كام غەدر، كام سەركردە؟

‌عەزیز ڕەئووف

هیچ سەركردەیەك غەدر لە خۆی ناكات ئەگەر خۆی غەدر لە خەبات و تێكۆشانی خۆی نەكات. سەركردەكانی باشور خۆیان هەر لەسەرەتاوە ئەوی تر تەسفیە دەكەن و منداڵەورتكەی كاسەلێس بەدەور خۆیاندا دروست دەكەن، ئیدی كە دەمرن دەڵێن غەدریان لە ڕێبازەكەی كرد. بارزانی كە برایم ئەحمەد دەردەكات و منداڵەكانی دەهێنێتە پێشەوە، ئیدی دەبێت چاوەڕێی ئەوە بیت ئەم پیاوە بچوك بكرێتەوە لە یەك خێزاندا.

دوای مام جەلال ئیدی ئەوەی ناوەكەی پاشگری تاڵەبانی پێوە نەبێ كسنجەریش بێ ناتوانێ هاوسەرۆك بێت، خەڵك غەدر لە مام جەلال دەكا یان خۆی كە سەركردە گەندەڵەكان لەدەور خۆی كۆدەكاتەوە و دڵسۆزەكان ڕاو دەنێت؟ ئیدی دوای مەرگی ئەم پیاوە گەندەڵەكانیش ناتوانن ببن بە برا گەورە، بۆیە دەبێ بەدوای بۆنی مام جەلالدا بگەڕێی ئەم بۆنەش لە كوڕ و برازاكانیدا دەبیننەوە.

كێ غەدر لە نەوشیروان مستەفا دەكا؟ كوڕەكانی یان ئەو گەنجانەی كە لە گردەكە ڕاونران؟ پیر و پەككەوتەكانی دەوری یان یان قادر و عوسمانەكانی پارتیزانی ئەنفال؟ بۆ نەوشیروان مستەفا نەیدەزانی دەوروبەری كێیە؟ پێش مردنی نەیدەتوانی دوو گەنج پەروەردە بكا بۆ ئەوەی كەس غەدری لێ نەكا؟ ئەوەی غەدر لەم پیاوە دەكا هەر خۆی بوو كە گردەكەی پڕ كرد لە دەنگەدەنگ و بەتاڵ لە فكری سیاسی و دواجاریش چونە ناو حكومەت و دوای مردنیشی بە تەوریسكردنی گۆڕان بۆ كوڕەكانی.

كەس غەدر لە سەركردەكانی باشور ناكا خۆیان و منداڵەكانیان نەبێ، كەس غەدر لە سەركردەكان ناكا، بەڵكو هەر خۆیان غەدر لە مێژووی خۆیان دەكەن و بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان تا لە ژیاندان بەتاڵ و كۆیلەكان لەدەوری خۆیان كۆدەكەنەوە، كە مردیشن كەس شك نابەن تەنانەت ئەو مێژووە ناشرینەشیان بنوسێتەوە.

ئەوەی غەدر لە سەركردەكانی باشور دەكا، خۆیان و كوڕ و كۆیلەكانیانن نەك كەسی تر.


AM:09:35:24/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی