پێغەمبەر نازدارە

‌عەزیز ڕەئووف


دیوێكی ئاینی ئیسلام و سەرهەڵدانی لە دورگەی عەرەبیدا، بەر لە هەرشت سەرهەڵدانی ئاینێكە دژ بە ستەم و ناعەدالەتی، دژ بە بتەكان و ئەوانەی تەنها بۆ ورگیان دەژین، بەڵام لە ئێستادا ئەم ئایینە فۆرمێكە شوێنكەوتووانی تەنها وەك یادەوەرییەك دەیهێڵنەوە بەبێ ئەوەی بیكەنە بوونێك بۆ گیانی بەرەنگاری و دژ بە ستەم و ستەمكاران.

هیچ كات بارتەقای ئێستا ئایین لەسەر شانۆی ئێمە نەبووە، هیچ كات بارتەقای ئێستای كۆمەڵگەی ئێمە بینای مزگەوت زۆر نەبووە و ژمارەی پیاوانی ئایینی بێشومار نەبوون، كەچی هیچ كاتیش وەك ئیستا، موسوڵمانی كوردی دەستەوەستان و داماو نەبووە بەدەست كۆمەڵە بەرپرسێكی موسوڵمانی كوردی سونییەوە كە هەركات بە فۆرم و دەم و چاو و وێنەی ترەوە دێنەوە سەر شانۆی سیاسی.

پێغەمبەر نازدارە، ئەگەر یادی لەدایكبوونی ببێتە هۆكارێك بۆ یاخیبوون و دژە ستەمكاری، پێغەمبەر نازدارە و پێویستی بە شیرینی نیە، ئەوەندەی پێویستی بە گیانی یاخیبوون و نوێبوونەوە و تێفكرین و وەستان لەسەر برینەكان هەیە.

ئیستا ڕێبازەكەی پێغەمبەر پڕە لە مرۆڤی تەمەڵ و سەركز و چەقبەستوو چاویان لەوەیە لە دوورگەی عەرەبی و هەزار و چوارسەد ساڵ مرۆڤ چۆن ژیانی كردووە نەك لەم عەسرەدا خۆی و دەوروبەری لەنێو چیاكاندا چۆن گیرۆدەی دۆخێكی نائارام و لێوانلێو لە ناعەدالەتی و ستەمكاری بۆتەوە. بەو قورعانەی سوێند دەخۆم هەرگیز ئەبو هورەیرە و ئەوبو سوفیان و كێ و كێ بارتەقای سەركردەكانی ئێمە ستەمكار نەبوون كە خودا پێغەمبەری بۆ ناردن.

ئێستا ڕێبازەكەی پێغەمبەر هەزاران مەلای نامەلای تێدایە كە ئەوەندەی خەریكی ژنی دووەم وسێیەمن ئەوەنە خەمی ئەو هەموو گەنجەیان نیە كە بەدوایانەوە نوێژ دەكەن. بە سەدان مەلام بینی لە هۆڵێكدا چەپڵەیان بۆ سەركردەیەك لێدەدا كە بووەتە سەبەبكاری برسیكردنی موسوڵمانانی كورد. كەچی ئێستا كۆڵانەكانی پایتەخت پڕ دەكەن لە شیرینی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر، كە دوو سەعاتیش بۆ مافی خۆیان و منداڵەكانیان بهاتنایەتە سەر شەقام، بێ هیچ دوودڵییەك ئێستا دنیای ئێمە جونتر دەبوو.
پێغەمبەر نازدارە، بەڵام ئەو قورعانەی بتگرێ مەلای كورد.


PM:10:26:30/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 6503 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی