ئەم گاڵتەجاڕییە ڕاگرن، بیگفوتەكان لێرەن

‌عەزیز ڕەئووف


ئەوەی ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردیدا دەگوزەرێت دروست دەركەوتەی ئەو دۆخە سیاسی و كۆمەڵایەتیەیە كە سەركردە و میدیا و حكومەتی لەم شێوەیە بەرهەم دەهێنێت. هەر كۆمەڵگەیەك بۆ توزقاڵێك بیر بكاتەوە قبوڵی ئەم هەموو بێحورمەتیە ناكات كە لە كۆمەڵگەی كوریدا دەگوزەرێت. ئێستا كۆمەڵگەی كوردی لە خراپترین دۆخی بەتاڵی و خورافی خۆیدا دەژێت.

بیست و چوار ساڵی ڕابردوو ئەو زەمەنەیە كە ئینسانی ئەم كۆمەڵگەیە لەلایەن حزب و دەسەڵاتەوە بە دەعبا و دێو و درنج و بە بیگفوت دەكرێت.

لە كوێ بەدوای بیگفوتدا دەگەڕێن؟ بێگفوت ڕێك لێرەن. ئەوەتا لەناو دەزگاكاندا، ئەوەتا لە حكومەت و سەرۆكایەتی ئەم هەرێمە. بیگفوت دروست لێرەن، ئەوەتا لەبەرگی ئەو مەلایەدا ئامادە نیە لەگەڵ ژن گفتوگۆ بكات، لە كەوڵی ئەو دكتۆرەدا بەناوی دینەوە بێحورمەتی بە هەموو كورد دەكات. بیگفوتی داماو لەكوێیە؟ ئەوەتا لە بەرگی ئەو گەنجە قژبریقەدار و كابۆلەبەرەدایە كە دەستی منداڵێك دەگرێت و لە مزگەوتێكی پایتەختی هەرێمدا لاقەی دەكات. بیگفوتەكان ئەوەتا لێرەن، بەقات و بۆینباخەوە دزی دەكەن و نەوت دەفرۆشن. ئەم بیگفوتە بەتەنها هەر خۆی نیە، لەشكرێك لە خێڵ و عەشیرەت و كۆیلە ی دروست كردووە زیاد لە شاشەیەكی هەیە و هەموو هەولێك دەكات كە لەسەر پای خۆی بوەستێت و شوێنپێشی دەرنەكەوێت. ئەگەر بیگفوت نیشتیمانی نەبێت، ئەم بیگفوتانەی لای ئێمە نیشتیمانێكیان لەسەر خۆیان و حزب و منداڵەكانیان تاپۆ كردووە.

میدیای كوردی لە ئێستادا بەدەست بیگفوتەكانەوە گیری خواردووە. میدیای كوردی لە ئێستادا دروست تەمسیلی ئەو عەقڵە سیاسیە خاڵی و بێباكە دەكات كە بۆ ئەوەی فۆكەس لەسەر خۆی لا ببات، شاشەكان پڕ دەكات لە دێو و درنج و بیگفوت و مەلای میزخۆر و ئەو گەنجە نەشارەزا و نەخوێندەوارانەی كە لە ئێستاوە ئامادەیان دەكەن بۆ هەڵبژاردنی دووهەزار و حەڤدە.

ئەگەر بیگفوت هەر خۆی بێت و لەناو سروشتدابێت و لە تاریكیدا بژێت وەك ئەوەی شەرم لە شارستانیەت بكات، ئەوا بیگفوتەكانی لای ئێمە ئەو مرۆڤە خێڵەكی و خاڵی و بەتاڵانەن لە شاشەكانەوە لەم دۆخە نائارام و نەبوونی ئابووری و داهاتی تاكەكانی خەڵكدا، خەریكی گەوجاندنی خەڵكن. تەلەفزیۆنیان پڕ كردوە لە نەعرەتە و قیڕەقێر و خاڵی لە هەر هەوڵێك بۆ دیبەت و گفتوگۆی عەقڵانی، لەولاشەوە بۆئەوەی بیر لە ئەم بیگفوتە تەڕپۆشانە نەكەینەوە، لە شاشەكانەوە تارمایی و شوێنپێی بیگفوتمان بیشان دەدەن و خەڵكی نەخوێندەوار و خاڵی كە تاكە سەقافەتی بریتیە لە شاشە، بەم جۆرە لە تارمایی بڕوا دەكات و خەونی بیگفوتە دەسەڵاتدارەكان لە گەوجاندن و بێحورمەتكردن و سەركرزكردن، بەدی دەهێنن و كۆمەڵگە لە بیگفوتێكەوە بە بیگفوتێكی ڕاستەقینەی سەر شاشە و كورسی ئاشنامان دەكەن.

بەدوای بیگفوتدا مەگەڕێن، بیگفوتەكان لێرەن. لەتەنیشت هەموومانەوە.


PM:09:49:28/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 5475 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی