نه‌گه‌ڕایه‌وه؟
عەزیز ڕەئووف
كه‌س توانای ده‌ستكاریكردنی ژیانی تۆی نییه. ئه‌وه خۆتی ده‌توانیت ژیانی خۆت و قبوڵكردن و ڕازیبوونت به به‌شی خۆت دیاری بكه‌یت. ڕۆیشتن و هاتنه‌وه‌ی هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك و گه‌ڕانه‌وه‌ی هیچ فیگه‌رێكی سیاسی ناتوانێت سانتیمه‌ترێك له ژیانی خۆت بگۆڕێت ئه‌گه‌ر خۆت ئاماده نه‌كردبێت بۆ ماڵئاواییكردن له دۆخێكی دیاریكراو كه قبوڵت نییه.
زۆر بوون ئه‌وانه‌ی كه ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه، زۆر بوون ئه‌وانه‌ی له‌ژیانتدا چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌ت لێیان هه‌بوو، دواجار ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕایه‌وه خۆشبه‌ختی بوو، ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕایه‌وه و ڕۆیشت ئه‌و مژدانه‌بوو كه ماوه‌یه‌كی زۆر له‌لێوی سه‌ركرده‌كانه‌وه ده‌بارین و تۆش خه‌ونی ئاڵتونیت پێیانه‌وه ده‌بینی.
ساموێل بێكێت له " له‌چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا" دا ده‌ڵێت: Nothing to be done، هیچ ڕوو نادات. به‌ڵێ دڵنیابه ئه‌گه‌ر تۆ ته‌نها له چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌سێكدا بیت نه كه‌س دێت و نه هیچ ڕوو ده‌دات.
مرۆڤی بچوك چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه كه‌سێك ده‌ستی بگرێت، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه كه‌سێك ده‌ستی بگرێت ده‌بێت هه‌میشه له چاوه‌ڕوانیدا بمێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی له چاوه‌ڕوانیدا مایه‌وه هه‌میشه ته‌ماشای ڕووناكیه‌كی دوور ده‌كات كه بێت و ده‌وروبه‌ری ڕووناك بكاته‌وه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌توانێت ڕووناكی بێنێت ده‌سته‌كانی خۆیه‌تی نه‌ك ده‌ستی كه‌سێكی تر.
كه‌س ناتوانێت ڕێگربێت له كۆیله‌بوونت ئه‌گه‌ر خۆت له‌و عه‌قڵه خورافیه قوتار نه‌كه‌ی كه كه‌سێك ڕێبه‌ریت بكات، ئه‌وه خۆتی قه‌فه‌زێكی وه‌همیت بۆخۆت دروت كردووه و چاوه‌ڕێی كه‌سێك بێت به ته‌ورێكه‌وه ڕزگارت بكات و قه‌فه‌زه‌كه‌ت بشكێنێت.
ڕه‌یان هۆڵیدای له كتێبی باوه‌ڕم پێ بكه، من درۆ ده‌كه‌م Trust me I am lying، له‌سه‌ر ئه‌م درۆی ئۆرگانیزه‌كراوه ده‌دوێت، درۆیه‌ك كه هه‌میشه گوێمان لێ ده‌بێت و خۆمان به‌خۆمان ده‌ڵێین ئه‌ی ئه‌گه‌ر ڕاست بوو. تۆ خۆت له‌مێژه باوه‌ڕ به درۆ ده‌كه‌ی، كه‌س ناتوانێت ڕاستیت بۆ داگرێت ئه‌گه‌ر خۆت باوه‌ڕت به درۆ كردبێت و گوێچكه‌ت زۆر به ئاسایی دروشمه درۆینه‌كانی پێدا تێپه‌ڕیبێت.
ماوه‌یه‌كی زۆر كاتت كوشت به‌دیار قیڕه‌قیری ئه‌وانی تره‌وه، كه‌چی نه هوشیار بویته‌وه و نه به ده‌نگه‌ده‌نگ دنیای تۆ ده‌سكاری كرا. ماوه‌یه‌كی زۆر نوستی چونكه پێت وابوو كه‌سانی تر دێن به‌هه‌شتت بۆ ده‌هێنن.
ده‌بێ ئه‌وه بزانیت، به‌ته‌نها خۆت ڕزگاركه‌ری خۆتی، ئه‌وانی تر زۆر له‌وه بچوكترن ڕزگارت بكه‌ن. تۆی مرۆڤ كاتێك ده‌توانیت له قه‌فه‌زی ناخی خۆت ڕزگارت بێت، كه پشت به خۆت به‌ستی نه‌ك ئه‌وی تر، چ حیكمه‌تێكی تێدایه كه‌سێك بێت و پێشه‌وایه‌تیت بكات؟ له كێ جیاوازی كه هه‌موو به‌دوای فریادره‌سێكدا بگه‌ڕێن؟ ئیتر من نازانم جیاوازییه‌كان له چی دان كه هه‌ر گروپه و پێشه‌وایه‌تیه‌كی هه‌بێت ؟ ئه‌سڵه‌ن كه‌سێك له‌جیاتی تۆ بیر بكاته‌وه، له‌جیاتی تۆ پێشه‌وایه‌تی بكات، تۆ زیاده‌یت و به‌خۆت نازانیت.
نه‌كه‌س ڕۆیشتووه و نه كه‌س ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه خۆتی ده‌توانی ژیانی خۆت ده‌سكاری بكه‌ی نه‌ك ئه‌وی تر.
PM:09:41:29/04/2017
ئه‌م بابه‌ته 8294
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی