کۆچ و رۆحی مرۆڤ لە (تێڕامانەکانی خەلیل جبران) دا

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

بەشی 14

زۆرن ئەو نوسەرانەی کە جوان لەسەر کۆچیان نوسیوە، لە هەموویان جوان نوستر لەسەری دوورنیە جبران خەلیل جیبران بێت، لە کتێبی پەیامبەردا پێمان دەڵێت:
منداڵەکانت منداڵی تۆ نین.

ئەوان کوڕ و کچی حەسرەتی ژیانن .  
ئەوان لە (ڕێگە)ی تۆوە دێن بەڵام لە (تۆ)وە نا،  
هەرچەندە لەگەڵتن بەڵام هی تۆ نین.  
لەوانەیە خۆشەویستی خۆتیان پێ بدەیت بەڵام بیرکردنەوەکانت نا،  
چونکە بیرکردنەوەی خۆیان هەیە.  

دەشێت جەستەیان نیشتەجێ بکەیت، بەڵام ڕۆحیان نا، چونکە ڕۆحیان لە ماڵی سبەینێدا نیشتەجێیە، کە تۆ ناتوانی سەردانی بکەیت، تەنانەت لە خەونەکانتدا.  

لەوانەیە هەوڵبدەیت وەک ئەوان بیت، بەڵام هەوڵبدە وەک خۆت نەکەیت.  چونکە ژیان نە پاشەکشە دەکات و لەگەڵ دوێنێشدا دەمێنێتەوە.

رەنگدانەوەکانی خەلیل جبران لەسەر سەفەر و کۆچ وێنایەکی قووڵی جووڵاو و گوفتاری بارودۆخی مرۆڤ دەخەنە ڕوو.  قسەکانی ئەو خەم و حەسرەتانە لەخۆدەگرن کە زۆرجار بۆ خاکەنوێیەکان هاوڕێی گەشتەکەن. ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە قووڵترین دەنگەکان لەسەر بابەتی کۆچکردن.

لە سەر سەفەر دەنوسێت:
شەهوەتی ئاسوودەیی، سۆزەکانی ڕۆح دەکوژێت، و پاشان لە پرسەدا بە پێکەنینەوە دەڕوات. ئێوەی منداڵانی بۆشایی ئاسمان، ئێوەی نائارام لە پشوودان، نابێت نەگیر بخۆیت و نەڕام بکرێت.
  
ماڵەکەت نابێتە (لەنگەر)ی بەڵکو پەڕەکانیەتی.  نابێت نواندنێکی درەوشاوە بێت کە برینێک داپۆشێت، بەڵکو پێڵو بێت وچاو بپارێزێت.  باڵەکانتان دامەگرن بۆ ئەوەی بە دەرگاکاندا بچن، سەرتان نەچەمێنینەوە بۆ ئەوەی بەر سەقفێک نەکەوێت ، نەترسن لە هەناسەدان نەک دیوارەکان درز بەرن و بڕمێن.
  
لەو گۆڕانەدا نیشتەجێ مەبن کە مردووەکان بۆ زیندووەکان دروستیان کردووە. هەرچەندە ماڵەکەت شکۆ وشکۆمەندییە، بەڵام ناتوانێت نهێنییەکەت بەخۆیەوە بگرێت وحەسرەتەکەت فڕێبدات.

چونکە ئەوەی لە ئێوەدا بێ سنوورە، لە کۆشکی ئاسماندا دەمێنێتەوە، کە دەرگاکەی تەمی بەیانییە و پەنجەرەکانی گۆرانی و بێدەنگی شەوانە.

جوبران جەوهەری کۆچکردن بە جوانییەکی قوڵ و ناسکەوەدەگرێتە دەست. حەسرەتی بێکۆتایی وسروشتی بێسنووری ئاواتەکانی مرۆڤ وئەو خەمە سروشتییەی کە لەگەڵ جێهێشتنی ماڵ دەبنە هاوەڵت وێنادەکات، ئەمانە  بابەتگەلێکی گشتگیرن کە بە قووڵی لای جوبران هەستیان پێدەکرێت.

کارەکانی ئەوەمان بیردەخاتەوە، لەکاتێکدا کۆچکردن دەشێت بێتە هۆی دەرفەت و گەشەکردنی نوێ، لەهەمانکاتدا  ختوکەی هەستکردن بە ڕەنجبەخەساری وخەمۆکی  لەگەڵدایە. ئەم دووانەیە واتا فراوانبوونی ئاسۆکان لە پاڵ خەمێکی قووڵدا جەوهەری حیکایەتەکانی کۆچکردنە.

لە کتێبی پەیامبەردا بەڕوونی باسی کۆچ ناکات لێ لەبارەی جێهێشتنی شاری ئۆرفالیس، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی گەشتەکەی وڕەنگدانەوەی خۆیەوە باس لەتەوەری کۆچبەری دەکات. تەوەرە سەرتاسەرییەکانی پەیوەست بوون و جیابوونەوە و ئەزموونی مرۆیی گواستنەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە تەواوی گێڕانەوەکەیدا تواوەتەوە. 

کاتێک پەیامبەر قسە لەگەڵ خەڵکی ئۆرفالیس دەکات، بیر لە بیرۆکەی جێهێشتن و گەڕانەوە دەکاتەوە، کە دەتوانرێت وەک مێتافۆرێک بۆ ئەزموونی کۆچبەران سەیر بکرێت. دان بەو پەیوەندییەدا دەنێت کە لەگەڵ خەڵک و شوێنکەدا دروست بووە، پەیوەندییەکی قووڵ و هەستکردن بە تاڵ و شیرینیەکانی تێدا دەردەبڕێت.

«زۆر پارچەی ڕۆحم بەم شەقامانەدا بڵاوکردۆتەوە وزۆریشن ئەو منداڵانەی پەرۆشیانم کە بە ڕووتی ئەم گردوبانانە تەی دەکەن وناتوانم بێ دەردوناسۆر  لێیان جیاببمەوە»

وتاری ماڵئاوایی پەیامبەر هەست گەلی سوپاسگوزاری و خەم و ئومێدی پێوەیە کە هاوڕێی ئەزموونی کۆچبەرین.  قسە لەسەر حەتمیەتی جوڵە وگۆڕان لە ژیاندا دەکات، پێشی وایە هەموو ڕۆشتنێک گەیشتنێکیشە.

قوڵایی کۆچ و جوڵەو حەسرەتە نەسرەوتوەکانی لەگەڵ دابڕان و گەڕان بەدوای خوددا لای خەلیل جوبڕان دەست دەکەوێت.
بە شێوەیەکی کاریگەر جەوهەری خود و چارەنوسی منداڵەکانمان بۆ دەپشکنێت،  وێناکردنەکانی ئەوەمان بیردەخەنەوە کە هەرچەندە ئێمە پەروەردەیان دەکەین، بەڵام ڕێگای تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ ئەوەی پێیدا بچن.  ئەمەش ئاوێنەی ئەزموونی کۆچبەرییە کە زۆرجار مرۆڤ دەبێت لە ئازیزەکانی داببڕێت، ئەبێت لەوە تێبگەین کە ڕەنگە داهاتوویان لە شوێنێکی جیاوازدا هەڵبدات.

ڕەخنەی جوبران لە (ئاسودە)ییە کە وەک بکوژی سۆزەکانی  ڕۆح دەیبینێت،  ئەو قسە لەسەر ئەزموونی کۆچبەر دەکات کە بەدوای (شت)ێکدا دەگەڕێت لە دەرەوەی ئارامییە.  ئەو نائارامییەی کە باسی دەکات و مافی پێدەدات،  ڕەنگدانەوەی پاڵنەرەکانی کۆچبەرە بۆ تێپەڕاندنی سنورە کۆتکەرەکانی هەنوکەیی، ئەمەش ئەو تێگەیشتنەیە کە  ناڕوونی شوێنە نوێیەکان لە باوەش دەگرێت.

وەسفکردنی ماڵ لەلایەن جوبرانەوە هێجگار مایەیی تێڕامانە، نایەوێت لەنگەربن و بچەقن، دەیەوێت پەڕوباڵ بن و بفڕن. ماڵ شوێنێکی ئیستاتیک نییە بەڵکو چەمکێکی دینامیکییە، لەگەڵ گەشتەکانیاندا پەرەدەستێنێت. 

جوبڕان پێی وایە لە ژینگە نوێیەکاندا پێویستە جێگەی خۆیان بکەنەوە بەڵام نەتوێنەوە، ئەزموونەکانیان ڕەنج و زیرەکی سەرف بکەن بەڵام کەرامەتیان نا، ئەمەیە کە دەڵێت سەرتان نەچەمێننەوە. 

ئەوتامەزرۆییە زۆرەی کۆچبەر بۆ ماڵ هەیەتی، ئەو حەسرەتەی کە هێنده زاڵە،  ماڵە، ماڵ ئەو شتەی هیچ شتێکی دیکەی فیزیکی ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە، بۆیە جوبران بە سروشتی بێکۆتایی ڕۆح و حەسرەتی بێ کۆتایی ناوی دەبات.

لە کۆتایدا، لای نوسەر لەوە دەگەین کە کۆچ تەنها گەشتێکی جەستەیی نییە بەڵکوو ڕۆحیشە، دەرفەتی گەشەو هەڵکەوتەی نوێی دەڕەخسێنێت، لە هەمانکاتدا کۆچبەر هەست بە لەدەستدانی کۆمەڵێک شتیش دەکات،  ئەمەش ئەم دوانەییە کە جوبڕان گشتگیرانە باسی دەکات.


PM:09:17:17/06/2024

ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی