ئەتۆم ئەو چەکەی مرۆڤایەتی تۆقاندووە

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

بەشی دووەم
پڕۆژەی مانهاتن و چۆنیەتی دروستکردنی یەکەم چەکی ئەتۆمی...

ئینگلیزەکان دەستیانپێکردبوو، بەڵام ئەمریکییەکان بە خێرایی هەوڵەکانیان زیادتر کرد و پێش ئینگلیزەکان کەوتنەوە.

ماوەیەکیش بوو لە نێوان ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەبوو، بۆ بەرچاوڕوونی چەندین زانای بەرجەستەی بەریتانیا لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٢ سەردانی ئەمریکایان کردبو ودەستیان بە تەواوی ئەو زانیاریانە گەیشت کە ئەمریکا هەیبوو. ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی هاوتەریب سێ پرۆسەی کەڵەکەکردنیان بەدوای یەکدا پەرە پێدا، هەر ئەم پەرە پێدانەبوو، ئێستە هەڕەشەمان لێدەکات.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٢ سوپای ئەمریکا دەستی بەسەر پەرەپێدانی پرۆسەکەدا گرت،لەوانەش لە دیزاینی ئەندازیاری بگرە تا دابینکردنی کەرەستە و هەڵبژاردنی شوێن بۆ کارگەی تاقیکاری کە ئامانجی ئەو کاتە چوار شێوازی دروستکردنی مادەی دابەشکراو بوو (چونکە هیچ کام لەو چوارە لەو کاتەدا بە ڕوونی دەرنەکەوتبوو کە باڵاتر بن، بەتایبەتی ئاوی قورس) جێگەی سەرنجە ئیتر لەوەودوا زانیارییەکان نەدەچوونە بریتانیا. ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورە بوو بۆ هەردوولایەنی بەریتانی و کەنەدیەکان کە هاوکاری بەرهەمهێنانی ئاوی قورس بوون ولە چەندین لایەنی بەرنامەی توێژینەوەکەدا ڕۆڵیان هەبوو.

دوای چەندین مانگ لە دانوستان، دواجار لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٣ لەلایەن چەرچڵ و سەرۆک ڕۆزڤێڵتەوە لە کیوبیک ڕێککەوتنێک واژۆ کرا، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بەریتانییەکان هەموو ڕاپۆرتەکانیان ڕادەستی ئەمریکییەکان کرد و لە بەرامبەردا کۆپی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە پەرەسەندنەکەیان دایە ژەنەڕاڵ گرۆڤس، تا ئەویش بداتە سەرۆک.

(لێسلی ڕیچارد گرۆڤس جونیۆر (١٧ی ئابی ١٨٩٦ – ١٣ی تەمموزی ١٩٧٠) ئەفسەرێکی فەیلەقی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکا بوو کە سەرپەرشتی دروستکردنی پێنتاگۆنی کرد و پڕۆژەی مانهاتنی بەڕێوەبرد، ئەو پڕۆژە توێژینەوە نهێنییە سەرەکییەی کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا بۆمبی ئەتۆمی پەرەپێدا).

لەوکاتەدا دەرکەوت کە تەواوی بەرنامەکەی ئەمریکا زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری تێدەچێت، هەمووی تەنها بۆ بۆمبەکە، چونکە هیچ کارێک لەسەر بەکارهێنانی دیکەی وزەی ئەتۆمی نەکرابوو.

لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا پێشکەوتنی بەرچاو لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیدا بەدەست هات. کارگەی جیاکردنەوەی ئایزۆتۆپەکانی یۆرانیۆم بە بەکارهێنانی جیاکردنەوەی کارۆموگناتیسی (کالوترۆن) و بڵاوبوونەوەی (گاز)ی دروست دەکرا. تا مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٢، زانایان بە سەرۆکایەتی ئەنریکۆ فێرمی کە فیزیازانێکی ئیتاڵی و ئەمریکی بوو، دواتر بە دروستکردنی یەکەم ڕیاکتۆری ئەتۆمی ناوبانگی دەرکرد، یەکێک بوو لەو فیزیازانە دەگمەنانەی کە لە هەردوو فیزیای تیۆری و فیزیای تاقیکاریدا سەرکەوتوو بوو. فێرمی خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی ١٩٣٨ی پێبەخشرا چونکە کارەکانی لەسەر تیشکدەرەوەی هاندەری بەهۆی نیوتڕۆن و دۆزینەوەی توخمەکانی ترانس یۆرانیۆم بێوێنە بوون.

بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم، ڕیاکتۆرێکی ئەتۆمی گەورە لە ئارگۆن دروستکرا، دواتر ڕیاکتۆری زیادە لە ئۆک ڕیج لە ویلایەتی تێنسی و هانفۆرد لە واشنتۆن دروستکران. دامەزراوەی تایبەت بۆ دەرهێنانی پلۆتۆنیۆم لەم ڕیاکتۆرانە دروستکرا. هەروەها چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورس دامەزران، یەکێکیان لە کەنەدا و سێ وێستگەی ئەمریکا، هەمویان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئەتۆمی بوون.

لەم نێوەندەدا تیمێک بە سەرۆکایەتی جەی ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر ( ٢٢ی نیسانی ١٩٠٤ – ١٨ی شوباتی ١٩٦٧) فیزیازانێکی تیۆری ئەمریکی بووە و وەک بەڕێوەبەری لۆس ئەلامۆسی پڕۆژەی مانهاتن کاری کردووە. زۆرجار بەهۆی ڕۆڵی لە سەرپەرشتیکردنی پەرەپێدانی یەکەم چەکی ئەتۆمیدا بە "باوکی بۆمبی ئەتۆمی" ناودەبرێت.

لە لایەکی دیکەوە لە لۆس ئەلامۆس لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ خەریکی دیزاینکردن و دروستکردنی دوو جۆر بۆمبی ئەتۆمی بوون- یەکێکیان یۆرانیۆم-٢٣٥ و ئەوی دیکەیان پلۆتۆنیۆم-٢٣٩ بەکاردەهێنا.

بە بەشداری زانایانی بەریتانی، هەوڵی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم-٢٣٥ و پلۆتۆنیۆم-٢٣٩ی پیتێنراوی پێویست تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٥ بۆ دروستکردنی ئەم بۆمبانە سەرکەوتوو بوون.



PM:10:15:28/11/2024

ئه‌م بابه‌ته 632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی