مۆدێلێکی نوێی وازهێنان و بازرگانیی سیاسی
کنێر عەبدوڵا
لە سیستەمە دیموکراتییە
دامەزراوەکاندا (وەک یاساکانی ڕێگریکردن لە هەڵگەڕانەوەی سیاسی و بەربەستە یاساییەکان
لە پەرلەمانە پێشکەوتووەکاندا)، کورسیی پەرلەمان موڵکی تایبەتیی کەسەکان نییە، بەڵکو
ئەمانەتێکە لەلایەن دەنگدەرانەوە لەسەر بنەمای بەرنامە و ناسنامەی حیزبێک بەخشراوە.
لەو سیستەمانەدا، بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە دەنگی خەڵکەوە، یاسای توند هەن
کە بە ڕوونی دەڵێن: «هەر پەرلەمانتارێک واز لە حیزبەکەی بهێنێت یان پێچەوانەی
ئاراستەی سیاسیی لیستەکەی دەنگ بدات، دەستبەجێ متمانەی پەرلەمانتاریی لەدەستدەدات
و کورسییەکەی کۆتایی پێدێت.»
بەداخەوە، کاتێک سەیری
واقع و ئەزموونی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان دەکەین، دەبینین ئەم دیاردەیە پێچەوانەبۆتەوە
و مۆدێلێکی نوێی وازهێنان سەریهەڵداوە. لێرەدا کاتێک پەرلەمانتارێک لەسەر ناسنامە
و دەنگی لایەنێک دەبێتە خاوەن کورسی، دوای بەدەستهێنانی ئیمتیازات و کورسییەکە، بە
ئارەزووی خۆی جیا دەبێتەوە یان دەست لە حیزبەکەی دەکێشێتەوە.
ئەمە بۆتە دیاردەیەکی
نامۆ و دژەواقعێکی روون؛ پەرلەمانتار لە ژێر پەردەی سەربەخۆبووندا خۆی ناساندووە،
کەچی لە ناوەڕۆکدا ئەمە نە بۆ هەڵوێستی ویژدانییە و نە بۆ جیاوازیی ئایدیۆلۆژی، بەڵکو
تەنها بازارێکی ئازادی سەوداوپاشگەزبوونەوەیە تا لە هاوکێشە ڕێککەوتنکارییەکاندا
نرخی خۆیان بەرز بکەنەوە. کاتێک پەرلەمانتارێک بە دەنگی هەزاران لایەنگر و کادری حیزبێک
دەگاتە پەرلەمان و دواتر کورسییەکە دەکاتە موڵکی کەسی خۆی، بە کردەیی هاوسەنگیی هێزەکانی
ناو پەرلەمان تێکدەدات و دەستبڕینی ڕاستەوخۆ لە هۆشیاریی دەنگدەر دەکات. تاکە
کاردانەوەی حیزبیش لەبەرامبەردا تەنها ئەوەیە کە لە ئەندامێتی لایدەدات؛ بەڵام پرسیاری
سەرەکی و بێوەڵام ئەوەیە: ئەی چارەنووسی ئەو کورسییە پەرلەمانییەی کە بە پلەی یەکەم
بەهۆی دەنگدەران و ڕێکخستنی ئەو حیزبەوە بەدەستهاتووە چی لێدێت؟
کاتێک یاسایەک نەبێت
بەر بەم هەڵگەڕانە سیاسییانە بگرێت، ئەم کەلێنە یاساییە دەبێتە هۆی دروستبوونی نامۆبوونی
سیاسی لە کۆمەڵگەدا؛ واتە هاووڵاتی و دەنگدەر بێهیوا دەبێت لە سندوقەکانی دەنگدان
و پرسیار دەکات: "چ سودێکی هەیە دەنگ بە لیستێک بدەم، کاتێک سبەینێ پەرلەمانتارەکەی
کورسییەکەم دەبات بۆ بەرژەوەندیی کەسی خۆی؟" ئەگەر یاسا سزای کڕین و فروشتنی
دەنگ لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بدات، چۆن ڕێگە دەدات هەمان بازرگانی لە ناو هۆڵی پەرلەماندا
بە ڕۆژی ڕوون و بە ناوی سەربەخۆیییەوە ئەنجام بدرێت؟ پرۆسەی دیموکراسی بەم شێوازە
ناوەڕۆکی خۆی لەدەستدەدات و کورسیی پەرلەمان لە بری ئامرازێک بۆ خزمەتی گەل، دەبێتە
کەرەستەیەک بۆ سەوداو مامەڵەی کەسی. کەواتە پەرلەمانی کوردستان کەلێنێکی یاسایی گەورەی
تێدایە؛ لەبری ئەوەی یاسای دژە هەڵگەڕانەوە هەبێت، یاسا ڕێگەیداوە تاک کورسییەکە لەگەڵ
خۆی ببات، ئەمەش پاداشتکردنی سەرپێچیی ئەخلاقیی سیاسییە.
کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمان
و یاسادانەرانی هەرێمی کوردستان هەڵوەستەی جدی بکەن و سنوورێک بۆ ئەم فیڵە سیاسییە
دابنێن، و یاسایەک هەبێت کە بیسەلمێنێت کورسیی پەرلەمان موڵکی تاک نییە، بەڵکو موڵکی
دەنگدەرە؛ هەر کاتێکیش پەرلەمانتار لە ڕێبازی ئەو حیزبەی لەسەر لیستەکەی دەرچووە
لادا یان وازیهێنا، دەستبەجێ کورسییەکەی لەدەستبدات و بۆ لیستەکە بگەڕێنرێتەوە، تەنها
بەم جۆرە دەتوانرێت شکۆ بۆ پەرلەمان و متمانە بۆ پرۆسەی دیموکراسی بگەڕێنرێتەوە، و
ڕێگە نەدرێت دەنگی هاووڵاتییان بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەتەکان.
PM:10:55:04/11/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی