیان هەیە بەهۆی ئەوەی لوبنان دانی بە ئیسرائیلدا نەناوە. ئوردن تەنیا خاوەنی 3 میلە لەسەر دەریای سپی. 

بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا وڵاتێکی داخراو نییە، بەڵام هەموو سنووری دەریایی بۆ کرواتیایە و بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا خاوەنی هیچ نین.

کێشە لە نێوان چین، مالیزیا، فلیپین و ڤێتنام لە دەریای چینی باشوور لە سەر دەریای هەرێمییان هەیە بەهۆی تێکەڵبوونی دوورگەکانیان و تێکەڵبوونی دەریای هەرێمییان.

بۆ بەکارهێنانی دەربەند و نۆکەندەکان یاسای تایبەت دانراوە لەسەر بنەمای ئاسایش و سەلامەتیی هاتوچۆ ئاوییەکان.
هەموو کەشتییەک دەبێت سەر بە وڵاتێک بێت. 

هەر کەشتییەک ناسنامەی هەر وڵاتێکی هەبێت، یاسای ئەو وڵاتە بەسەریدا جێبەجێ دەبێت کاتێک لە ئاوی نێودەوڵەتیدایە، بەڵام ئەگەر ئەو کەشتییە چووە نێو ئاوی هەرێمیی وڵاتێکی تر جگە لە وڵاتی خۆی، ئەوا یاسای وڵاتی خاوەن ئاوی هەرێمەکە بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت، بۆ نموونە؛ کەشتییەکی هۆڵەندی یاسای هۆڵەندی لەسەر کەشتییەکە دەخوات، خەڵکەکەی دەتوانن حەشیشە بکێشن و گەر منداڵێک لەدایک بوو، ئەوا خاوەنی ناسنامەی هۆڵەندییە، هەر هەمان کەشتی بچێتە ناو ئاوی هەرێمیی ئەمەریکاوە، کێشانی حەشیشە و هەبوونی لەسەر کەشتییەکە قەدەغەیە و ئەو منداڵەی لەو کاتەدا لەدایک دەبێت، ناسنامەی ئەمەریکی دەدرێتێ. 

کەشتیی گەشتیاری زۆر جار سوود لە یاسای وڵاتان وەردەگرن و ناوی کەشتییەکە بە ناوی وڵاتێکەوە تۆمار دەکەن کە یاساکانیان یاریدەدەرن بۆیان، بۆ نموونە؛ قومار و خواردنەوە لە پەنەما یاساییە، بەشێک لەو کەشتییانەی بۆ ئەو مەبەستە بەکار دێن، ناوی خۆیان لە پەنەما تۆمار دەکەن.

بەپێی یاسا، گەر هاتوو هەر کەشتییەک نزیک کەشتییەکی تر بوو کە لە مەترسی نقومبوونی لەسەر بوو، یاخود کەسێک یان چەند کەسێک لە نێو دەریا بوون و ژیانیان لە مەترسیدا بوو، لەسەر ئەو کەشتییەیە بەهانایانەوە بچێت و رزگاریان بکات، بەڵام لەسەر ئەو وڵاتەی خاوەن کەشتی بەهاناوەچوو نییە ئەو کەسانە وەربگرێت، ئەرکیان تەنیا گەیاندنیانە تا کەنارێکی ئارام و نابێت بۆ هەمان بەندەرەکەی لێوەی هاتوون بگەڕێنرێنەوە، گەر ئەو کەسانە بۆ مەبەستی پەناهەندەیی ئەو بەندەرەیان جێهێشتبێت. 


PM:04:22:11/06/2024

ئه‌م بابه‌ته 1224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی