ئۆقیانوسی نائومێدی، سەفەری کۆتایی دڵشکاوەکان

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

دەریا، چەندە دڕندەو بێ بەزەیت، چەندە  ئەبەدی و فراوانی هێندەش دڵڕەقی، دەزانی بویتە گۆڕستانی بێ هیواترین و دڵشکاوترین ڕۆحەکانی وشکانی، ئەو ڕۆحانەی دەمێکە نیشتیمانەکانیان ئەوانی فڕێداوە وبە قوڵایی مەرگی تۆی سپاردوون.

دەریا، حەوشە بێ بەزەییەکەی ئیتالیا، لە ژورە لۆکسەکانت جوانترین جل و بەرگ و پێڵاوی بریسکاوە بۆ ئەو پاترۆنانە دروست  دەکەیت کە جەنگەکان دەنێنەوەو لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا کەنارەکانی دەریایی نەوەڕاست خەڵک لە نیشتیمان دەتۆرێنن، و تۆش ژیانی نەژیاوەکانت کورتترکردەوە.

ئایا تۆ لە چیرۆکی ئەو کەسانە تێدەگەیت کە لەناو باوەشی ساردتدا لەناوچوون؟ ئەوانەی کە بە دڵێکی پڕ لە هیوا و دەست و پێی ترساوی لەرزیوەوە، بە دوعا بێدەنگەکانیان بردتنە قوڵایی، گوێت لە دوا هاواری دایکان بووە کە منداڵەکانیان لە باوەشێکی لەرزیوگرتبوو، بێ چارەیی  و نائومێدی باوکانت بینی کە هەوڵی ڕزگارکردنی خێزانەکانیان دەدا؟ دەستلەکارکێشانەوەی بێدەنگی ئەو کەسانەتان بینی چۆن لە بەرامبەر مەرگدا، تەسلیمی شەپۆلە سارد و بێباکانەکانتان بوون، ئەوان 60 ڕۆح بوون لە قوڵایی تۆدا ونبوون لە نێویاندا 35 کەسیان کوردی بێ نیشتیمان بوون. 

یۆنانیەکان باسیان لە پۆسێدۆن دەکرد، ئەو خوداوەندەی کە دەتوانێت ئاوەکان ئارام بکاتەوە یان تووڕەییەکەیان زیاد بکات. ژاپۆنییەکان بە چرپە بە نۆپێرا- بۆیان دەگوت، ڕۆحی بێ ڕووخساری خنکاوەکان.


لە ژیاری دەریادا  ئاگادارکەرەوەکانمان هەیە ئەوانەی بە گۆرانییە وەسوەسەئامێزەکانیان، دەریاوانەکانیان بەرەو قوڵایی مەرگ و ئیغرا ڕادەکێشا.
 
سێلکیەکان دەناسن ئەوانەی کە لە نێوان (وشکانی) و (زەریا)دا پەکیانکەوتووە،  زۆرجار مردنیان هەڵدەبژارد لەبری ژیانێک کە دوور لە شەپۆلەکان بێت. ئەم چیرۆکانە تەنیا ئەفسانە نین، دەنگدانەوەی بارودۆخی مرۆڤن، ململانێی هەمیشەیی نێوان ئومێد ونائومێدین، نێوان ژیان و مردنن.

کۆچبەرەکان نازانن،  ئەوان هەر لە ڕێگەدابوون کە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی ئەوروپا بۆ بەهێزکردنی سنوورەکانی نێوان ئیتاڵیا و یۆنان بابەتێکم بڵاوکردەوە(https://www.facebook.com/share/p/9c1AY3owrYFVCtWm/?mibextid=oFDknk)  ئەگەر مەخزای ڕێکەوتنەکان بزانن، دەزانن کە نەک  گوێی لە هاواری ئێوەی پەنابەر ناگرن،  بەڵکوو لەوانەیە نقومتان بکەن.  

دەریا، چەندە پۆپۆلیست بووی، ئەوە چ هاوپەیمانییەکی بێ شەرمانە بوو لەگەڵ ڕاست ڕەوەکانی ئەوروپاو پارتە گوماناوییەکانی ێۆرۆ زۆن کلکت  لێک گرێد،  نەک بە  گۆڕینی یاسا بەڵکو بەگیان کێشانی کۆچبەرەکان کەوتیێە سەنگەری دژە کۆچبەرەکان.

تۆ ژیانی بێهیواترین ودڵشکاوترینەکانت بردووە.  تۆ ڕۆحی ئەو کەسانەت لێ وەرگرتین کە هیچیان نەبوو بەڵام  ئومێد وبوێریان هەبوو ، بوێری خەون دیتن بە ژیانێکەوە بکەوێتە ئەودیوی ئازارەکانیان،  کەچی تۆ وتت ئێوە لە ئازاز بوون بۆ ئازار ژیاون و لێرەش بە ئازاری نەگەیشتن دەتانکوژم.

دەریا،  ڕووخساری ئەو کەسانەت بینی کە ڕزگار کرابوون، جەلادەکەت بەزەبری سوێریو قامچی شەپۆلەکانت چی لێکردبوون، دەزانن مێژووی ئەشکەنجە خۆی ئەدەبێکە، بەڵام ناگات بە ئەشکەنجەی تۆ  بۆ ئەم مناڵانەی هەرخۆت هەناسەت  بۆ پەخش کردوون.

هەستت بە دوا هەناسەیان کردووە؟ ململانێی کۆتاییانت دەبینی؟ گوێت لە هاوارە بێدەنگەکانیان بوو؟ ئەی دوعا بەرزو نزمەکانیان و لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ بێباکانە، نەگۆڕ، بێ وەستان لە دڕندەیی خۆتدا دەمێنیتەوە.

پێش ئەوەی بیان کوژی لێرە چیرۆکی مەرگی ئەوانم نوسیوەتەوە، نابێت قووڵاییەکانت یادەوەرییەکانیان قووت بدات.
دەریا،  وات کرد زووتر لەوەی لەهەگبەمدابوو پەنا بۆ  شیعرەی شاعیری سۆماڵی-بەریتانی وارسان شێرە ببەم کە دەڵێت، (کەس لە ماڵەوە دەرناچێت مەگەر.. ماڵ دەمی نەهەنگێکە...تۆ تەنها بۆ سنوور ڕادەکەیت...کاتێک دەبینیت هەموو شارەکە بە هەمان شێوە ڕادەکات).

ئەم بڕگەیە ڕەنگدانەوەی ئەو بێهیواییەیە کە خەڵک پاڵدەنێت بۆ دەستپێکردنی گەشتە مەترسیدارەکان بەسەر دەریادا ئەنجام بدەن. بلوز پەنابەران" لە نووسینی.  ئاودن لەگەل نالەباری ژیان و نەبوونی پەناگەیەکی ئارامدا دێتەوە، هەرچەندە ئەم شیعرە کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا نووسراوە، تا ئێستاش ئازارەکانی بێدەرەتانان لە باوەش دەگرێت.

(بڵێن ئەم شارە دە ملیۆن ڕۆحی هەیە...هەندێکیان لە کۆشکەکاندا دەژین، هەندێکیان لە کونەکاندا دەژین... لەگەڵ ئەوەشدا شوێنێک نییە بۆ ئێمە ئازیزم، شوێنێک نییە بۆ ئێمە).

چ نەفرەتێکە هەرگیز ناگەیتە بەندەری دەریا، لە وشکانیش دەگەینە  بەندەری پەپولەی شێرکۆ بێکەس، (لە دڵۆپ، دڵۆپ باران: گوڵ ئەنووسێتەوە ونمەنمەیش چاوانم تۆ!) تا دەگات بە (کوردستان شپرزە و چاو لە ڕێ و هەر ئەڵێ ئاخۆ کەی ئەم خۆرەم دێتەوە؟!) هەرگیز نەگەین بەندەرێک کە تۆراوەکان بەو دیوی ئازارەکان دەسپێرێت،  چیرۆکی هۆڵەندی فڕیو، کەشتییەکی جنۆکەییە کە مەحکومە بۆ هەمیشە بە زەریاکاندا بڕوات، هێمای گەشتە بێکۆتا و بێهیواکانی زۆرێک لە کۆچبەرانە، بەپێی ئەفسانەکە کەشتییەکە نەفرەتی لێکراوە کە هەرگیز نەکاتە بەندەر، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە هەمیشەییەی کە پەنابەران ئەزموونی دەکەن.


AM:09:12:20/06/2024

ئه‌م بابه‌ته 968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی